ژنان بانگەوازێکی هاوبەشیان بۆ ژنانی عەلەوی کرد

ئیبتیسام حوسێن، وتەبێژی کۆنگرەی ستار لە قامیشلۆ، سەبارەت بە هەڵمەتی یارمەتیدانی ژنانی عەلەوی وتی: وەک ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان پشتیوانی هەموو ژنان دەکەین، داوا لە هەموو ژنان دەکەین پاڵپشتی ژنانی عەلەوی بکەن و مافەکانیان بپارێزن.

زەینەب عیسا

 

قامیشلۆ- پلاتفۆرمی چالاکی هاوبەشی تەڤگەرو ڕێکخراوەکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەڵمەتێکی بۆ پشتیوانی لە ژنانی عەلەوی لە کەنارەکانی سووریا بە دروشمی "یەکگرتوویی ژنانی سووریا بنەمایە بۆ ڕاگرتنی کۆمەڵکوژییەکانی دژی ژنان" دەستپێکرد، ئەم هەڵمەتە پشتیوانی ئەو ژنانە دەکات کە لە کەناراوەکانی سووریا تووشی پێشێلکاری و کۆمەڵکوژی دەبن، ئیبتیسام حوسێن، وتەبێژی کۆنگرەی ستار لە کانتۆنی قامیشلۆ سەبارەت بە هەڵمەتەکە قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد.

 

'هەموو جۆرەکانی ئەشکەنجە و توندوتیژی لە دژیان بەکارهێنران'

ئیبتیسام حوسێن باسی لە دۆخی پێش ڕووخاندنی رژێمی ئەسەد کرد و وتی: زیاتر لە ٥٠ ساڵ دەوڵەتی سووریا بە هەموو پێکهاتە و نەتەوەکانییەوە لەژێر سیستمی بەعسی و بە پشتگوێخستنی ئەو گەلانەی لەو جوگرافیایەدا دەژین، بەڕێوەدەبرا، سووریاش وەک هەموو وڵاتە عەرەبییەکان ١٤ ساڵ لەمەوبەر لە دژی ئەو سیستمە حوکمڕانییەی کە بەسەریاندا دەسەپێندرا، شۆڕشی خۆی دەستپێکرد، هەموو جۆرە ئەشکەنجە و توندوتیژییەک بەسەریاندا دەسەپێندرا و ئەم گەلە گەیشتە ئاستێک کە پێویست بوو لە دژی ئەم سیستمە جینۆسایدانەی کە بەسەریاندا سەپێندرا، ڕاپەڕین. دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە ٨ی کانوونی دووەمدا، چاوەڕوانی و هیوای ئەم گەلە بەهێزتر بوو، هیوای دەربازبوون لەم سیستمە و بونیادنانی سووریایەکی نوێ و ڕەنگاوڕەنگ و دیموکراسی و لامەرکەزی. بەڵام بەداخەوە دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی جیهادی هەتەشە لە سووریا بینیمان ئەو سیستمە، واتە ئەو سیاسەتانەی جێبەجێی دەکات، درێژەپێدەری بەعسە، لە کۆنفرانسەکەدا کە بەناوی ئاشتیەوە بەڕێوەچوو، ئەو کەسانەی کە درێژەپێدەری چەتەکانی داعش بوون، بکوژی هەڤرین خەڵەف و دەستدرێژیکارەکان بوون، پاشان دەستوورێکی نوێ بۆ سووریا دروستکرا و ڕاگەیەندرا.

 

"مافی ژنان لە دەستووری نوێی سووریادا پشتگوێ خراوە"

ئیبتیسام حوسێن سەرنجی بۆ پشتگوێخستنی مافەکانی ژنان لە دەستووری نوێی هەتەشە ڕاکێشا و وتی: هەموومان بینیمان لەو دەستوورەی هەتەشە، بێبایەخکردنێک هەیە بۆ ژنان، گەلان، خەڵک، باوەڕ و پێکهاتەکان کە لە سووریا دەژین، زۆر هەڵوێست و کاردانەوە لە پێناو ئەمەدا سەریهەڵدا، بەڵام بە ئازارترین شت کە هەمووانی تووشی شۆک کرد ئەو کارە نامرۆڤانە بوو کە سەرکردایەتی جیهادی هەتەشە ئەنجامیاندا. کۆمەڵکوژی لە کەناراوەکانی سووریا لە شارەکانی وەک لازقیە، تەرتوس، جەبەلیا و بانیاس کە عەلەوییەکان تێیدا دەژین، دەبینین ماوەیەکە جینۆساید و وێرانکاری بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت، بە تایبەتی ژنان و منداڵان دەکاتە ئامانج.

 

"ئێمە هەڵمەتێکی پشتیوانی بۆ ژنانی عەلەوی دەستپێدەکەین"

ئیبتیسام حوسێن هەڵمەتی پشتیوانی بۆ ژنانی عەلەوی بە هاوکاری پلاتفۆرمی چالاکی هاوبەشی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیاند و وتی: ئێمە وەک تەڤگەرێکی ژنان لە پلاتفۆرمی چالاکییە هاوبەشەکانیشدا کۆبووینەوە، هاوکاریمان بۆ کەناراوەکانی سووریا نارد، لە لایەکی دیکەشەوە چالاکییەکانمان بۆ پشتیوانی لە ژنانی عەلەوی ئەنجامدا، ئێستا، کەمپینێک لە شاری قامیشلۆ دەستیپێکردووە بە ناوی پلاتفۆرمی چالاکی هاوبەشی ژنان هەڵمەتی پشتیوانی لە ژنانی عەلەوی لە٢ی ئادار تا ٢٩ی ئادار بەردەوام دەبێت.

 

"پێویستە هەموو ژنان پشتیوانی ژنانی عەلەوی بکەن"

ئیبتیسام حوسێن ڕایگەیاند کە وەک تەڤگەرو ڕێکخراوێکی ژنان هەمیشە لە ناوەڕاستی خەباتدا دەبن و چاویان لە ڕاستییەکان داناخەن وتی: ئێمە وەک ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان تەنها پشتیوانی ژنانی عەلەوی ناکەین، پاڵپشتی هەموو ژنان دەکەین، ژنانی سوەیدا داوا لە ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن، داوا لە هەموو ژنان دەکەین پشتیوانی ژنانی عەلەوی بکەن و مافەکانیان بپارێزن.