لە جەژنی قورباندا داوای پاراستنی ژینگە دەکرێت

ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، فڕێدانی پاشماوەکانی قوربانی و شتی دیکە زیان بە خەڵک و ژینگە و تەندروستی گشتی دەگەیەنن.

ناوەندی هەواڵ

 

٢٨ی حوزەیران یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانە و هەموو ساڵێک لەو جەژنەدا هەزاران کیلۆ لە گۆشت و شیرینی و خواردنی دیکە دەکرێتە خێر، کە ئاژەڵ کردنە قوربانی لە پلەی یەکەمدایە، ئەمە جگە لەوەی، لەو جەژنە هەزاران سەر ئاژەڵ دەبنە قوربانی و سەردەبڕدرێن، لەلایەکی دیکەوە پاشماوەی پێست و خوێنی ئاژەڵەکانیش لە ژینگەدا فڕێ دەدرێن و دەبێتە هۆی زیانی تەندروستی و ژینگەیی.

 

ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، بەو بۆنەیەوە پەیامێکی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، "بەداخەوە ماوەی چەند ساڵێکە دیاردەیەکی نامۆ دەبینرێت، ئەویش فڕێدانی پاشماوەی ئاژەڵەکانە لەسەر شەقام و شۆستە و شوێنە گشتییەکان، ئەمە بە پێی شەرع و یاسا و ڕێکارە تەندروستییەکان، فڕێدانی پاشماوەکانی قوربانی و هەموو پاشماوەکانی تر سەرپێچی کردنن و زیان بە خەڵک و ژینگە و تەندروستی گشتی دەگەیەنن".

 

ڕێکخراوەکە داوا لە زانایانی ئیسلامی دەكات، لە وتاری نوێژی جەژن ئەو جۆرە کارانە بە حەرام ناو ببەن و خەڵکی لێ هۆشیار بکەنەوە، سوپاسی ئەو کەسانەش دەکەن كە هیچ کات نابنە هۆکاری ئازاردان و بێزارکردنی هاوڵاتییان و کارێک ناکەن، ببێتە هۆی پیسکردن و شێواندنی ژینگەی کوردستان.