ڕژێمی ئێران بە سەپاندنی سزای قورس ڕێگریی لە سەرهەڵدانەوەی خۆپێشاندانەکان دەکات

ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا لە ڕاپۆرتێکدا هۆشداری دەدات لە خێراکردنی سزای لەسێدارەدان، زیندانیکردن و پچڕانی ئینتەرنێت کە ڕژێمی ئێران وەک ئامرازێک بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندان بەکاری دەهێنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیای باکووری کوردستان، سەبارەت بە ڕێژەی زیندانییەکان و لەسێدارەدراوەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕاپۆرتێکی نوێی بڵاو کردەوەو تێیدا هاتووە: لە ١٩ی ئاداری ئەمساڵەوە تا ئێستا لانیکەم ٣٢ زیندانیی سیاسیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە لەسێدارە دراون، هەروەها لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی گەلانی ئێران زیاتر لە ٥٩ هەزار کەس دەستبەسەر کراون و زیاتر لە سێ هەزار کەس کوژراون کە ناسنامەی دوو هەزار و ٥٧٠ کەس بە بەڵگە کراوە.

 

باس لەوەشکراوە، دەیان هەزار کەس لە دەستبەسەرکراوانی خۆپێشاندانەکان هێشتا لەناو ژوورە تاکەکەسییەکانی گرتوخانە جیاوازەکاندا لەژێر گوشارێکی تونددا ڕاگیراون و لە سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ بێبەش کراون، دەیان زیندانی بە شێوەیەکی گوماناوی و شاراوە بۆ گرتووخانەی ژمارەی سێی قەزڵحەسار گواستراونەتەوە کە پەیوەستە بە دانپێدانانی زۆرەملێ بە ئەشکەنجە.

 

ئەوەشخراوەتەڕوو، پچڕانی ئینتەرنێت وەک هەوڵێکی ڕاستەوخۆی ڕژێم دەبینرێت بۆ تێکدانی پرۆسەی بە بەڵگەکردن و ڕێگریکردن لە گەیشتنی دەنگی ناوخۆ بە جیهانی دەرەوە.

 

ڕاپۆرتەکە دەریدەخات، ڕژێمی ئێران سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ درووستکردنی ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگەدا بەکاردەهێنێت تا ڕێگریی لە سەرهەڵدانەوەی خۆپێشاندانەکان بکات، هەوڵ دەدات هەموو ناڕەزایەتییەکی کۆمەڵایەتی و ئابووری بخاتە ئەستۆی دووژمنی دەرەکی تا ڕەوایەتیی بە سەرکوتکارییەکانی خۆی بدات.