ڕۆژنامە عەرەبییەکان: هێزە عێراقییەکان لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک توڕەن

ڕۆژنامە عەرەبییەکان لە ژمارەی ئەمڕۆیاندا لەبارەی کاردانەوەکانی بازنەکانی عێراق لەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بۆ سەر باشووری کوردستان و هەڵبژاردنەکانی عێراق نووسیان.

ناوەندی هەواڵ

سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت نووسیویەتی: "ئۆپەراسیۆنی نوێی سوپای تورکیا لە دژی باکوری عێراق ناڕەزایی لایەنە فەرمی و کۆمەڵایەتیەکانی عێراقی لێکەوتووەتەوە، بەغدا لە ڕێگەی باڵیۆزی ئەنقەرەوە دانوستانێکی ناڕەزایی ئاراستەی تورکیا کرد هەروەها سەرۆکی عێراق ئۆپەراسیۆنەکەی بەپێشێلکردنی سەروەری عێراق و ئاسایشی نەتەوەیی ناوبرد.

 

ڕۆژی سێشەممە وەزارەتی دەرەوەی عێراق عەلی ڕەزا گونەی، باڵیۆزی ئەنقەرەی لەعێراق بانگهێشتکرد و دانوستانێکی ناڕەزاییان ڕادەستکرد، تێیدا داوایان لە تورکیا کرد واز لەو جموجوڵ و پێشێلکارییە بهێنێت هەروەها وەزارەتی عێراق داوای کشانەوەی هەموو هێزەکانی تورکیا دەکات لەسەر خاکی عێراق.

 

سەرۆکی ڕەوتی سەدر لە ئەکاونتی تویتەرەکەیدا وتی: "تورکیای دراوسێکمان بێ ماف و بێ هۆ خاکی ئێمەی تۆپباران کردووە ئەگەر هەڕەشەش لەسەر ناوچەکەمان دژی ئەوان هەبێت دەبێت لەگەڵ حکومەتی عێراق ڕێککەوتن بکات بۆ کۆتاییهێنان بەو مەترسییە هێزەعێراقیەکان دەتوانن ئەمە بکەن".

 

عێراق ماوەی بەرهەم ساڵح و کازمی درێژ دەکاتەوە

ڕۆژنامەی ئەلعەرەب نووسیویەتی: "بەپێی سەرچاوە سیاسییەکانی عێراق لایەنە سیاسییە ناکۆکەکان پەیوەندیەکان دروست دەکەن بۆ ڕێککەوتنی کاتی لەسەر بەردەوامی دەسەڵاتی ئێستا بۆ چارەسەرکردنی گرژییەکان و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارێک کە بتوانێت سەرۆک وەزیران دیاری بکات بۆ پێکهێنانی حکومەت.

 

سەرچاوەکان ڕایانگەیاند کە هاوپەیمانێتییەکی سیاسی نوێ دامەزرا کە لەهێزە سوننەکان و چوارچێوەی هەماهەنگی و کوتلەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و چەندین جێگر لەکوتلە بچووک و سەربەخۆکان پێکدێت، ئامانجیان درێژکردنەوەی ماوەی دەسەڵاتی بەرهەم ساڵح و مستەفا کازمییە بۆ ماوەی ٦ مانگ، بۆ درێژەدان بەکارەکانی دامەزراوە دەستوورییەکان و حکومەت و دابینکردنی کار بۆ عێراقییەکان و جێبەجێکردنی پابەندە دەرەکییەکانیان.

 

لەو چوارچێوەیەدا دادگای فیدراڵی بڕیاری دا ماوەی ئەرکی بەرهەم ساڵح درێژبکاتەوە تا ڕێککەوتنی سیاسی لەو وڵاتەدا بێتەدی.

 

هاوکات هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی مانەوەی حکومەتی کازمی لەگەل ئەنجامدانی هەندێک گۆڕانکاری بە گونجاوترین بژاردە لەگەڵ قەیرانی سیاسی ئێستادا دەبینن.