عێراق سیستەمی ئاسایشی کۆمەڵایەتی بۆ پاراستنی کرێکاران دروست دەکات

ڕۆژی چوارشەممە پەرلەمانی عێراق دەنگیدا بە پەسەندکردنی یاسای نوێی دەستەبەری کۆمەڵایەتی کە چاکسازیی دوور مەودا لە سیستەمی ئاسایشی کۆمەڵایەتی بۆ کرێکارانی کەرتی تایبەت دەناسێنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی چوارشەممە پەرلەمانی عێراق دەنگیدا بە پەسەندکردنی یاسای نوێی دەستەبەری کۆمەڵایەتی کە چاکسازیی دوور مەودا لە سیستەمی ئاسایشی کۆمەڵایەتی بۆ کرێکارانی کەرتی تایبەت دەناسێنێت، بەپێی بەیاننامەیەکی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار-ILO.

 

یاسا نوێیەکە کە جێگەی یاسای ژمارە ٣٩ی خانەنشینی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی بۆ کرێکارانی کەرتی تایبەت لە ساڵی ١٩٧٩ دەگرێتەوە، سیستەمی ئاسایشی کۆمەڵایەتی بۆ کرێکارانی کەرتی تایبەت لە نزیکەوە هاوتەریب دەکات لەگەڵ ڕێککەوتننامەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی ڕێکخراوی کار، ساڵی ١٩٥٢ " ژمارە ١٠٢" کە لە ڕاگەیەندراوەکەدا ڕوونیکردووەتەوە، لە مانگی ئاداری ٢٠٢٣ لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە فەرمی پەسەندکرا.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ڕوونیکردەوە، یاساکە ڕووماڵی یاسایی سیستمی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بەشێوەیەکی بەرچاو فراوانتر دەکات، هەموو کرێکاران دەگرێتەوە لەوانەش کرێکارانی نافەرمی، خۆبەخشەکان و کرێکارانی خێزانیی بەشداربوو.  

 

هەروەها لە بەیاننامەکەدا وردبینی کردووەتەوە، مەودای مافەکان فراوانتر دەکات بۆ ئەوەی بۆ یەکەمجار یارمەتییەکانی منداڵبوون و دایکایەتی و بێکاری بگرێتەوە، هەروەها یاساکە بیمەی تەندروستی دابین دەکات کە لە دابینکەرانی گشتی و هاوبەشی و تایبەت وەرگیراون.

 

لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن لیژنەی ڕێکخراوەکانی کار و کۆمەڵگەی مەدەنییەوە بڵاوکرایەوە، تیشکی خستە سەر ئەو یاسایە لەنێو ئەولەویەتەکانی ڕەشنووسی یاساکاندایە لە بەرنامەی حکومەتدا، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ پێشهاتەکانی دۆخی ئێستا و هەروەها داهاتوو، هەروەها هاوتەریب لەگەڵ بانگەوازی ڕێکخراوی کار و کاروباری نێودەوڵەتی بۆ فراوانکردنی ڕووماڵکردن بۆ کەرتی تایبەت، لە بەیاننامەکەدا وێنا کراوە.

 

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بەپێی بەرنامەی چاکسازی لە پاراستنی کۆمەڵایەتیدا کە یەکێتی ئەوروپا پارەی بۆ دابینکراوە، ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار لەگەڵ حکومەت و نوێنەری خاوەنکار و کرێکاران و لیژنەی پەرلەمانیش بۆ پێداچوونەوە بە یاسای ئاسایشی کۆمەڵایەتی کاردەکات.

 

هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار و هاوبەشەکانیش دەست دەکەن بە هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوە بۆ کرێکاران و خاوەنکارەکان سەبارەت بە ماف و بەرپرسیارێتیەکانیان بەپێی یاسای ئاسایشی کۆمەڵایەتی، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ پشتیوانیکردن لە فراوانکردنی ڕووماڵکردن بۆ زیاتری کرێکاران.