لە زۆربەی شارەکان ڕێپێوانی ئازادی بەرەو گەملیک بەردەوامە
لەگەڵ داواکردنی هەڵگرتنی گۆشەگیریی توندی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئازادی جەستەیی، ڕێپێوانی ئازادی لە بورساوە بۆ ناوچەی گەملیک بەردەوامە.
ناوەندی هەواڵ
ماوەی ٣٢ مانگە هیچ هەواڵێک لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە لە زیندانی جۆری ئێفی ئاسایشی باڵای ئیمڕالی نییە، لەگەڵ داواکردنی لابردنی گۆشەگیری و ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ڕێگای دیموکراسی، ڕێپێوانی ئازادی لە شارە جیاوازەکانەوە بۆ گەملیک دەستیپێکردووەو بەردەوامە.
هاوڵاتیان لە چەندین ناوچەی ئیستەنبوڵ بەشداربوون
لە ئیستەنبوڵ بۆ ڕێپێوانی ئازادی بە ڕێبەرایەتی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان "هەدەکە" ، نووسینگەی یاسای سەدە پارتی یەکسانی دیموکراتی گەلان "هەدەپ"، تەڤگەری ئازادی ژنان "تەژەئا"، فیدراسیۆنی کۆمەڵەکانی یاسا و پشتیوانی لەگەڵ خێزانە زیندانیکراوەکان و سزادراوانی مەد، کۆمەڵەی هاریکاری خێزانەکانی ئەنادۆڵو، پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان "دەبەپە"و ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەری میزۆپۆتامیا "نچم" ڕێپێوانیان کرد بۆ گەملیک.
لە زۆربەی ناوچەکاندا هاوڵاتیان بەبێ گوێدانە کەش و هەوا ڕووبەڕووی باران و با بوونەوە، لە زۆر خاڵەوە لە ناوچەی باغچیلار، هاوڵاتیان بە پەرۆشییەکی زۆرەوە بەرەو گەملیک ڕۆیشتن و دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ"یان بەرزکردەوە، ئەو هاوڵاتیانەی کە هەستی خۆیان دەربارەی ڕێپێوانەکە دەربڕی ڕایانگەیاند، سەرەڕای بەربەستەکان سوورن لەسەر گەیشتن بە گەملیک.
لە لایەکی دیکەوە، لە ناوچەکانی سیلیڤری، ئاڤچیلار و بەیلیکدوزو، گەل لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانیدا بە ئۆتۆمبێل بەرەو ناوچەکە کۆبوونەوە و سەرنجی هاوڵاتیانیان ڕاکێشا بە نیشانەی سەرکەوتن، هاوڵاتیان لەبەردەم بینای پارێزگای هەدەپ کۆبوونەوە دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ"یان وتەوە، لە گەڕەکی بایرامپاشا ئەوانەی کۆبوونەوە ڕایانگەیاند کە داواکاری سەرەکییان ئازادی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالانە، خەڵکێکی زۆر لە ئارناوتکۆ کۆبوونەوە و دژی گۆشەگیری توندی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەڵوێستیان دەربڕی.
"لە مەیدانەکان دەمێنینەوە هەتا گۆشەگیرییەکە هەڵدەگیرێت"
لە لایەکی دیکەوە، گروپێک هەریەک لە جەنگیز چیچک، هاوسەرۆکی هەدەکە، گۆنجا یانگۆزو مورات کاڵماز، هاوسەرۆکانی هەدەپەی ئیستەنبوڵ، لە توزلاوە بۆ گەملیک ڕێپێوانیان کرد. گەل لە توزلا کۆبوونەوە بە دروشمی "بژی بەرخۆدانی زیندانەکان"، "ژیان بەبێ سەرۆک بوونی نییە"، "گۆشەگیری لەناوەوە و دەرەوە بشکێنە"، "نا بۆ گۆشەگیری"، "کەرامەتی مرۆڤ بە ئەشکەنجە لەناودەچێت" و ڕێپێوانیان کرد، ئەو گروپەی کە بە پەنجە و چەپڵەوە بەرەو ئۆتۆمبێلەکان دەڕۆیشتن، لەلایەن پۆلیسەوە ڕاگیران، گەل کە بەربەستەکانی پۆلیسیان نەناسی، بە دروشمەوە بەردەوام بوون لە ڕێپێوانەکەیان، جەنگیز چیچک، هاوسەرۆکی هەدەکە لە ڕێپێوانەکەدا وتی: ئیمراڵی ناوچەیەکی بێ یاسا و گۆشەگیرییە، لەسەر شەقامەکانین تا ئەو کاتەی گۆشەگیری هەڵدەگیرێت، خەڵکەکە، کە بەردەوام دروشمی "شان بە شان دژی فاشیزم"یان دەوت، سواری ئۆتۆمبێلەکان بوون و بەرەو گەملیک ڕۆیشتن. لە لایەکی دیکەوە، ئۆتۆمبێلەکەی پەرلەمانتاری هەدەپی ئامەد لە ناوچەی توزلای ئەستەنبوڵ ڕاگیرا کە بەرەو گەملیک دەڕۆیشت.
ئەوانەی لە ئەنقەرەو مێرسێن بەشداربوون لە ئێسکیشەهر کۆبوونەوە
خەڵکێکی زۆر، لەنێویاندا سیاسەتمەداران، ئەنقەرە و مێرسینیان بەجێهێشت و لە دەروازەی ئێسکیشەهر کۆبوونەوە. دواتر هاوڵاتیان بەرەو گەملیک ڕۆیشتن.
لە ناوچەی ئیگییەوە بەرەو گەملیک
ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی شارەکانی هەرێمی ئیگی لە ناوچەی نەورۆزی گەڕەکی ئاکینجیلارای ناوچەی بوکایای ئیزمیر کۆبوونەوە، خەڵکەکە لە موغلا مانیسا و ئایدین لەلایەن پۆلیسەوە ڕاگیران، گەل بە دروشمی "پەستان ناتوانێت نمانترسێنێت" کاردانەوەیان بەرامبەر هێرشەکەی پۆلیس نیشاندا.
١٦ کەس دەستگیرکران
پێش ڕێپێوانەکە ١٦ کەس دەستگیرکران و گواستراونەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی چانکایا، ناوی دەستگیرکراوەکان بەم شێوەیەیە: مەحسوم کۆچ، ئایشە سیلیک، جوما کۆلو کیسا، شاکر ئۆکلاڤ، فولیا ئەردۆغان، عەبدولغانی تەلی، فاتمە فۆندا ئاکبولوت، دیندار ئارسلانغرای، ڕەمەزان سیلیک، ئیبراهیم ئەسن، نەوزات ئاکتاش، سیراچ تورگال، ئەمانەت کابان، کودبەتتین کاراگۆز و کامیل داغ، سەرەڕای هێرشەکەی پۆلیس، خەڵکێکی زۆر بە ئۆتۆمبێلی تایبەت ڕۆیشتن بۆ گەملیک.
چاوەڕوانی لە دەروازەی گەملیک بەردەوامە
لە بورسا، ناوەندی سەرەکی ڕێپێوانەکە، هاوڵاتیان لە گەڕەکی عەرەبایاتاغی ناوچەی یڵدریۆم کۆبوونەوە. ناوچەی دەوروبەری کۆبوونەوەکە لەلایەن پۆلیسەوە گەمارۆ درا، هەروەها زاندراوە کە باڵەخانەکانی پارتەکە لەلایەن پۆلیسەوە لە گەڕەکەکانی ئینگۆل و یڵدرم دەورە دراون، ئەندامانی پارت ڕێگەیان پێنەدرا بیناکە لە ئینگۆل بەجێبهێڵن، و ڕاگەیەندرا کە ڕێگە نەدراوە دەرگاکە لە ناوچەی یلدرم بکرێتەوە.
ئەو گروپەی کە گەیشتنە ئۆرهانغازی لەلایەن پۆلیسەوە ڕاگیران و ڕێگەیان پێنەدرا بچنە گەملیک، گوڵستان ئایدین، ئەندامی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان وتی: گەلی کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستیان بە تێڕوانینی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان هەیە، ئەمڕۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە حەوزی خوێن، تا ئەو کاتەی بەڕێز ئۆجالان زیندانی بیت ئەمە بەردەوام دەبێت، هەرگیز ئەمە قبوڵ ناکەین، وەک ژنانی کورد هەرگیز ڕێگە بەمە نادەین.
لە لایەکی دیکەوە، یەک لە دوای یەک لە دەروازەی گەملیک پۆلیس ئۆتۆمبێلەکانی ئەو کەسانەیان ڕاگرت کە بەشدارییان لە ڕێپێوانی ئازادیدا کرد، ئەو هاوڵاتییانەی کە ئۆتۆمبێلەکانیان ڕاگیران سەرەڕای کەشوهەوای سارد و باران، لەسەر پێیەکانیان وەستان.