ژنان بە کاری هونەری خۆیان بۆ نەورۆز ئامادە دەکەن
گونەی مستەفا، ئەندامی تەڤگەری هیلالی زێڕین ڕایگەیاند، دەیانەوێت ئاگری نەورۆز بەکاربهێنن بۆ تێپەڕاندنی ئەو سەختییانەی ڕووبەڕووی کورد دەبنەوە، هەروەها پشکی ئاگری نەورۆز بەکاربهێنن بۆ ڕاپەڕین بەرامبەر هەموو هێرش و سەختییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی خەبات.

زەینەب عیسا
قامیشلۆ – نەورۆز بە واتای ڕۆژی ئازادی و سەرکەوتنە بۆ گەلی کورد، نەورۆزی ئەمساڵ لە سەرانسەری کوردستان بە بانگەوازی مێژوویی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ "پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک" پێشوازی لێدەکرێت.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی نەورۆز، گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامن لە ئامادەکارییەکانیان، تەڤگەری هیلالی زێڕین لە شاری قامیشلۆ بۆ پێشوازیکردن لە جەژنی نەورۆز دەستی بە چالاکییەکانی کردووە. ئەندامی بزووتنەوەی هیلالی زێڕین گونەی مستەفا سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی بۆ جەژنی نەورۆز بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد.
"کەس ناتوانێت ڕۆژەکەمان تاریک بکات"
گونەی مستەفا باسی لە گرنگی مانگی ئادار کرد و وتی: مانگی ئادار بۆ ئێمە مانگێکی پیرۆزە، لەم مانگەدا وەک وەڵامێک بۆ زوڵم و سەختی و هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر گەلی کورد کار و هەوڵەکانمان ئەنجام دەدەین، بە ئاگری نەورۆز، دەمانەوێت بەسەر ئەو ستەم و سەختییەدا زاڵ بین کە بەسەر ئێمەی کورددا هاتووە، لەگەڵ ئاگری نەورۆز، و بەرزکردنەوەی ئاستی خەبات و بەرخۆدانمان لەم مانگە پیرۆزەدا چەندین هێرش و کۆمەڵکوژی لە دژی ئێمە ئەنجام دراوە، ئێمەش وەک گەلی کورد دەمانەوێت بە دەوڵەتی تورکیا بڵێین کە هەرگیز ناتوانێت ڕۆژەکەمان تاریک بکات، چونکە ئێمە بە داگیرساندنی ئاگری نەورۆز و تێکۆشانمان ڕۆژەکەمان گەشاوەتر دەکەین.
ئامادەکارییەکانی نەورۆز تەواو بوون
گونەی مستەفا تیشکی خستە سەر ئامادەکارییەکانی تەڤگەری هیلالی زێڕین بۆ جەژنی نەورۆز و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: وەک بزووتنەوەی هیلالی زێڕین ئەرکمان لەسەر شانە جەژنی نەورۆز بە گۆرانی و سەماکانمان گەشاوە و گەلەکەمان دڵخۆش بکەین، ئێمە لە شاری دێرکەوە تا عامودا بەشداری ئامادەکارییەکان دەکەین، چونکە لە هەموو شارێکدا هەڵپەڕکێ و شانۆ و گۆرانی و گروپی دایک هەیە، هەفتەی سێ ڕۆژ پەروەردە هەیە بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە چاوەڕێی ڕۆژی نەورۆز دەکەین بۆ بڵاوکردنەوەی هەڵپەڕکێی ئازادی بە گۆرانیەکانمان.
"ئێمە بە نامەکەی ڕێبەر ئاپۆ بەهێزتر دەبین"
گونەی مستەفا پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گەلی کورد کرد و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: وەک گەلی کورد، گەورەترین هیوامان ئازادی ڕێبەر ئاپۆیە، چونکە ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ ئازادیی هەموو گەلانە، لەبەر ئەو هۆکارە هەمیشە دەڵێین بەرخۆدان ژیانە، ئێمە خەبات دەکەین تا ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر بکەین، ئەو نامەی کە لە لایەن ڕێبەر ئاپۆوە هاتووە بۆمان وزەمان بەهێزتر دەکات، ئێمە بەو نامەیە هیوا و باوەڕ و ئارەزووەکانمان مسۆگەر دەکەین و نەورۆز دەکەینە ڕۆژی نوێبوونەوە بۆ هەموو گەلی کورد، پیرۆزبایی لە ڕێبەر ئاپۆ و هەموو گەلی کورد دەکەین بە بۆنەی نەورۆزی ساڵی ٢٠٢٥ و داوا لە هەموو گەلی کورد دەکەین بێنە مەیدانەکانی نەورۆز و بە هەڵپەڕکێی ئازادی جەژنی نەورۆزمان بگێڕین.