ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل نزیک دەبێتەوە لە ٣٠ هەزار کەس

ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە گەیشتە ٢٩ هەزارو ٤١٠ کەس، لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆر لە زیانبەرکەوتووان هێشتا لەژێر وێرانەکانی ماڵەکاندان.

ناوەندی هەواڵ

 

شەڕی ١٤٠ ڕۆژەی نێوان حەماس و هێزەکانی ئیسرائیل کەرتی غەززەی کردووەتە وێرانکاری، لەگەڵ ئەوەی تەواوی گەڕەکەکان وێران بوون، بەهۆی ڕووخانی سیستمی تەندروستیەوە زۆرێک لە نەخۆشخانەکان لە خزمەتگوزاری وەستاون و هەزاران خێزان ئاوارە بوون.

 

هێرشێکی ئیسرائیل بەیانی ئەمڕۆ ٢٣ی شوبات، خانوویەکی لە ناوچەی زەلاتەی ڕۆژهەڵاتی ڕەفەح کردە ئامانج و بووە هۆی گیان لەدەستدانی ٦ کەس لەنێویاندا دوو منداڵ و دوو ژن هەن، زنجیرەیەک هێرش بۆ سەر چوار ماڵ لە ناوەندی کەرتی غەززە بووە هۆی گیان لەدەستدانی ٤٠ کەس و برینداربوونی دەیان کەس.

 

لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٩٧ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و ١٣٢ کەسی دیکە برینداربوون لە ٩ کۆمەڵکوژیدا کە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە لە کەرتی غەززە ئەنجامدراون، بەمەش ژمارەی گیان لەدەستدانی شەڕی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حەماس بەرزبووەوە بۆ زیاتر لە ٢٩ هەزارو ٤١٠ کەس، ژمارەی بریندارەکان گەیشتە ٦٩ هەزارو ٤٦٥ کەسی دیکە، هەزاران کەسیش هێشتا لەژێر وێرانەو داروپەردوودان.

 

لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی گیان لەدەستدانەکان لە کەرتی غەززە، کە زۆربەیان منداڵ و ژنن، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور (MSF) لە لێدوانێکیدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، پزیشکیەکان بۆ نیشاندانی حاڵەتەکانی غەززە ئاماژەیان بە منداڵێکی بریندار بەبێ هیچ ڕزگاربوویەکی خێزانەکەی کردووە.

 

ئەوەشخراوەتەڕوو ئەو منداڵانەی ڕزگاریان بووە نەک تەنها ئازاری برینە دیارەکانیان هەڵدەگرن بەڵکو ئازاری برینە نەبیندراوەکانیش هەڵدەگرن و جەختیشی کردەوە لەوەی کە ڕووبەڕووی ئاوارەبوون و ترسێکی بەردەوام دەبنەوە و دەبینن خێزانەکانیان لەیەکتر تێکدەچن.

 

ڕوونیکردەوە کە خەڵکی غەززە پێویستیان بە ئاگربەستێکی دەستبەجێ هەیە نەک ماوەیەکی کاتی ئارامی.