ڕێژنە جیاواز لە جوانییەکانی گوند، ئەمجارە بۆردومانێکی دەوڵەتی تورکیا دەگوازێتەوە

ڕێژنە دێهاتی، لە کاتی بۆردومانکردنی دوێنێی گوندی گەڵاڵەدا، گرتە ڤیدیۆییەکی بڵاوکردەوە دەڵێت: فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکیا بەسەر سەرمانەوەیە، کێ خەمی پاراستنی خەڵکی سیڤیلیەتی.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێژنە دێهاتی، ژنێکی گەنجی دانیشتووی گوندی گەڵاڵەیە و لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیەوە، هەر جارە و جوانییەکی گوندەکەیان نیشانی خەڵک دەدات، ئەمجارە جیاواز لە جاران، ڤیدیۆی بۆردومانکردنی گوندەی گەڵاڵە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بڵاودەکاتەوە و دەڵێت: ژیانی کەس لەسەر سنورەکان پارێزراو نییە.

 

ڕێژنە کە ڤیدیۆکانی لە تویتەر و ئینستاگرامی خۆی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا ئاماژە بەوەدەکات: ئەمەى دەیبینن تۆپبارانى تورکیایە، بۆسەر ناوەندى گوندى گەڵاڵە، ئەمە چى ویژدان و ئەخلاقێکە، ئاوا گیانى هاوڵاتى سڤیل دەپارێزن؟، ئێستا فڕۆکەکانى تورکیا بەسەر سەرمانەوەیە، زیاتر لە ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ کەس و بە ٥٠ ماڵ لەم گوندەدایە هیچییان گیانیان پارێزراو نییە.

 

ڕێژنە لە ڤیدیۆکەدا بۆردومانەکانی پێشتری دەوڵەتی تورکیا دەهێنێتە زمان و دەڵێت گوندی سەفرە کە دراوسێ گوندمانە ساڵی پار بۆردومان کرا، هەروەها کونەماسی کە زۆر لە ئێمەوە دوورە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بۆردومان کراوە، کێ لە خەمی هاوڵاتیاندایە، حکومەتی هەرێمی کوردستان یان حکومەتی عێراق؟، دەشڵێت: ئەمە بۆ کێ گرنگە و کێ لێیان دەپرسێتەوە ئەگەر ١٠ هاوڵاتى گوندەکەش بەهۆیەوە گیانیان لەدەست بدایە، کە تورکیا دووجار ناوەڕاستى گوندەکەمانى بۆردومان کردووە.

 

https://www.instagram.com/tv/CQT3h-oJ60a/?utm_source=ig_web_copy_link

 

ت.پ