ڕژێمی ئێران ژنانی زیندانیی سیاسیی سزا دا

لە درێژەی ئەو سنووردارکردن و فشارانەی کە لە زیندانی ئەوین بەسەر زیندانییە سیاسییە ژنەکاندا سەپێنراوە، حەوت زیندانیی سیاسیی ژن لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە سزا دران.

ناوەندی هەواڵ

 

دەنگی دەستگیرکراوانی کورد و ئێران، سەبارەت بە بارودۆخی زیندانییانی سیاسیی ژن لە گرتووخانەی ئەوین ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: لەلایەن بەرپرسانی گرتووخانەی ئەوینی تاران حەوت زیندانیی سیاسیی سزا دراون و لە مافی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ خانەوادەکانیان بێبەشکراون.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ناوی حەوت ژنە زیندانییە سیاسییەکان بریتین لە، شیوا ئیسماعیلی، مەرزیە فارسی، فەرووغ تەقیپوور، زەهرا سەفایی، ئێلاهە فۆلادی، گۆڵڕۆخ ئیرایی و سەکینە پەروانە.

 

شیوا ئیسماعیلی تەمەن ٦٠ ساڵ، مانگی ئاداری ٢٠٢٢ لە تاران دەستبەسەر کرا و سزای ١٠ ساڵ و شەش مانگ زیندانییکردنی بەسەردا سەپێندرا، هەروەها مەرزیە فارسی تەمەن ٥٩ ساڵ، لە مانگی ئابی ٢٠٢٣ دەستبەسەر کرا و سزای شەش ساڵ زیندانییکردنی بەسەردا سەپێندرا، فەرووغ تاقیپوور تەمەن ٣٢ ساڵ، لە مانگی ئابی ٢٠٢٣ بۆ جاری دووەم دەستبەسەر کرا و سزای شەش ساڵ زیندانییکردنی بەسەردا سەپێندرا.

 

گۆلرۆخ ئیرایی کە لە مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٢ دەستبەسەر کرا و  بە شەش ساڵ زیندانییکردن سزا درا، پێشتر لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ دەستگیرکرابوو و شەش ساڵ لە زینداندا بوو، دوای ئازادکردنیش جارێکی دیکە دەستگیرکرایەوە.

 

ساکینە پەروانە لە مانگی ئاداری ٢٠٢٣ دەستبەسەر کرا و بە شەش ساڵ زیندان سزا درا، پێشتر لە مانگی شووباتی ٢٠١٩ دەستگیرکرابوو و سێ ساڵ لە زینداندا بوو.

 

هەروەها زەهرا سەفایی تەمەن ٦٣ ساڵ، لە مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٣ دەستبەسەر کرا و سزای پێنج ساڵ زیندانییکردنی بەسەردا سەپێندرا، ئەمە سێیەم جارە لە زینداندایە، پێشتریش بۆ ماوەی هەشت ساڵ بە تۆمەتی پشتیوانیکردنی ئۆپۆزسیۆن زیندانی بووە، ئیلاهێ فۆلادی لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣ دەستبەسەر کرا و سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

 

پچڕانی پەیوەندی زیندانییان لەگەڵ خانەوادەکانیان لە کاتێکدایە، ئەم ڕێوشوێنە لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە ڕەخنەی زۆری لێگیراوە، کە وەک ئامرازێک بۆ فشاری دەروونی بۆ سەر زیندانییەکان و خانەوادەکانیان بەکاردەهێنرێت.