ڕژێمی ئێران بە شێوەیەکی کاتی بەرامبەر بە یاسای حیجاب و پاکیزەیی پاشەکشەی کرد
ناڕەزایەتییەکان دژی یاسای "حیجاب و پاکیزەیی" بەردەوامن و بەشێک لە سەندیکاکانی کرێکاری و ڕەخنەگران و ڕۆژنامەنووسان ڕاگەیەندراویان بڵاوکردەوە و داوای تێکۆشانی مەدەنییان لە خەڵک کرد و لە هەمان کاتدا ڕژیمی ئێران ڕایگەیاند کە ئەم یاسایە ڕەوانەی پەرلەمان کراوە
ناوەندی هەواڵ
پرۆژەیاسای "پاک و حیجاب" کە سەرەتای ئەم مانگە بە ڕێککەوتنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزەران پەسندکرا، ناڕەزایی بەرفراوانی هەندێک لە سەندیکاکانی کرێکاران و ڕەخنەگران و ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی مافی منداڵان و هتد بەدوای خۆیدا هێنا، پەسەندکردنی ئەم یاسایە نوێیە کە لە ٧٤ ماددە و ٥ بەش کۆکراوەتەوە و شێوازی ژیانی هاووڵاتیان بە گشتی لەخۆدەگرێت و تاقیکردنەوەی بۆ ماوەی سێ ساڵ، بووە هۆی زیادبوونی نیگەرانییەکان سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران.
دوای پەسەندکردنی ئەم پڕۆژەیاسایە و گۆڕینی بۆ یاسا، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش ڕاگەیەندراویان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەو پڕۆژەیاسایە بڵاوکردەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێیان کرد.
دوای کاردانەوەی بەرفراوان بەرامبەر بە یاساکە، کە بریتی بوو لە سزای توند بۆ حیجابی نەشیاو، توندکردنەوەی سزاکان بۆ کەسایەتییە ناودار و کاریگەرەکان، چاودێریکردنی بەرفراوان و ڕێسای توندتر بۆ کاروبارەکان، پێشێلکردنی ئازادییە تاکەکەسییەکان، سزای توندتر بۆ چالاکییە ئۆنلاین و ڕاگەیاندنەکان، شەهرام دەبیری، جێگری پەرلەمانی مەسعوود پزشکیان، ڕایگەیاند، ڕژێم داوای لە پەرلەمان کردووە ئەم یاسایە بۆ ئێستا دەرنەچێت و پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوە بۆ پەرلەمان دەنێردرێت، بۆ ئەوەی ئەم بابەتە بۆ ئێستا ڕابگیرێت و لێکۆڵینەوەی زیاتری لەسەر بکرێت.
ئەم یاسایە کە سزا و سزای ماددی قورس و زیندانیکردن و سنووردارکردنی کار و دوورخستنەوە لە چالاکییە کۆمەڵایەتی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت قەدەغەکردنی چوونەدەرەوەی وڵات لەخۆدەگرێت، ئامانجی چاودێری و کۆنترۆڵکردنی زیاتری هاووڵاتیانە، کە نموونەیەکی ڕوونە لە پێشێلکردنی ئازادی تاکەکەسی و پێشێلکردنی گەورەی مافەکانی مرۆڤ بە گشتی.