"ژمارەی کوژراوانی مەدەنی لە شێخ مەقسود و ئەشرەفیە زۆرە"
ئەڤین جومعە، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی سووریا ڕایگەیاند کە ژمارەی ئەو هاووڵاتییە مەدەنیانەی لە هێرشەکانی سەر شێخ مەقسود و ئەشرەفیە کوژراون زۆرە و هیچ ژمارەیەکی وردی ئەو کەسانە نییە کە ڕفێنراون یان بێسەروشوێن کراون.
سۆرگوڵ شێخۆ
قامیشلۆ-چەتەکان بە هاوکاری دەوڵەتی داگیرکەری تورک و جیهادییەکانی هەتەشە بە هەزاران چەک و تانک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر دوو گەڕەکی کوردنشین لە حەلەب، شێخ مەقسود و ئەشرەفییە. دوای پێنج ڕۆژ لە هێرشە خوێناویەکان، ژمارەیەکی زۆر لە ژن و منداڵ و گەورەساڵان شەهید کران، هاوکات ژمارەیەکی زۆر لە ژن و پیاو ڕفێندراون و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
سەبارەت بە تاوانی ئەو چەتانەی کۆمەڵکوژیەکەیان ئەنجامداوە و بەڵگەنامەکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، ئەڤین جومعە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی سووریا قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد.
"بێدەنگی هێزە نێودەوڵەتیەکان لە بەرپرسیارێتی کۆمەڵکوژییەکان بێبەری ناکات"
ئەڤین سەرەتا بێدەنگیی نێودەوڵەتیی سەبارەت بە کۆمەڵکوژییەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە بەبیرهێنایەوە و جەختی لەوە کردەوە کە هێزە نێودەوڵەتییەکان بەرپرسیارن لەو کۆمەڵکوژییانەی کە لە دژی خەڵکی مەدەنی ئەنجام دەدرێن و لە دادگاییکردنی ئەو تاوانباران و چەتانەی کە تاوانەکانیان ئەنجامداوە، بێبەری ناکرێن.
لە درێژەی قسەکانیدا، هۆکاری ئەمەی بەم شێوەیە خستەڕوو: “هۆکارەکە ئەوەیە کە پاراستنی خەڵکی مەدەنی لە ناوچەکانی شەڕدا یاسایی و شەرعییە، یاسای نێودەوڵەتی و مرۆیی ئەمە ڕوون دەکاتەوە، بۆیە بێدەنگیان لە بەرپرسیارێتییان بێبەریان ناکات.
"زیانەکان زۆرن و ژمارەیەکی ڕوون نییە"
ئەڤین جومعە ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکانی سەر ئەو دوو گەڕەکە هێرشی ڕاستەوخۆ بوون بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی و تیشکی خستە سەر زیانەکان و وتی: لەئەنجامی ئەو هێرشە دڕندانەدا زۆرێک لە خەڵکی مەدەنی بوونە قوربانی و گیانیان لەدەستدا، لەهەمانکاتدا چەندین تاوانی جەنگ دژی شەڕڤانان ئەنجامدرا، تا ئێستاش چارەنووسی زۆرێک لە خێزان و ژن و منداڵەکان نادیارە، بێسەروشوێنن هەزاران کەس ناچار بوون بە دۆخ و ڕووداوی سەختدا بژین.
ئێمە لە بەڵگەنامەکردنی ژمارەی ئەو کەسانەی کە ڕفێندراون و بێسەروشوێن کراون، کێشەیەکی زۆرمان هەیە. لە ئێستادا ژمارەیەکی ڕوونمان لەبەردەستدا نییە، چونکە هێشتا کار لەسەر ئەم بابەتە دەکەین.
"بە شێوەیەکی تایبەت هاوڵاتیانی مەدەنی دەکرێنە ئامانج"
ئەڤین ڕایگەیاند کە تا ئێستا هیچ گفتوگۆیەکی جددی لەلایەن هێزە کاریگەرەکانی ناو دۆزی سووریاوە نەکراوە بۆ ڕاگرتنی هێرش و تاوانەکانی دژی خەڵکی مەدەنی، هێرشەکان بەردەوامن و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە تەواوی ڕووبەڕووی هەڕەشەی هێرشەکان بوونەتەوەو هێرشەکان بۆ سەر ناوچەکە ڕانەگیراون. خەڵکی مەدەنی لە دۆخێکی زۆر مەترسیداردا دەژین چونکە بە تایبەتی دەکرێنە ئامانج.
قۆناغی ڕاگوزەر پێویست بوو!
ئەڤین جومعە داوای لە هێزە گشتییەکان و نێودەوڵەتییەکان کرد کە خەڵکی مەدەنی بپارێزن چونکە سووریا بە دۆخێکی زۆر خراپدا تێدەپەڕێت و ئەم قۆناغە کاتییە دەبوو قۆناغێکی راگوزەر بوایە و دەبوو ڕێککەوتنێک بکرایە.