ژنان بە وتنەوەی "ئەم سیستەمە دەگۆڕێن" دەڕژێنە گۆڕەپانەکان

حەسرەت ئالپ، چالاکوانی تەژەئا ڕایگەیاند، کە ٨ی ئادار ئەمساڵ بەهێزتر و ڕێکخراوتر دەبێت لە ساڵانی ڕابردوو، "ژنان ئەم سیستەمە دەگۆڕن ئێمە وەک ژنان بۆ سیستەمێکی دیموکراتی و ئازاد و یەکسان تێدەکۆشین لە ٨ی ئاداردا، بەم هیوایەوە بەردەوام دەبین".

 

مەدینە مەمەدئۆغڵو

ئامەد- ژنان بە پێشەنگایەتیی تەژەئا بە دروشمی "کاتی ئازادی ژنانە" لە ٨ی ئاداردا ئامادەکاری بۆ ڕۆژی جیهانی ژنان دەکەن، بەرنامەکان لە ناوچەی کەربۆرانی سەر بە ماردین دەستپێدەکات کە شاری غەریبە گیزەرە، لە زینداندا گیانی لەدەستدا، ژنان لە ٥ شاردا گردبونەوەیەکی سەرتاسەری ئەنجامدەدەن و بە وتنەوەی دروشمی "ژنان ئەم سیستمە دەگۆڕن" دەڕژێنە گۆڕەپانەکان.

 

"ئەمساڵ بەهێزتر دەبین"

حەسرەت ئالپ، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە و چالاکوانی تەڤگەری ژنانی ئازاد-تەژەئا، سەبارەت بە دەستپێکی چالاکییەکان کە لە ٢٥ شوباتەوە لە ماردین و ئیزمیرەوە دەستپێدەکات، وتی بۆ یادی غەریبە گیزەر و دەنیز پۆیراز سەرەتای چالاکییەکانی ٨ی ئادار لەو شارانەوە دەبێت، "وەک ئەو ژنانەی کە لە دژی هەموو هێرشەکان خەباتێکی بەهێزی ژنان بەڕێوەدەبەن، ئەمساڵ وەک هەموو ساڵێک لە گۆڕەپاندا دەبین، هۆکاری دەستپێکی چالاکییەکان لە کەربۆران و ئیزمیر کۆمەڵکوژی ژنانی کوردە، لە دژی ئەو کۆمەڵکوژیانە و کۆمەڵکوژی ژنان لە کوردستان تۆڕی تێکۆشانمان فراوان دەکەین.

 

"بە خۆڕێکخستن هێرشەکان پوچەڵدەکەینەوە"

حەسرەت ئالپ ئاماژەی بەوەدا کە ئاهەنگەکانی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بەهێزتر و ڕێکخستووتر دەبێت، ئامانجیشیان بەرەنگاربوونەوەی تێڕوانینی ستەمە لە دژی ژنان بەو هێزەی کە لە گۆڕەپانەکاندا پیشانی دەدەن، "مەبەستمانە هەموو ژنانی کرێکار، سیاسەتمەدار یان خوێنەر لە هەموو کایەکانی ژیاندا کۆبکەینەوە، ئێمە لە دژی ئەم سیستەمە فاشیستە دەوەستینەوە، یەکێک لە هۆکارەکانی خەباتمان پوچەڵکردنەوەی ئەو هێرشانەیە کە ئێستا دەکرێتە سەر ژنان و دروستکردنی هەڵوێستێکی بەهێزی ژنان لە دژی ئەو هێرشانە ئامانجی سەرەکیی ئێمەیە".

 

ت.پ