ئێران سزای توند بەسەر ژنان دەسەپێنێت

سابین یەزدانی هاوڵاتییەکی بەهایی، ڕەوانەی زیندانی کەچوی شاری کەرەج کراوە، هەروەها نیلی داوودی، هاوسەری یەکێک لە قوربانیانی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕی "ژن، ژیان، ئازادی"، ڕایگەیاند کە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بانگهێشت کراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ یەکشەممە، سابین یەزدانی هاووڵاتی بەهایی دانیشتووی شاری کەرەج کە پێشتر لە لایەن دادگای ئینقلابی کەرەجەوە حوکمی ٣ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرابوو، ڕەوانەی زیندانی کەچوی شاری کەرەج کراوە.

 

سابین یەزدانی لە ساڵی ٢٠٢٢ لەگەڵ ١٢ هاووڵاتیی دیکەی بەهایی دوای هەڵمەتێکی بەرفراوانی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵی هاووڵاتیانی بەهایی لە پارێزگای ئەلبۆرز و دوای تەواوبوونی لێپرسینەوە و ڕوونکردنەوەی تۆمەتەکان دەستبەسەر کران، پاشان بە کەفالەت بۆ ماوەیەکی کاتی ئازاد کرا.

 

لە کۆتاییدا ئەم هاووڵاتییە بەهایییە لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ ١٢ هاووڵاتیی دیکەی بەهایی بە تۆمەتی:

 

 "سووکایەتیکردن و چالاکیی پەروەردەیی و پڕوپاگەندە دژ بە شەریعەتی ئیسلام، بەشداریکردن لە پێکهێنانی گروپ و بەڕێوەبردنی تاکەکان بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات لە ڕێگەی پێشخستنی باوەڕی بەهایی بۆ منداڵان و هەرزەکاران، چالاکیی پەروەردەیی و بانگەشەکردن بە پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلام لە ڕێگەی پەروەردە و لەسەر بنەمای فێرکارییەکانی بەهایی لە باخچەی ساوایان".

 

ناوبراو سزای ٣ ساڵ کۆیلایەتی، ٥ ساڵ زەوتکردنی مافە کۆمەڵایەتییەکان، ٢ ساڵ قەدەغەکردنی مانەوە لە پارێزگای ئەلبۆرز، ٢ ساڵ قەدەغەکردنی چوونەدەرەوەی وڵات و ٢ ساڵ قەدەغەکردنی هەر چالاکیەکی پەروەردەیی و کولتووری بەسەردا سەپێندرا.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە دوێنێ هەروەها ٩ کەسی دیکەی بەهایی کە تۆمەتبارن لەم کەیسەدا بۆ تێپەڕاندنی سزاکەیان ڕەوانەی زیندان کراوە.

 

هاوسەری قوربانیەکی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" بانگهێشتی دەزگا ئەمنییەکان دەکرێت

لە درێژەی بانگەواز و گوشارەکانی ڕژێمی ئێران بۆ سەر بنەماڵەی داواکاران، ئەمڕۆ یەکشەممە، نیلی داوودی، هاوسەری یەکێک لە قوربانیانی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانە "ژن، ژیان، ئازادی" بە بڵاوکردنەوەی ستۆرییەکی ئینستاگرام لە هەژماری تایبەتی خۆی دووبارەبوونەوەی بانگهێشتنامەی دەزگا ئەمنییەکانی بۆ چەندین جار ڕاگەیاند.

 

نیلی داوودی، هاوسەری قوربانیەکی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" بەبێ فەرمانی دادگا و تەنها بە تەلەفۆن بانگهێشتی دەزگا ئەمنییەکان کراوە.