ڕۆژنامەنووسێکی عێراقی بە پۆدکاستەکانی دەبێتە دەنگ بۆ ژنان
مەنار ئەلزوبەیدی، ڕۆژنامەنووسی عێراقی لە ڕێگەی پلاتفۆرمی "ئەلمەنار نیوز" و پۆدکاست "من ئازادم" پشتیوانی ژنان دەکات، مەنار دەڵێت: هەوڵدەدەم دەنگی ژنانی عێراق بم.
![](https://jinhaagency1.com/uploads/so/articles/2025/02/20250212-jpg15cd47-image.jpg)
ڕەجا حەمید رەشید
عێراق- ڕۆژنامەنووس مەنار ئەلزوبەیدی مۆدێلێکی نوێ بۆ ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان پێشکەش دەکات بە دامەزراندنی پلاتفۆرمی "ئەلمەنار نیوز" کە یەکەم دەزگای هەواڵییە بە پێشەنگایەتی ژنان لە عێراق، مەنار ئاماژەی بەوەشرد، ئەمە بەس نەبووە و جگە لەوەش دەستیکردووە بە پۆدکاستێک بۆ گەیاندنی دەنگی ژنانی عێراق و بەرەوپێشبردنی ڕۆڵی ژنان.
'ئاژانسی هەواڵی ئەلمەنار دەبێتە دەنگی ژنانی عێراق'
مەنار ئەلزوبەیدی، ڕۆژنامەنووسی عێراقی زانیاری لەسەر ئامانجی دامەزراندنی ئەم پلاتفۆرمە پێشکەش بە ئاژانسەکەمان کردو ئاماژەی بەوەکرد، لەبەرئەوەی هەڵوێستی پیاوسالاری زاڵن بەسەر پێگەی بڕیاردان لە دامەزراوە میدیاییەکان، لەگەڵ کۆمەڵێک ژن بڕیاریاندا پلاتفۆرمێک بە ناوی "ئەلمەنار نیوز" دابمەزرێنن و ژنان سەرکردایەتی بکەن، لەم پلاتفۆرمەدا لە بەڕێوەبردنەوە تا کارمەندان و ڕۆژنامەنووسان، هەمووان ژنن و وتی: ئەمە دەستکەوتێکی ڕۆژنامەنووسانی عێراقیشە، بەتایبەت لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری وڵات.
"سەرەڕای ئاستەنگەکان، سەرکەوتنم بەدەستهێنا"
لە درێژەی قسەکانیدا، مەنار ئەلزوبەیدی سەرنجی بۆ ئەو ئاستەنگانە ڕاکێشا کە لە کارەکانیدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە و وتی: پلاتفۆرمەکەمان لە ساڵی ٢٠١٤ەوە دەستی بە کارەکانی کردووە، لە کاتی بونیادناندا ڕووبەڕووی چەندین ئاڵەنگاری و ئاستەنگ بووینەوە، زۆر سەختیمان لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بینیوە کە پیاوان زاڵن، هەروەها لە تۆمارکردنی فەرمی پلاتفۆرمەکەدا بۆ دەستەبەرکردنی مافی کرێکارانی ژن تووشی کێشە بووین، پلاتفۆرمەکە سەرنج بۆ پرسی ژنان ڕادەکێشێت، سەرەڕای بەربەست و ئاستەنگییەکان، پلاتفۆرمەکە بووەتە هۆی پەرەپێدانی هەوڵەکانی ژنان لە بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریدا، بە ئیرادە و هێزی خۆمان ئامادەیی خۆمان لەم بوارەدا نیشان دا و پلاتفۆرمی 'ئەلمەنار نیوز' بووەتە یەکێک لە گرنگترین دەزگاکانی هەواڵ لە ناوچەکەدا.
"پۆدکاستی "من ئازادم" سەبارەت بە نیشاندانی ڕاستییەکانی ژنانە"
مەنار ئەلزوبەیدی سەرنجی بۆ دووەمین پڕۆژەی خۆی لە بواری ڕاگەیاندندا ڕاکێشاو وتی: بۆ ئەوەی بتوانم زیاتر دەنگی ژنان بگەیەنم و لەو ڕێگەیەوە چارەسەر بۆ کێشەکانی ژنان بدۆزمەوە، لە ساڵی ٢٠٢١پلاتفۆرمێکی پۆدکاستم بە ناوی "من ئازادم" کردەوە. سیاسەتی چاپ و بڵاوکردنەوەمان ئەوەیە کە ئەم پلاتفۆرمە بتوانێت دەنگی هەموو ژنان لە پێکهاتەو مەزهەبی جیاوازەوە بهێنێتە جیهان و پاڵپشتی دەنگی ژنان بکات، ژنان ئەوەندە ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری و سەختی دەبنەوە کە ناتوانن بە وێنە کێش و دەستکەوتەکانی خۆیان دەرببڕن. هەر بۆیە پلاتفۆرمی "من ئازادم" دروست بوو، ئەو پرسانەی زۆرترین سەرنجیان بۆ لای خۆیان ڕادەکێشن بریتین لە هاوسەرگیری منداڵان و ئەو توندوتیژیانەی کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە، زۆرێک لە ژنان دەیانەوێت بەشداری لەم پلاتفۆرمەدا بکەن و بۆچوونەکانیان دەرببڕن و ئازادانە مامەڵە بکەن.
پاڵپشتی بۆ ژنان
مەنار ئەلزوبێدی باسی لە هەڵمەتێکی خۆی کرد بۆ ئەو ژنانەی کە لە ناوچە گوندنشینەکان دەژین و پشتگوێ خراون وتی: ئەم هەڵمەتە لە ئەنجامی نادادپەروەریی کۆمەڵگەو بێباکی دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی و فیدراڵی کە منداڵانی گوندی زەهرەت ئەلگەجار سەر بە پارێزگای دیوانیە ڕووبەڕووی دەبنەوە دەستیپێکرد، هەروەها ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان خۆیان لە بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی خۆیان دەدزنەوە لە پاڵپشتیکردن و هاوکاریکردنی ئەو گروپانە، هەر بۆیەش ئەم هەڵمەتە بەڕێوەچوو. زۆرێک لە ژنان و چالاکوانانیش بەشدارییان لەم هەڵمەتەدا کرد ئێمە دەستکەوتی گەورە بەدەستدەهێنین.
"ژنانی خاوەن ئیرادە دەتوانن بەسەر سەختییەکاندا زاڵ بن"
مەنار باسی لە نوێنەرایەتی و ڕۆڵی ژنان لە بواری ڕاگەیاندن کرد و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: سەرەڕای ڕۆڵی گرنگی ژنان لە بواری ڕاگەیاندن، کێشە و داواکارییەکانی ژنان چارەسەر نەکراون، بۆیە دەبێت هەوڵی زۆر بدرێت بۆ ئەوەی بتوانین دەنگی ژنان بگەیەنین. ژنان ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە لە بوارەکانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەریدام ژنان وەک ئامرازێک لە بواری ڕاگەیاندن بەکاردەهێنرێن، پیاوی باڵادەست بە تێڕوانین و بیرکردنەوە کارەکانی بەڕێوە دەبرد، ژنان ئازاد نەبوون لە دەربڕینی بیر و بیرۆکەی خۆیان لە ڕاگەیاندنەکانی عێراق. هەروەها هیچ کەسێک یان هیچ چاودێرێک یارمەتی نەدەدا بۆ کۆکردنەوەی زانیارییەکانی. بۆیە پێویستە ژنان کەسایەتی خۆیان بەهێزتر بکەن و پەرەی پێبدەن، بۆ ئەوەی خاوەن ئیرادە بێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەختی و ئاستەنگەکان.