ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، داوای لێپرسینەوە لە ڕژێمی ئێران دەکات

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، خوازیاری لێپرسینەوەیە لە بەرپرسانی ڕژێمی ئێران لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە سەبارەت بە هەراسانکردنی کەسوکاری قوربانیانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی".

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ یەکشەممە، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە، جەختی لەسەر پێویستی کۆتاییهێنان بە کردەوەکانی هەراسانکردنەکانی ڕژێمی ئێران کردەوە بەرامبەر " کەسوکاری ئەو کەسانەی لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا بە شێوەیەکی نایاسایی کوژراون"، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە هەنگاو بنێن بۆ "لێپرسینەوە" لە بەرپرسانی حکومەتی ئێران.

 

لەم بەیاننامەیەدا، ئاماژەی کرد بە "هەراسانکردنی خێزانەکان، لەوانە دەستگیرکردنی ئارەزوومەندانە، دەستبەسەرکردن، شەق لێدان و دانپێدانانی زۆرەملێ"، هەروەها داوای پابەندبوونی لە حکومەتی ئێران کرد بە مافی مرۆڤ کە هەراسانکردنەکانی ڕابگرێت بەرامبەر بە هاوڵاتیانی ناڕازی و کەسوکاری شەهیدان.

 

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، پێداچوونەوەی بە زانیارییەکانی ٣٦ خێزان لە ١٠ پارێزگای ئێران کردووە، بە جەختکردنەوە لەوەی کە ڕژێمی ئێران لە سەروبەندی ساڵڕۆژی یەک ساڵەی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا، چەندین سیاسەتی فێڵبازانە بەکاردەهێنێت بۆ بێدەنگکردنی بنەماڵەی قوربانیانی شۆڕش و مافەکانیان پێشێل دەکات.

 

ئەم ڕێکخراوە جەختیکردەوە لەسەر زیادبوونی گوشارەکانی سەر بنەماڵەی قوربانیانی شۆڕشی ژنان، بە ئاماژەدان بە "لەناوبردنی گۆڕی چالاکوانان"، دەستگیرکردنی خێزانەکانیان و سنووردارکردنی توندی کۆبوونەوەیان لە گۆڕستانەکان.

 

لە کۆتاییدا ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی وێڕای داوای سەپاندنی شەرمەزاری جیهانی بۆ ئەنجامدەران و ئەو تاوانانەی لە ئێران ئەنجام دراون، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە "لێپرسینەوە" لە بەرپرسانی حکومەتی ئێران بکەن.

 

لە هەمان کاتدا کە ساڵڕۆژی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" نزیک دەبێتەوە، ڕژێمی ئێران دەستبەسەرکردنی چالاکوانان و هاووڵاتیانی ئێرانی چڕتر کردووەتەوە.

 

هەروەها بە هەڕەشەکردن لە کەسوکاری زیندانیان و قوربانیانی ئەم شۆڕشە و دروستکردنی تیرۆر لە شارە جیاجیاکان، هەوڵ دەدات ڕێگری لە هەڵگیرسانەوەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" بکات.