ڕۆژنامەنووسێكی ئەفغانی لە پاکستان دەستگیر کرا
ڕێکخراوی پشتیوانی ڕۆژنامەنووسانی ئەفغانستان دەڵێت: ژنە ڕۆژنامەنووسێكی ئەفغانستان لە پاکستان دەستگیر کرا، داوا لە دەزگا نێودەوڵەتییەکان دەکەین ڕێوشوێنی کرداری بگیرێتەبەر بۆ دابینکردنی ئاسایشی ڕۆژنامەنووسان.

ناوەندی هەواڵ
ڕیکخراوی پشتیوانی ڕۆژنامەنووسانی ئەفغانستان (AJSO) لەبارەی دەستگیر کردنی ژنە ڕۆژنامەنووسێکی ئەفغانی لە پاکستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: دوێنێ ١٥ی نیسان ژنە ڕۆژنامەنووسێكی ئەفغانی بە ناوی فریشتە سەدید لەلایەن پۆلیسی پاکستانەوە دەستگیر کراوە و ڕەوانەی زیندان کراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، هەڵسوکەوتی پۆلیسی پاکستان هەڕەشەیەکی ئاشکرایە بۆ سەر مافەکانی پەنابەران، ئازادی ڕادەبڕین، مافەکانی مرۆڤ و بنەماکانی ڕۆژنامەگەری.
باس لەوەشکراوە، داوای ئازادکردنی دەستبەجێی ڕۆژنامەنووسەکە دەکەین و داوا لە دەزگا نێودەوڵەتییەکان دەکەین پرۆسەی پێداچوونەوە بە دۆسییەی ڕۆژنامەنووسانی ئەفغانستان خێراتر بکەن و پشتیوانییەکان فراوانتر بکەن، ڕێوشوێنی دەستبەجێ و کرداری بگیرێتەبەر بۆ دابینکردنی ئاسایشی ڕۆژنامەنووسان.