ڕۆژنامەنووسێکی سودانی خەڵاتی ڕۆژنامەگەری نێودەوڵەتی نایت ٢٠٢٦ی بەدەستهێنا
زەینەب محەمەد ساڵح، ڕۆژنامەنووسی سودانی، خەڵاتی نێودەوڵەتی نایت بۆ ساڵی ٢٠٢٦ی وەرگرت بۆ ڕاپۆرتکردن و بەڵگەنامەکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە دارفور و خەرتوم.
سودان
سەرەڕای ئەو ئاڵەنگارییە گەورانەی ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنووسانی ژن دەبنەوە لە سێبەری بەردەوامیی ململانێ و جەنگی ئێستای سوداندا، توانویانە بە هێنانەدی ژمارەیەک لە ئاواتەکانیان ڕووبەڕووی ئەم ئاڵەنگارییانە ببنەوە و سەركەوتن بەدوای سەرکەوتندا بەدەستبهێنن.
زەینەب محەمەد ساڵح، ڕۆژنامەنووسی سودانی ٢٥ی تشرینی یەکەم، خەڵاتی نێودەوڵەتیی نایتی بۆ ڕۆژنامەگەریی ساڵی ٢٠٢٦ بەدەستهێنا کە لەلایەن ناوەندی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسان (ICFJ)ەوە دەبەخشرێت و بە یەکێک لە بەرزترین خەڵاتە جیهانییەکان لە بواری ڕۆژنامەگەریدا هەژمار دەکرێت.
بەدەستهێنانی خەڵاتەکە لەلایەن زەینەب محەمەد ساڵحەوە وەک ڕێزلێنانێک دێت بۆ هەوڵەکانی لە ڕووماڵکردنی ڕووداوەکانی ململانێی وڵاتەکەی لە مەیدانەکەدا و ئازایەتیی لە بەڵگەدارکردن و تۆمارکردنی پێشێلكارییەکان و بارودۆخی مرۆیی لە ناو جەرگەی خەرتومی پایتەختەوە تا دەگاتە دارفۆر، هەروەها بەڵگەدارکردنی کۆمەڵکوژییەکانی "جنیە" و بارودۆخی ناوچەی "تەویلە" و چوونەژوورەوەی "فاشر".
سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی سودان ئاماژەی بەوە کردووە، کە زەینەب محەمەد ساڵح سەرکەوتوو بووە لە بەڵگەدارکردنی ململانێکاندا، ڕاپۆرتەکانی لە دامەزراوە گەورەکانی وەک "غارديان"دا بڵاوکردووەتەوە، بە جەختکردنەوە لەسەر چین و توێژە هەرە لاوازەکان.
بڕیاریشە لە ڕێوڕەسمێک کە ناوەندی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسان لە دەیەمی تشرینی دووەمی داهاتوودا لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا ڕێکی دەخرێت، بە شێوەیەکی فەرمی ڕێزی لێ بنرێت.
بردنەوەی ئەم خەڵاتەی هاوکاتە لەگەڵ زۆریی ئەو ئاڵەنگارییانەی ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنووسانی ژن دەبنەوە، کە دوایینیان ئەو پەستان و ڕێگرییانەیە لە پارێزگای "نیلی سپی" ئەنجام دەدرێن لە ڕێگەی بانگهێشتکردنەوەی بەردەوامی سۆسەن محەمەد عوسمان، ڕۆژنامەنووس لەلایەن دەسەڵاتە ئەمنییەکانەوە، سەرباری دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووس "ڕەشا حەسەن" لەسەر پاشخانی سکاڵایەکی پەیوەندیدار بە بڵاوکردنەوەوە.
هەروەها ئەم بردنەوەیە لە ناوەڕاستی گفتوگۆیەکی گەورە لە ناوەندەکانی ڕاگەیاندندا دێت دوای ئەنجامدانی دەستکارییەک لە یاسای سزاداندا کە بە مەترسیدار پێناسە کراوە، کە تێیدا بڵاوکردنەوەی ئۆنلاین و ڕاگەیاندنی زیاد کردووە بۆ سزای لەسێدارەدان، لە هەنگاوێکدا کە ڕەتکردنەوەیەکی بەربلاوی لێکەوتووەتەوە