ڕژێمی ئێران لە دەستبەسەر کردنی ژنان بەردەوامە
سەرکوتکردنی ژنان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە دەیان ساڵە بەردەوامیی هەیە و لەو چوارچێوەیەشدا، دوو ژن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بە بێ فەرمانی دادوەر دەستبەسەر کران.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەرانا" دەربارەی دەستبەسەرکردنی دوو ژنی کورد لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: لە ٤ـی نیسانی ئەمساڵدا، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی بنەماڵەی ژنێکی گەنج بە ناوی شەیدا شێخی تەمەن ٢٥ ساڵ، لە شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە بێ فەرمانی دادوەر دەستبەسەریان کردووە.
ئاماژە بەوەش کراوە: هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران لە کاتی دەستبەسەرکردنەکەدا، وێڕای پشکنینی ماڵەکە، کەلوپەلە کەسییەکانی ناوبراو، لەوانە لاپتۆپ و مۆبایلەکەیان زەوت کردووە و لەگەڵ خۆیاندا بردوویانە.
باس لەوەشکراوە: لە ٥ـی نیسانی ئەمساڵدا، فەریدە کەتابی خەڵکی شارۆچکەی میاندواوی سەر بە شاری ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە بە بێ فەرمانی دادوەر دەستبەسەر کرا و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.
ئەوەشخراوەتە ڕوو: ئەو ژنە تووشبووی نەخۆشیی شەکرەیە و نەبوونی زانیاریی لەسەر بارودۆخی نیگەرانیی کەسوکار و خێزانەکەی زیاتر کردووە.