بۆ باشترکردنی تەندروستی دەروونی منداڵان، قوتابخانەکان درەنگتر دەست بە وانەکان دەکەن

دەستپێکردنی کاتی وانەکانی خوێندن لە بەشێکی زۆری قوتابخانەکانی ئەمریکا بۆ ٢ کاتژمێر درەنگتر گۆڕدراوە، بە ئامانجی پاڵپشتیکردنی تەندرووستی دەروونی خوێندکاران.

ناوەندی هەواڵ

 

دەستپێکردنی کاتی وانەکانی خوێندن لە بەشێکی زۆری قوتابخانەکانی ئەمریکا بۆ ٢ کاتژمێر درەنگتر گۆڕدراوە، ساڵی ڕابردوو ئەم گۆڕانکارییە لە لایەن هەزاران خوێندکار و بەشێکی قوتابخانەکانەوە پێشوازی لێکراوە، کاتی دەستپێکردنی وانەکانی خوێندن لە کاتژمێر ٧:٣٠ بەیانییەوە بۆ ٩:٤٥ بەیانی دواخراوە.

 

  ئامانج لە گۆڕینی کاتی وانەکانی خوێندن لە قوتابخانەکان کەمکردنەوەی فشارەکانە لەسەر خوێندکاران بەوەی کە یارمەتیاندەدات خوێندکاران ماوەیکی زیاتر بخەون و بە دەروونێکی ئارامترەوە بەشداری وانەکانی قوتابخانە بکەن، کە وەک ڕێگەیەک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی تەندروستی دەروونی دادەنرێت کە کاریگەری لەسەر هەرزەکاران هەیە لە سەرانسەری ئەمریکا.

 

لە کاتی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا ڕێگەیدا بە هەندێک لە قوتابخانەکان بۆ دانانی خشتەی نوێی خوێندن، لە ماوەی پەتاکەدا، ژمارەیەکی زۆری خوێندکارانی ئامادەیی، هەستی بەردەوامی خەمۆکی یان بێهیوایییان دەردەبڕی بەتایبەتی کچان و بەرزترین ئاستی خراپی تەندروستی دەروونی و هەوڵی خۆکوشتنیان هەبووە، لێکۆڵینەوەکان باس لەوە دەکەن کە خوێندکارانی قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی بەشی پێویست ناخەون.

 

ئۆرفیو باکستن، بەڕێوەبەری هاوکاری خەو و تەندروستی و کۆمەڵگە لە زانکۆی پێن ستێت دەڵێت: "ئەم کۆسپ و ئاستەنگییە تەندروستی دەروونیانە کە ڕوودەدەن لەگەڵ نەبوونی خەوتنی تەندروست بۆ گەنجان بارودۆخی دەروونیان خراپتر دەکات، لە هەمان کاتدا دەبێتە هۆی زیادبوونی بیرۆکەی خۆکوژی."

 

لەسەر ئاستی نیشتمانی، لانیکەم نۆ ویلایەتی ئەمریکا بیر لە یاسادانان دەکەنەوە کە پەیوەندییان بە کاتی دەستپێکردنی قوتابخانەکانەوە هەیە، ئەمەش بە بەراورد بە چوار ویلایەت لە ساڵی پێشوودا بەپێی کۆنفرانسی نیشتمانی یاسادانانی ویلایەتەکان، کالیفۆرنیا لە ساڵی ٢٠١٩ بووە یەکەم و تاکە ویلایەت کە کاتی دەستپێکردنی قوتابخانەکانی گۆڕی.

 

سیستەمی قوتابخانە گەورەکان لەوانەش دێنڤەر، فیلادلفیا و ئەنکۆرەیج، ئەلاسکا، بیریان لە گۆڕینی خشتەی خوێندن کردوەتەوە.

ماتیۆ ئالۆوەی بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک کە سیستمە نوێکەی پەیڕەو کردووە وتی پەروەردەکاران سەرنجیان داوە لەگەڵ دەستپێکردنی درەنگتری وانەکانی قوتابخانە کەمتر خوێندکار لە پۆلدا دەخەون، هەروەها نزیکەی ٤٠٠ لە ٤،٢٥٠ خوێندکاری قوتابخانەکە تەنها لە ڕێگەی فێربوونی ئۆنلاینەوە بەشداری دەکەن.

 

ڕەخنەگران ئاماژەیان بەوە کردووە کە خوێندکاران لە خشتەی نوێدا کاتی فێرکاری کەمتریان هەیە، ماوەی ٨٠ خولەکی ئاسایی کورتکراونەتەوە، بەڵام پەروەردەکاران دەڵێن ٦٠ خولەک وانە خوێندنی چڕ زیاتر یارمەتی خوێندکاران دەدات بۆ فێربوون و مانەوەی سەرنجی خوێندکار لەسەر وانەکان، هەروەها مامۆستایان سوودیان لە خشتەی نوێی خوێندن وەرگرتووە کە دەتوانن بەیانیان ئاگاداری خۆیان و خێزانەکانیان بن.