"یەکگرتنی ژنان دەتوانێت دەستکەوتەکان بپارێزێت"

پانێڵی دووەم لەسەر دۆخی ژنانی ئێزدی و ژنان لەژێر دەسەڵاتی داگیرکاریدا بەردەوامە.

سلێمانی

 

کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری دۆخی ژنان لە چوار پارچەی کوردستان بە دروشمی "فێمیساید رابگرن-کۆمەڵکوژی ژنان ڕابگرن" بەردەوامە و ڤیدیۆیەک سەبارەت بە کوشتنی ژنان بەناوی "لەسەر بەردەنووسێک" کە لەلایەن یەکێتی ژنانەوە ئامادەکرابوو، نمایشکرا.

 

لە پانێڵی دووەمدا کە لەلایەن سازیان شەهید تاڵیب بەڕێوەدەبرێت باس لە دۆخی ژنانی ئێزدی و ژنان لە ژێر دەسەڵاتی داگیرکاریدا دەکرێت.

 

بابەتی یەکەم لەلایەن ئەڤین سوید، نوێنەری خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە باشوری کوردستان سەبارەت بە دۆخی ژنان لە ژێر دەسەڵاتی داگیرکاریدا پێشکەشدەکرێت، ئەڤین سوید باسی لەوەکرد ئەمڕۆ لە ژنانی کرێکار پیرۆزدەکات چونکە ئەمە دەستکەوتێکی گرنگە بۆ هەموو ژنان، "کاتێک باس لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکرێت وەها دەبینرێت کە دەستکەوتەکان بە ئاسانی بەدەستهاتوون، بەڵام بەو شێوەیە نییە و تا ئەمڕۆ تێکۆشانێکی مەزن بەڕێوەدەبرێت و ژنا بە خەبات و خۆڕێکخستن و یەکڕیزی توانیویانە دەستکەوتەکان بەدەستبهێینن".

 

سەبارەت بەو یاسایانەی ژنان و منداڵان دەپارێزێت لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەڤین سوید وتی: ئەو یاسایانەی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پەسەندکراون ئەوانەن کە ژنان و منداڵ دەپارێزن، بۆیە گفتوگۆیەکی بەوشێوەیە هەیە کە یاساکە بە تەواوی پەیڕەو بکرێت، ئەو ئامارانەی هەیە دەریدەخەن کە ڕۆژئاوای کوردستان بەو تێکۆشانەی دەیکات توانیویەتی توندوتیژی ژنان کەمبکاتەوە، ئەگەر باسی ئامارەکان بکەین، لە ماوەی ساڵی ڕابردوو ١٣ ژن کوژران و ٢٧ ژن خۆیان کوشتووە، کە ئەمەش بەراورد بە پارچەکانی دیکەی کوردستان ڕێژەی هەرە کەمە و هەوڵیش دەدرێت لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە یاسا و ڕێکاری دیکەی کۆمەڵگەیی ئاستی توندوتیژی و کوشتەکان کەمبکرێتەوە.

 

بابەتی دواتر لەلایەن سەبیحە سەبری ئیبراهیم، ئەندامی تەڤگەری ژنانی ئێزدی-تاژێ، لەبارەی دۆخی ژنانی ئێزدی لە واقعی ئیستادا پێشکەشکرا، باسی لەوەکرد ژنانی ئێزدی ڕووبەڕووی زۆرترین توندوتیژی، کوشتن و ڕفاندن بووەتەوە، بۆ ئەوەش پێویستە ژنان یەکبگرن و بتوانن لەو ڕێگەیەوە کۆمەڵکوژی ژنان کۆتایی پێبهێت.

 

لە کۆتایدا ئەنجامنامەی کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری ژنانی چوار پارچەی کوردستان بڵاودەکرێتەوە.

ت.پ