جۆرێکی تری جینۆساید ڕووبەڕووی خەڵکی غەززە دەبێتەوە

شەڕی بەردەوامی کەرتی غەززە لە نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حەماس، بە تەواوەتی ژێرخان و کەرتی تەندروستی تێکداوە و هەزاران کوژراو و بریندار و بێسەروشوێن هەن و چەندین هاوڵاتی بەهۆی برسێتییەوە گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ-

 

برسێتی و بۆردومانی بەردەوام لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە دانیشتوانی کەرتی غەززەی خستوەتە دۆخێکی خراپەوە، دوای ئەوەی جەنگ لە نێوان سوپای ئیسرائیل و کەرتی غەززە ڕوویدا،  لە ئێستادا بە هەزاران کەس کوژران و بەشێکی زۆریان لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو لە بەهۆی برسێتییەوە گیانیان لەدەستداوە.

 

کوژراوان و برینداران ڕێژەیان لە هەڵکشاندایە

بەپێی ئەو زانیارییانەی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە غەززە بڵاویکردووەتەوە، ژمارەی کوژراوانی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ ٢٩ هەزار و ٦٠٦ کەس بەرزبووەتەوە و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە ٦٩ هەزار و ٧٣٧ کەسی دیکە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە بەئامانجگرتنی ماڵی دانیشتووان  بۆ ١٤٢ەمین ڕۆژی لەسەریەک، ئەمەش بووەتە هۆکار لە زیادبوونی ژمارەی هاوڵاتیانی مەدەنی، بەتایبەتی دوای ئەوەی هێزەکانی ئیسرائیل ٨ کۆمەڵکوژییان لەدژی خێزانەکان ئەنجامدا، بەهۆیەوە ٩٢ کەس کوژراون و ١٢٣ برینداربوون، هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە وێرانکردن و بۆردومانکردنی ناوچە نیشتەجێبووەکانی کەمپی خان یونس و گەڕەکی ژاپۆن لە ڕۆژئاوای شارەکە،  ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی لە نزیک تاوەرە پزیشکییەکان کوژران.

 

 

برسێتی  خەڵکی غەززەی خستووەتە دۆخێکی خراپەوە

ماوەی پێنج مانگە مردن لە کەرتی غەززە بڵاوبووەتەوە لە ئەنجامی بۆردومانی زەمینی، ئاسمانی و دەریایی لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیل بۆسەر هەموو ناوچەکانی کەرتی غەززە و بە ئامانجگرتنی ژێرخانی غەززە،

 

ئێستا کەرتی غەززە ڕووبەڕووی جۆرێکی تری جینۆساید بووەتەوە، ئەویش برسێتییە، مەترسی مردن لەسەر ژیانی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی بوونی هەیە، بەتایبەتی منداڵان و ژنان ڕووبەڕووی بوونەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی تووشی بەدخۆراکی ببن.

 

هەرچەندە دۆخەکە لەوپەڕی خراپیدایە بەڵام هێزەکانی ئیسرائیل ڕێگری لە هاتنە ناوەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ناو غەززە دەکەن، ئەو پاڵپشتییە مرۆییە کەمەی کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگەی دەروازەی ڕەفەحەوە دەگاتە کەرتی غەززە بەشی هاوڵاتیان و زیانلێکەوتووان ناکات.

 

ڕێکخراوی خێرخوازی ڕزگارکردنی منداڵان هۆشداری دا لە زیادبوونی مەترسییەکانی برسێتی، ڕوونیشیکردەوە ئەگەر هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوام بن لە بۆردومانکردنی و ڕێگری لە هاتنی هاوکارییەکان بۆ ناو کەرتی غەززە ڕێژەی گیانلەدەستدان زیاد دەکات.