ڕۆژنامەنووس دەنیز فورات لەسەر گۆڕەکەی یادکرایەوە
ڕۆژنامەنووس دەنیز فورات لە ۱۲هەمین ساڵیادی کۆچی دواییدا، لەلایەن نوێنەرانی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ژنی میزۆپۆتامیا (MKG) و کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلەو فورات (DFG) لەسەر گۆڕەکەی یادکرایەوە.
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژنامەنووس دەنیز فورات کە لە ٨ی ئابی ساڵی ۲۰۱٤دا لە ئەنجامی هێرشی داعش بۆ سەر کامپی مەخموور شەهید بوو، لەلایەن نوێنەرانی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ژنی میزۆپۆتامیا (MKG) و کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلەو فورات (DFG) لەسەر گۆڕەکەی لە گوندی خەجێ خاتوونی سەر بە شارۆچکەی ئەیبەخی وان یادکرایەوە.
خێزانەکەی، ئەندامانی MKG و DFG، هەروەها نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەشدارییان لە بەرنامەی یادکردنەوەکەدا کرد.
لە ڕێگەی ڕاستیدا باجی دا
لە بەرنامەکەدا جەیلان شاهینلی، ئەندامی نوێنەرایەتی MKG لە وان وتی: دەنیز فورات وەک پێشینانی خۆی درێژەی بە نەریتی ڕاگەیاندنی ئازاد دا. دەنیز لە دوای خۆی ڕاستییەکی بەجێهێشت کە بە کامێرەکەی شەڕی دژی داعشی دەکرد—ئەو داعشەی هەڕەشەیەکی گەورە بوو بۆ سەر هەموو جیهان. دەنیزیش وەک ئەو تێکۆشەرانەی لە ڕێگەی ڕاستیدا باجیاندا، گیانی خۆی بەخشی.
دەنیز بە کامێرەکەی شەڕی کرد
سەیات یڵدزتان، برای دەنیز فورات، ئاماژەی بە تێکۆشانی دەنیز فورات کرد و وتی: دەنیز تەنیا شەهیدی ئێمە نییە، شەهیدی پارتەکەی و گەلەکەیەتی. ئەو نە سەر بە خۆی و خێزانەکەی، بەڵکو بۆ هەموو گەلی کوردستان بە کامێرەکەی شەڕی کرد.
ئەو شەهیدی کوردستانە
لە کۆتاییدا عەباس ئاکساک، هاوسەرۆکی شارۆچکەی ئەیبەخی دەم پارتی دواو وتی: کاتێک لەسەر دەستی داعش هێرش کرایە سەر کوردان، دەنیزیش بە کامێرا و پێنووسەکەی کاری کرد بۆ ئەوەی ئەم هێرشانە نیشانی هەموو جیهان بدات. تا ٨ی ئاب کە گەیشتە شەهادەت، درێژەی بە تێکۆشانی خۆی دا. ئەو شەهیدی کوردستان و شەهیدی ڕاگەیاندنی ئازادە.
بەرنامەی یادکردنەوەکە بە دانانی گوڵ لەسەر گۆڕی دەنیز فورات کۆتایی هات.