ژنان داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن
ماڵی ژنان لە تل تەمر لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکات.
تل تەمر
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩ەوە لە زیندانی ئیمرالی لە بارودۆخێکی سەختدا زیندانی کراوە، ماڵی ژنان لە شاری تل تەمر لە کانتۆنی جزیرە لە بەردەم ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان بۆ ئازادیی جەستەیی ڕابەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لێدوانێکی دا.
هەدلا یونس، بەڕێوەبەری ماڵی ژنان بە زمانی عەرەبی ڕاگەیەندراوەکەی خوێندەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بە توندی ئیدانەی ئەو گۆشەگیرییە سەختە دەکەین کە بەسەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالاندا سەپێندراوە و هەموو جۆرە ستەم و پێشێلکردنی مافە مرۆیی و یاساییەکانی ڕەتدەکەینەوە، لە خاکی ئاشتیەوە پەیامی خۆمان بۆ ڕێبەری ئاشتی دەنێرین، پێمانوایە ئەگەر جەستەش زیندانی بکرێت، ناتوانرێت بیری ئازاد سنووردار بکرێت یان لە پشت مێزی دادگا بمێنێتەوە.
دەنگی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دیواری زیندانەکانی بڕیوە و بەربەستەکانی گۆشەگیری شکاندووە. بە بیر و فەلسەفەی خۆی هەڵگری بەهاکانی ئازادی و دیموکراسی و ئاشتی بووە و گەیشتووەتە هەموو گەلانی جیهان. خەباتی ئەو سەلماندی کە زیندانەکان ڕووناکی ڕاستی ناکوژێننەوە، بەڵکو دەیگۆڕن بۆ قوتابخانەی بەرخۆدان و ناوەندی ڕۆشنگەری بۆ تێگەیشتن و داڕشتن و دابینکردنی ئازادی بۆ هەموو مرۆڤایەتی.
سەرکەوتنی پرۆسەکە بە ئازادی فیزیکی ڕێبەر ئۆجالان مسۆگەرە
ئێمەی ژنانی ڕۆژئاوا هێزی ئیرادە و سەبر لە بیری ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان وەردەگرین. ئێمە دووپاتی دەکەینەوە کە خەباتی ژنان بۆ ئازادی و دادپەروەری لە فەلسەفەکەیدا بناغەیەکی تۆکمەی بۆ ڕزگاری و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و ڕەوشتی دۆزیوەتەوە. لەم ڕوانگەیەوە ئێمە بە ڕوونی و بێ دوو دڵی داوای ئازادی جەستەیی ئەو و هەڵگرتنی گۆشەگیری دەکەین، ئەمەش دەبێتە هۆی کردنەوەی پەنجەرەیەکی دەرفەت بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەی ئاشتی ڕاستەقینە و دادپەروەرانە.
ئێمە ناوەستین
لەم چوارچێوەیەشدا دڵنیاتان دەکەینەوە کە هەنگاو نانێین بۆ دواوە، ناوەستین تا ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە دەرەوەی زیندانی ئیمرالی بە ئازادی دەبینین، دەستبەندەکان شکێندراون و دیواری گۆشەگیری ڕووخێندراون. بۆ ئەوەی ئاشتی بۆ ڕێبەری ئاشتی بەردەست بێت و ئاسۆیەکی نوێ بۆ چارەسەری و دیالۆگ بکرێتەوە، خزمەت بە گەلانی ناوچەکە و هەموو مرۆڤایەتی بکات.