بانکی ئینگلتەرا ڕایگەیاندووە دابەزینی نرخی خۆراک لە داهاتوویەکی نزیکدا بەدەستنایەت

بانکی ئینگلتەرا هۆشداری داوە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک، بەرزبوونەوەی نرخەکان بەو خێراییە دانابەزێت کە پێشبینی دەکرا.

ناوەندی هەواڵ

 

بانکی ئینگلتەرا هۆشداری داوە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک، بەرزبوونەوەی نرخەکان بەو خێراییە دانابەزێت کە پێشبینی دەکرا، پێشبینییەکە لەکاتێکدایە کە ڕێژەی سوودی لە ٪٤.٢٥ بۆ ٪٤.٥بەرزکردەوە، ئەمەش وەک هەوڵێکە بۆ کەمکردنەوەی بەرزبوونەوەی نرخەکان.

 

بانکی ناوەندی ڕایگەیاندووە، هەڵاوسانی ئابووری لە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک "لە مانگی نیساندا بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت" بەڵام پێشبینییە نوێییەکان ئەوە نیشان دەدەن کە دابەزینی نرخەکان ماوەیەکی دەوێت و بەم نزیکانە بەدەستنایەت.

 

گۆڕانکاری لە ئاسۆی ئابووریدا جیاوازیەکی زۆری هەیە لەگەڵ پێشبینییەکانی بانکی ناوەندی کە شەش مانگ لەمەوبەر ڕایگەیاندبوو بەریتانیا دەچێتە ناو درێژترین پاشەکشەی ئابوورییەوە کە تۆمارکراوە.

 

بانکی ناوەندی پێشبینی دەکات ئابوورییەکەی لە سێ مانگی یەکەمی ساڵدا و هەروەها لە نێوان مانگەکانی نیسان و حوزەیران بە ڕێژەی ٠.٢٪ گەشەبکات، بەڵام پێشبینی دەکرێت هەڵاوسانی ئابووری و ئەو ڕێژەیەی کە نرخەکان بەرز دەبنەوە کاتێکی زیاتر بخایەنێت تا کەم ببێتەوە، سەرەڕای ئەوەی بانکی ناوەندی لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢١ەوە ١٢ جار لەسەریەک ڕێژەی سوودی بەرزکردووەتەوە بۆ بەرزترین ئاست لە ماوەی نزیکەی ١٥ ساڵ، دانانی ڕێژەی سوود دەتوانێت مانای ئەوە بێت کە خەڵک زیاتر پارە پاشەکەوت دەکەن و کەمتر قەرز بکەن.

 

لە ڕووی تیۆریەوە ئەمە واتای ئەوە دەگەیەنێت کە پارەی کەمتریان هەیە بۆ خەرجکردن بۆیە شتێکی کەمتر دەکڕن، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ وەستاندنی بەرزبوونەوەی نرخەکان بەو خێراییە.

 

 هەروەها قەرزکردن و فراوانکردنی پارە بۆ کۆمپانیاکان قورستر دەکات، زیادبوونی ڕێژەی سوود بە مانای زیادبوونی پارەی خانووبەرە و قەرز بۆ هەندێک کەس دەبێت، بەڵام دەتوانێت سوود بە پاشەکەوتکەران بگەیەنێت، بە بەراورد لەگەڵ پێش کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢١ پێش ئەوەی ڕێژەی سوود دەست بە بەرزبوونەوە بکات، کڕیارێکی ئاسایی گرێبەستی خانووبەرە مانگانە نزیکەی ٤١٧ پاوەند زیاتر دەدات و خاوەن گرێبەستی خانووبەرەی ڕێژەی گۆڕاو نزیکەی ٢٦٦ پاوەند زیاتر دەدات.

 

ئێستا پێشبینی دەکرێت هەڵاوسان تا کۆتایی ئەمساڵ بۆ ٪٥ دابەزێت، کە لە سەرووی ٪٤ی پێشووەوە پێشبینی دەکرا، بەڵام ئەوە هێشتا زیاترە لە دوو هێندەی ئامانجی بانکی ناوەندی کە ٢٪ بێت، لە ئێستادا نرخەکان بە ڕێژەی ساڵانە بە ڕێژەی ٪١٠.١ بەرز دەبنەوە، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی خۆراکەوەیە.