"هیوادارین نەورۆزی ئەمساڵ نەرۆزی ئاشتی و ئاسایش بێت"
ژنانی کانتۆنی عەفرین لە شەهبا هیوادارن نەورۆز ببێتە ڕۆژی ئاشتی و ئاسایش بۆ هەموو گەلانی ناوچەکە و نەتەوەی دیموکراتیک لە سەرتاسەری سووریا.
شەهبا
لەژێر دروشمی "ئازادی نۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد"، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە عەفرین لە کانتۆنی شەهبا لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا چالاکییەکانی ئاهەنگی نەورۆزی ٢٠٢٤ دەستیپێکرد.
ئاهەنگی جەژنی نەورۆز بۆ ساڵی ٢٠٢٤ بەهۆی بارودۆخی کەشوهەوای باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەچەند ناوچەیەکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دواخرا، لەنێویاندا لەشاری شەهبا، هەربۆیە ئەمڕۆ ئاهەنگەکە لە "گۆڕەپانی نەورۆز" لە ناحیەی "حەدەس".
دەیان هەزار کەسی ئەو شارە و ئاوارەی عەفرین لە هەموو پێکهاتە و توێژەکانەوە بە جلوبەرگی فۆلکلۆری خۆیانەوە کە بە ڕەنگی بەهار و سروشت ڕازێنراونەتەوە، جگە لە نوێنەرانی ئیدارەی خۆسەر لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی شاری سووریا، بەشداریان لە ئاهەنگەکەدا کرد.
هاوسەرۆکی بزووتنەوەی ڕۆشنبیری و هونەر، نەورۆز سلێمان، ڕایگەیاند، زیاتر لە دوو مانگە بەردەوام ئامادەکاریمان بۆ نەورۆزی ٢٠٢٤ کردووە، لەگەڵ گروپی گۆرانی و هەڵپەڕکێ، هەروەها ئامادەکارییەکانی دیکە بۆ گۆڕەپانی نەورۆز و پێشوازیکردن لە خەڵکە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی بارودۆخی کەشوهەوا ناچاربوون نەورۆز لە ٢١ی ئادارەوە بۆ ٢٣ی مانگ دوابخەن و دەشڵێت: ئێمە زیاتر لە ٨٥ ڕۆژ بەرخۆدانمان کرد لە بەرامبەر توندترین حاڵەتەکاندا جۆرەکانی چەک و هێرشی داگیرکەری و سەدان ساڵە نەورۆزمان لە ژێر هەر بارودۆخێک و هەلومەرجێک، یان فشاردا ئەنجام دەدەین.
شیرین عیسۆ، لە پێکهاتەی ئێزیدییەوە پیرۆزبایی نەورۆزی ٢٠٢٤ی لە هەموو ئەو کەسانە کرد کە گیانیان بەخت کردووە لە ڕێی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان، ستایشی تێکۆشان و خەباتی گەلانی کرد لە بەرامبەر هەموو سیاسەتەکانی جینۆساید و ستەمکاری کە دژی پێکهاتەکانن.
ئاماژەی بەوەشکرد، نەورۆز هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکە بە ڕەنگە جیاوازەکانیان و فرە زمانەکانیان کۆدەکاتەوە و ئەمەش دەیسەلمێنێت کە یەکگرتوویی و تەبایی گەلان لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و لە شاری شەهبا لە نێوان لە پێکهاتەکاندا هەبووە.
برێڤان شلفۆ، ئاماژەی بەوەدا نەورۆز ڕۆژێکە بۆ شکاندنی هەموو ئەو ئاستەنگ و بەربەست و ئاسۆی ترس و گرژییەی کە خەڵک بە هۆی فشار و سیاسەتەکانی دەسەڵات و ڕژێمە سەرمایەدار و کۆنتڕۆڵکەرەکانەوە بەرامبەر بە خەڵکی دەکەن و هەمیشە دەیانەوێت بە شێوازی جۆراوجۆر لە نەتەوەی خۆیان دووریان بخەنەوە.
دووپاتی کردەوە واز لە دۆزی خۆیان ناهێنن بۆ داوای ئازادیی هەموو گەلان و پێکهاتەکان، هەروەها بەردەوام دەبن لە بەرزڕاگرتنی ئەم ڕۆژە پیرۆزە و یادکردنەوەی هەموو ڕۆژە پیرۆزەکانی گەلانی ناوچەکە، هەروەها لە فشارەکانی دەسەڵاتداران ناترسن، گرنگ نییە چیان بەرامبەر دەکەن.