عێراق بڕیاری وەستاندنی " تێلێگرامی"دا

وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق وەستاندنی بەرنامەی تێلێگرامی ڕایگەیاند بەهۆی پابەندنەبوون بە پاراستنی زانیارییە کەسییەکانی بەکارهێنەران.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق ڕایگەیاند، بەرنامی تێلێگرامی بلۆک کردووە بەهۆی "نیگەرانییەکانی عێراق لە ئاسایشی نیشتمانی و پاراستنی زانیارییە کەسییەکانی بەکارهێنەران"، کە بە وتەی خۆی بەرنامەی تێلێگرام پێوەی پابەند نەبووە.

 

تێلێگرام لە عێراق بە شێوەیەکی بەرفراوان بۆ ناردنی نامە بەکاردێت بەڵام وەک سەرچاوەی هەواڵ و بۆ هاوبەشکردنی ناوەڕۆک، هەروەها هەندێک کەناڵی تێلێگرام بڕێکی زۆر زانیاری کەسی لەخۆدەگرن لەوانە ناو، ناونیشان و پەیوەندی خێزانی عێراقییەکان.

 

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، هۆکاری ڕاگرتنی تێلێگرام دەگەڕێتەوە بۆ دزەپێکردنی داتا و بەڵگەنامەی فەرمی دامودەزگاکانی دەوڵەت، هەرچەندە کۆمپانیاکە ئاگادارکراوەتەوە، بەڵام کۆمپانیاکە وەڵامی هیچ کام لەو داواکاریانەی نەداوەتەوە و ئامادەنەبووە هاوکاربێت لە ڕاگرتن و چارەسەرکردنی دزەپێکردنەکە، بۆیە لەبەر پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی بڕیاری وەستاندنی داوە".

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "وەزارەتی پەیوەندییەکان ڕێزگرتن لە مافی هاووڵاتیان بۆ ئازادی ڕادەربڕین و پەیوەندیکردن دووپاتدەکاتەوە، بەبێ ئەوەی زیان بە ئاسایشی دەوڵەت و دامەزراوەکانی بگەیەنێت".

 

هاوکات پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا ڕایگەیاندووە، كە بڕیاری ڕاگرتنی خزمەتگوازی تیلیگرام لە ئێستادا هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە.