"ڕۆژنامەگەری کوردی دەنگ و ڕەنگ و زمانی گەلەکەیەتی"
بەبۆنەی ١٢٤هەمین ساڵیادی ڕۆژنامەگەری کوردییەوە، میدیاکاران لەکۆبانێ ئاماژەیان بەوەکرد کە ڕۆژنامەگەری کوردی هەنگاوی زۆر گەورەی ناوەو ژنانی ڕۆژنامەنووس چەندین سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە.
بەرچەم جودی
کۆبانێ- هەموو ساڵێک لە ٢٢ی نیسان، ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی لەلایەن سەدان ڕۆژنامەنووسەوە پیرۆز دەکرێت ئەم ڕۆژە لەسەر بنەمای دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردیە بە ناوە کوردستان کە لە ساڵی ١٨٩٨دا لە لایەن خێزانی بەدرخانەوە لە قاهیرەی پایتەختی میسر بڵاوکرایەوە، سەرهەڵدانی ئەم ڕۆژنامەیە بووە بنەمای فراوانکردنی میدیای کوردی لە کوردستان و دەرەوە، لەماوەی ئەم ١٢٤ ساڵەی کاری ڕاگەیاندندا ژنانی کورد ڕۆڵی گرنگیان گێڕاوە، ئەم میراتە بە ڕەوشەن بەدرخان دەستیپێکردو بە ساکینە و گوربەتەلی و شیلان و دەنیز و نوژیان و دلیشان و سەدان ژن کە بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان گیانیان بەختکرد بەردەستخرا.
بەم بۆنەیەوە ئاژانسی نوژنها لەسەر ئاستی گەشەپێدانی ڕۆژنامەگەریی کوردی و ڕۆڵی ژنانی کورد لەو پێشکەوتنانەدا بۆچوون و هەڵسەنگاندنی وەرگرت.
"دەرفەت کەم بوو فشاری ڕژێمی سوریا زۆربوو"
فەلەک یوسف، ئەندامی ئەنجومەنی دادوەری ژنان باسی کارو خەباتی چاپەمەنی لەکاتی شۆڕشی ١٩ی تەمموزدا کرد و وتی: "من وەک دایکێک لەو کاتەدا نزیکەی ٥ ساڵ لە چاپەمەنی کارم کردووە، دەرفەتەکانمان زۆر کەم بوو، یەک کۆمپیوتەر، یەک ئامیری چاپ و وێنەگرێکی بچووکمان هەبوو، ژوورێکی ماڵەکەمم لە بەشی پشتەوە دانابوو بۆ کارەکەم و نەمدەهێشت کەس بچێتە ژوورەکەوە، هەفتانە ئەنجامەکانی کۆبوونەوەی پارێزەران لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئێمە دەهات و هەموومان بڵاو دەکردەوە و دابەشمان دەکرد، لەکاتی کاکردنیشمدا هەرکات منداڵەکانم پێویستمان بەمن بووە لەگەڵیان بووم لەکاتی چاپکردنەکان منداڵەکانم لە باوەشم بوون، سەرەڕای ئەوەش، کاتێک ڕووداوێک ڕووی دەدا، وێنە و هەواڵمان بۆ ڕۆژ تیڤی دەنارد و دواتر بۆ تەلەفزیۆنی ڕۆناهیمان دەنارد، ئەمە هەروەها زۆر قورس بوو، چونکە هێڵی ئینتەرنێت زۆر لاواز بوو، هەموو سیمەکان لەلایەن دەوڵەتەوە چاودێری دەکران، بۆیە سیمەکەمان سووتا، جارێک پۆلیسی ڕژێمی سوریا هەڵیکوتایە سەر ماڵەکەم و هاوژینەکەم و کۆمپیوتەر و ئامێری چاپکردن هەروەها هاردەکەمیان برد، هەوڵیان دەدا منیش ببەن چونکە دەیانزانی من لەسەر کۆمپیوتەر کاردەکەم بەڵام بەهۆی بارودۆخی کۆمەڵایەتی کۆبانێوە تەنها هاوژینەکەم دەستگیرکرا".
فەلەک یوسف تیشکی خستە سەر ئاستی پێشکەوتنی ڕۆژنامەگەریی کوردی و وتی: "هەستەکان زۆر جوان و مانادار بوون ڕاستە کارەکانمان لە پشتپەردەوە بوو بەڵام زۆر گرنگ بوو، لەمڕۆدا دوای ڕاپەڕینی ١٩ تەمموز و بە فراوانبوونی میدیاکان بۆمان دەردەکەوێت کە کارەکانمان ئەنجامی هەبووە، ئەمڕۆ سەدان ژن بوونەتە ڕۆژنامەنووس و پێشکەشکار و کامێرامان و وێنەگر و نووسەر و سەرنووسەر و مۆنتێر، هەروەها میدیای تایبەت بەژنان دامەزراون و ژنان لەمیدیای گشتیشدا کار دەکەن ئەم هەنگاو پێشکەوتنە خۆشییە بۆ من، لەسوریادا ڕاگەیاندن زمانی دەوڵەت بوو دژایەتی ڕاستییەکانی دەکرد بۆ هێنانەدی بەرژەوەندییەکانی ڕژێمی سوریا، بەڵام ئێستا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیاندنێکی ئازاد دامەزراوە کە لە چوارچێوەی پرۆژەی نەتەوەیی دیموکراتیدا ڕۆڵ دەگێڕێت و دەبێتە زمان و ڕەنگ و دەنگی هەموو پێکهاتەکان ئەو کارەی کە لە ڕۆژانی سەختدا کردوومانە سەرکەوتنی ئەمڕۆیە".
"رۆژنامەنووسانی ژن دەنگ و ڕەنگی ژنانن"
فەلەک یوسف بەم وشانە کۆتایی بە قسەکانی هێنا و وتی: "لەم شۆڕشەدا ژنان لە هەموو بوارەکاندا هەنگاویان ناوە دەبینین ڕۆژنامەنووسانی ژن لە بەرەکانی جەنگدا وێنە دەگرن، لەگەڵ ژنانی تێکۆشەر و ئەو ژنانەی ئازاریان بینیووە هەوال ئامادە دەکەن، میدیاکان ڕۆڵێکی سەرەکی و کاریگەریان بینی لە بەرخۆدانی کۆبانێ و ڕزگارکردنی ئەو ناوچانەی کە لە لایەن چەتەکانی داعشەوە داگیرکرابوون، هەموو شتێکیان نیشاندا، لە تێکۆشان بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان زۆرێک لەڕۆژنامەنووسان گیانیان لەدەستدا بۆ ئەو ئاستەی کە ئەمڕۆ بواری گەیاندن پێی گەیشتووە جێگەی سەرکەوتن و ورەیە".
"ئێمە لە نووسینێکەوە دەستمان پێکرد، گەیشتینە هەزاران"
کارمەندی ژن تیڤی زۆزان ڕەمەدان کە لە بەشی مۆنتاژدایە باسی لە پرۆسەکانی پێشکەوتنی ڕاگەیاندنی کوردی کرد و وتی: "ڕۆژنامەگەری کوردی بە نووسین دەستیپێکرد، بەڵام ئەمڕۆ بە هەزاران بەشی هەیە و ڕۆژنامەنووسان تێیدا کار دەکەن، لەسەدەی ٢١دا ڕاگەیاندن بووە یەکەم ئامرازی جەنگ و بەکارهێنانی هەموو هێزێک بەپێی خۆی و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا لەژێر کاریگەری خۆیدا، گەلی کورد هەمیشە ڕووبەڕووی جینۆساید بۆتەوە بۆیە سەدان تەلەفزیۆن و ئاژانس و ڕادیۆ و ڕۆژنامەکان قەدەغەکراون، بۆیە ئێمە لە بڵاوکراوەکانی خۆماندا کۆمەڵگاکەمان دەگەڕێنینەوە سەر ڕاستییە نادیارەکەی و لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی ئێستا ئاگاداریان دەکەینەوە ئەمە ئەرکی ئێمەیە، ئەگەر ئەمڕۆ بەشوێن هەنگاوی یەکەم رۆژنامەنووساندا بڕۆین، ئەوا دەبێت ئامانجەکانیان بەدەست بهێنین".
"ئێمە لە ڕێگەی بڵاوکراوەکەمانەوە ڕاستی مێژوویی ژنان نوێ دەکەینەوە"
زۆزان ڕەمەدان تیشکی خستە سەر پەخشی تەلەفزیۆنی ژن تیڤی و وتی: "ژنان بە درێژایی مێژوو لەلایەن کۆمەڵگا و سیستمەوە زوڵمیان لێکراوە و بۆ گۆڕینی ئەمە پێویستی بە سیستەمێکی جێگرەوە یان هۆشیاری هەیە، بۆیە وەک تەلەفزیۆنی ژن پشت بە ڕاستی و شێوازەکانی گێڕانەوەی کۆمەڵگا دەبەستین، شۆڕشی ڕۆژئاوا هەروەها گەورەترین دەرفەتە بۆ گۆڕینی کۆمەڵگا، ڕاستە سەرەتا ئاستەنگی زۆرمان هەبوو بەڵام ئێستا لە ئاستێکی بەرزدا کاردەکەین، ئێمەش وەک تیمی تەلەفزیۆنی ژن لە کۆبانێ هەوڵدەدەین ببینە زمان و دەنگ و ڕەنگی بەرخۆدان و خەبات کە لەم شارەدا بەرپابووە بەم بۆنەیەوە یادی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی لە سەرجەمی ڕۆژنامەنووسان پیرۆز دەکەین و بەڵێنی خۆمان بۆ کۆمەڵگا نوێ دەکەینەوە".