ژمارەی کوژراوان لە لوبنان دوو هەزارو ٤٠٠ کەسی تێپەڕاند

ژمارەی کوژراوانی شەڕی لوبنان لە ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە گەیشتە دوو هەزار و ٤٤٨ کەس، هاوکات ژمارەی بریندارانیش بۆ ١١ هەزار و ٤٧١ کەس بەرزبووەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی باشووری بەیروت بەردەوامە و وەزارەتی تەندروستی لوبنان بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییەکان ڕادەگەیەنێت.

 

لە بەرەبەیانی ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەمەوە، هێزەکانی ئیسرائیل بە چوار هەڵمەت گەڕەکی باشووری بەیرووتیان کردووەتە ئامانج، دوای هۆشداریی ئیسرائیل بۆ چۆڵکردنی ژمارەیەک باڵەخانە لە گەڕەکی حەریک، هەروەها هەڵمەتی توندوتیژییان لە دەروازەی شارەکە دەستپێکردووە.

 

ئەو هەڵمەتانە دوو کەسیان کردە ئامانج لە بورج ڕەحال لە شاری سور لە باشووری لوبنان، جگە لەوەی چوار کەس لە هەڵمەتێکدا لە گەڕەکی کەسار لە نەباتیە کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون بەم شێوەیە بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی لوبنان ژمارەی کوژراوان بۆ دوو هەزار و ٤٤٨  کەس بەرزبووەوە، هاوکات ژمارەی بریندارەکانیش بەرزبووەوە بۆ ١١ هەزار و ٤٧١ کەس.