ژنانی سوەیدا: ئێمە وەک دایکان لە بەرامبەر نادادپەروەری و ستەمکاریدا یەک هاوارمان هەیە
٢٢ ڕۆژە خۆپیشاندان لە گۆڕەپانی کەرەمە لە شاری سوەیدای سووریا بەردەوامە و خۆپیشاندەران دروشمی ئازادی و گۆڕینی ڕژێمی سیاسی دەڵێنەوە.
ڕوشێل جونیۆر
سوەیدا- ناڕەزایەتییەکانی سوەیدا شاهیدی بەشدارییەکی گەورەی ژنانە بۆ داوای مافەکانیان، لە هەمووی گرنگتر گۆڕینی سیستەمی سیاسی وڵاتەکەیە، خۆپیشاندانەکان لە هەفتەی چوارەمدایە و دەیان کەس لە گۆڕەپانی کەرەمە گردبوونەتەوە، کە داوای گۆڕانکاری سیاسی و ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان دەکەن.
خۆپیشاندەران پانکارتیان بەرز کردەوە و لەسەری نووسراوە، "لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا کارەساتی سوورییەکان لەدایک بوو، ٩/١١/٢٠٢٣"، و "ئێمەی ئاوریشمی شاخ تا دوا هەناسە لێرەین و داوای کەرامەت دەکەین".
ئیمان نەبوانی، چالاکوانی بزووتنەوەکە، لەبارەی خۆپیشاندانەکانەوە وتی: ئێمە وەک ژنانی ئازاد لە جەبەل عەرەب دەڵێین نیشتمان بۆ هەمووانە و داوای مافە سەرەتایی و ڕەواکانمان دەکەین، تا ژیانێکی شایستە بژین، حکومەتی دیمەشق کار بۆ دەستگیرکردنی گەنجان و دانانیان لە زیندانەکانی خۆیدا دەکات بەبێ هۆکارێکی دیار، جگە لەوەی ڕووبەڕووی ئەشکەنجەدان و داننان بە شتێکدا دەبنەوە کە نەیانکردووە، ئەمەش دەبێتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێ لەنێواندا گەنجاندا، کە هۆکارە بۆ جێهێشتنی وڵاتەکەیان.
ئەو چالاکوانە جەختیشی کردەوە، "ئێمە وەک دایکان لە بەرامبەر نادادپەروەری و ستەمکاریدا یەک هاوارمان هەیە، داوای کۆتاییهێنان بە هەموو پێشێلکاری و پراکتیزەکانی حکومەتی دیمەشق و دەستەبەرکردنی بژێوی سەرەتایی بۆ هاوڵاتی و گۆڕینی سیستەمی سیاسی دەکەین، بۆ ئەوەی بە کەرامەتەوە لە وڵاتەکەدا بژین".