"کۆبانێ هێمای بەرخۆدانە، هێڵی سووری ئێمەیە، بەردەوام دەبین لە پاراستنی"
ڕۆشان دۆنەر، ئەندامی کۆمەڵەی دایکان بۆ ئاشتی دەڵێت: کۆبانێ نوێنەرایەتی هێڵی سوورە بۆ گەلی کورد، تا کۆتایی بەردەوام دەبین لە بەرگریکردن لە کۆبانێ.
ئیکین ئادا
ئیستەنبول-دوابەدوای ئەو هێرشانەی چەتەکانی هەتەشە بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لەوانەش گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە، ڕەققە و چەندانی تر، وێنە و ڤیدیۆی شۆککەر بڵاوبوونەوە کە پێشێلکاری قورس و تاوانی جەنگی بەڵگەدار کردبوو، لەوانە گرتە ڤیدیۆییەکانی ژنە شەڕڤانێک کە لە باڵەخانەیەکەوە فڕێدراوە و ژنێکی دیکە لە ڕەققە کە کەزیەکەی بڕدرا، ئەمەش توڕەیییەکی بەرفراوانی لێکەوتەوە، ئەم وێنانە تیشکیان خستە سەر ئەو کاریگەرییە دەروونییە قووڵە، جگە لەو زیانە جەستەییانەی کە بەهۆی هێرشەکانەوە بەسەر خەڵکی مەدەنیدا هاتووە.
گەمارۆدانی کۆبانێ بەتایبەتی دوای هێرشەکانی هەتەشە بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، قەیرانێکی قووڵی مرۆیی لێکەوتەوە، لەگەڵ کەمیی کارەبا و ئاو و سووتەمەنی و خۆراکی بەربڵاو، خەڵکی مەدەنی ڕووبەڕووی بارودۆخی ئابووری و ژیانی سەخت بوونەتەوە، بارودۆخی سەختی زستان و نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکان و کەمی یارمەتییە مرۆییەکان ڕاستەوخۆ مەترسی لەسەر ژیانی دانیشتووان و بەتایبەت ژنان و منداڵان و بەتەمەنەکان دروستکرد، سەرەڕای ئەم هەلومەرجە، دانیشتووان ئیرادەی خۆیان بۆ بەرگریکردن لە خاک و دەستکەوتەکانیان دووپاتکردەوە، هاوکات دەربڕینی هاودەنگی و پشتیوانی لە سەرانسەری کوردستان و وڵاتانی جیاواز جیهان بەردەوام بوو.
ڕۆشان دۆنەر، ئەندامی کۆمەڵەی دایکانی ئاشتی لە ئیستەنبوڵ ڕایگەیاند، کۆبانێ کە ١١ ساڵ لەمەوبەر ڕزگارکرا، تا ئێستاش وەک هێمای بەرخۆدان ماوەتەوە و بەردەوام ئامانجی هێرشەکانە، وتی: دوژمن جارێکی دیکە سەرنجی خۆی خستۆتە سەر کۆبانێ، بۆ ئەوان بووەتە کێشە، ڕۆژئاوای کوردستان و کۆبانێ هێڵی سوورن بۆ گەلی کورد، ئێمەش وەک دایکانی کورد تا کۆتایی بەردەوام دەبین لە بەرگریکردن لە کۆبانێ.
"گیانی خۆمان بەخت دەکەین"
ڕوونیشیکردەوە، کۆبانێ نوێنەرایەتی دڵی گەلی کوردستان دەکات، داوا لە هەموو کوردانی ناوچە جیاوازەکان و هەروەها گەلانی جیهان دەکات، بەردەوام بن لە بەرگریکردن لە کۆبانێ بە هەمان ئەو ئیرادەیەی لە ماوەی ١١ ساڵی ڕابردوودا نیشانیان داوە، هەروەها تا کۆتایی لەگەڵ خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان وەستاوین، تا دوا دڵۆپی خوێنیش بەردەوام دەبین لە خەباتی خۆمان.
ڕۆشان دۆنەر ڕوونی کردەوە، کە هێرش و کۆمەڵکوژییەکانی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب ڕاستەوخۆ دوای ڕێککەوتنەکە هات کە لە پاریس لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و سووریا ئەنجامدرا، بە بەشداری ناڕاستەوخۆی تورکیا.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم پێشهاتانە نوێنەرایەتی "پیلانێکی نوێ دژی کورد" دەکەن، هەروەها گەلی کورد ئەگەر پێویست بکات، گیانی خۆی لە بەرگریکردن بۆ خاکەکەی بەخت دەکات، هەرگیز دەستبەرداری بەرخۆدانی خۆی نابێت.