ژنانی ناڕازی لە ئیلح: ئەوەی دەیکەن خیانەت، دوژمنایەتی و دزییە
ئەو ژنانەی کاردانەوەیان هەبوو بەرامبەر بە دانانی قەیوم لەسەر شارەوانی ئیلح دەڵێن: ئەوەی دەیکەن خیانەت، دوژمنایەتی و دزییە، هەرکاتێک لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتین، قەیوم دیاری دەکەن، ئێمە بەرامبەر شکاندنی ئیرادەمان، بەرخۆدان دەکەین.
مەدینە مامەدئۆغلو
ئیلح- ٤ی تشرینی دووەم، وەزارەتی ناوخۆی دەوڵەتی تورکیا، دەستی بەسەر سەرۆک شارەوانییەکانی گەورە شاری مێردین، ئیلح و خەلفەتی لەژێر بڕێوەبەری پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەل-دەم پارتیدا گرت. دوای دانانی قەیوم لە کاتژمێرەکانی بەیانیدا، پۆلیس شارەوانی ئیلحی گەمارۆدا و خەڵک بۆ ئیدانەکردنی دانانی قەیوم بەرەو شارەوانی بە ڕێکەوتن. پۆلیس بە بۆمبی گازی دەستوەردانی کرد و زۆر کەسی دەستگیر کرد، کە ویستیان لە بەربەستی پۆلیس بپەڕنەوە. ئەو ژنانەی ئیدانەی دانانی قەیومیان لەبەردەم سەرۆکی شارەوانیدا کرد، کاردانەوەی خۆیان بۆ دەزگاکەمان دەربڕی.
''چۆن ئەوەندە ئاسان دەتوانن ڕەنجی ئێمە بخۆن؟
مەلاحەت سەرهان وتی: چیتان لە ئێمە دەوێت؟ بۆ ئەم شارەوانیە ماڵی باوکیانە، خەڵکی ئیلح بە ڕەنجی خۆیان شارەوانییان بەدەستهێنا. چۆن ئەوەندە ئاسان دەتوانن ڕەنجی ئێمە بخۆن؟ ئێمە ئەم شتانە قبوڵ ناکەین. ئێمە دەمانەوێت بزانین کێشەیان چییە. لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانییەوە دەستیان بەسەر شارەوانی گرتووە. هیوای من ئەوەیە کە هیچ چاکەیەک لەم شارەوانییە وەرنەگرن. چونکە ئەم شارەوانییە لە ئەنجامی ڕەنجی ئێمە سەرکەوت. بانگەوازی من بۆ هەموو خەڵک ئەوەیە؛ با ئاگاداری شارەوانیەکانمان بین، ئاگاداری ئیرادەمان بین.
"ئێمە تا کۆتایی بەردەوامین لە تێکۆشان"
سەعادەت ئاجەت وتی: ئێمە ئەم شارەوانیانەمان بە دەنگەکانمان بردەوە. دانانی قەیوم دزییە. ڕاستی ئەوان ئەمەیە؟ ئایا ئەمە خوشک و برایەتی ئەوان وایە؟ ئایا مرۆڤایەتی ئەوان وایە؟ لەلایەک دەڵێن ئێمە خوشک و براین، لەلایەکی ترەوە باخچەلی دەڵێت با ئۆجالان بێت و قسە لەناو پەرلەمان بکات، ئینجا قەیوم بۆ شارەوانییەکانمان دادەنێن. ئەوەی دەیکەن خیانەت و دوژمنایەتی و دزییە. ئەو کەسەی لە سەرووی ئەوانەوەیە دزە، قەیومیش دزە. تا کۆتایی درێژە بە تێکۆشانی خۆمان دەدەین. ئێمە بۆ بەرخۆدان هاتووین بۆ ئێرە و بەرخۆدانیش دەکەین، ئێمە لەگەڵ ئەوان خوشک و برا نین.
"ئێمە بە گەڕانی کۆڵان بە کۆڵان شارەوانیەکانمان بەدەستهێنا"
ئەسما ئایهان ناڕەزایەتی خۆی لە بەرامبەر دانانی قەیوم دەربڕی و وتی: ئەوان شایەنی ئەوە نین، خوای گەورە لێیان قەدەغە بکات، تا زیندوو بین ئێمە بەرخۆدان دەکەین.
یەڵدز تان وتی: ئیتر قسەیەکمان نەماوە بیڵێین. دەڵێن ئیسرائیل ستەم لە فەڵەستین دەکات، ئایا ئەوەی بەرامبەر کورد دەیکەن دڕندەیی نییە؟ لە کۆڵانێکەوە بۆ کۆڵانێکی تر دەڕۆیشتین بۆ ئەوەی شارەوانیەکەمان وەربگرین، ئێمە هەنگاو بۆ دواوە نانێین، ئێمە لێرە دەبین، ئێمە بۆ هیچ شوێنێک ناچین.
ئەلیف تیلۆگتومور دەڵێت: ئێمە ئەمە قبوڵ ناکەین، با خوایش قبوڵی نەکات. تا توانامان هەبێت ئێرە بەجێناهێڵین. ئێمە حەقی خۆمان حەڵاڵ ناکەین. دزی دەکەن، ئێمە لە گەورەکانمانەوە ڕاستی فێربووین، ئەوان فێری دزی بوون. با دەربکەونە پێش خەڵک و بپرسن ''دەنگتان پێداین یان نا؟'' ئێمە دەنگمان بەوان نەدا. لە دەستمانی ئێمەدا هیچ شتێک نیە، بەڵام ئەوان تانک و تۆپیان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە تا کۆتایی بەرخۆدان دەکەین.