لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ١٨ هەزار کەس بریندار کراون

ڕێکخراوی هەرانا بڵاوی کردەوە، تا ئێستا لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی ئێراندا زیاتر لە ١٨ هەزار خۆپیشاندەر ‌بریندار‌بوون و ٢١٥ منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵیش کوژراون.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا، لە ڕاپۆرتێکدا ئاماری کوژران و دەستبەسەرکراوان و برینداربوونی خۆپیشاندەرانی لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەکرد، لە سەرەتای دەستپێکی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی ئیراندا، تا ئێستا، شەش هەزار و ٩٨٤ کەس کوژراون و ٥٢ هەزار و ٦٢٣خۆپیشاندەر دەستبەسەر کراون، هەروەها ١٨ هەزار و ٢٢ خۆپیشاندەریش بریندار بوون.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لە نێو ژمارەی کوژراوەکاندا شەش هەزار و ٤٩٠ کەسیان خۆپیشاندەر بوون، لە ناویاندا ٢١٥ منداڵی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ هەیە، هەروەها ٢١٤ کەسیش لە هێزە ئەمنییەکانی سەر بە ڕژێمی ئێران و ٦٥ کەسیش لەو هاوڵاتییانەن، کە بەشداری خۆپیشاندانەکان نەبوون و کوژراون، جگە لەوەش ١٣٥ خوێندکاری زانکۆ دەستبەسەر کراون.

 

ئەوەش ڕوونکراوەتەوە، ١١ هەزار و ٥١ کەس بانگهێشتی دەزگا ئەمنییەکانی سەر بە ڕژێمی ئێران کراون، جگە لەوەش دانپێدانانی زۆرەملێی ٣٣٥ خۆپیشاندەر تۆمار کراوە.