ئەسیوپیا ٥٠٠ هەزار ژن بۆ کاری ناوماڵ لە سعودیە دادەمەزرێنێت

٥٠٠ هەزار کرێکاری ئەسیوپی وەک کرێکار لە سعودیە دادەمەزرێن، شارەزایانی مافی مرۆڤیش نیگەرانن لەو پێشێلکارییانەی ئەکرێت ڕووبەڕووی کرێکاران ببێتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، خەڵکی ئەسیوپییا ڕوویان لە سعودیە و لوبنان و کوێت کردووە بۆ گەڕان بەدوای کار، کە زۆربەیان لەلایەن دەزگا ناوخۆییەکانی دامەزراندنی ئەسیوپیا یان بازرگانانی مرۆڤەوە ڕێکدەخرێن، ئەمجارەیان حکومەتی ئەسیوپیا سەرپەرشتی تەواوی پرۆسەکە دەکات، بە دامەزراندنی کارمەند و ڕیکلامەوە.

 

بەڵگەنامە کارگێڕییەکان کە بینراوە پلانی دامەزراندنی نیو ملیۆن ژن لە نێوان تەمەنی ١٨ بۆ٤٠ ساڵان ئاشکرا دەکەن، بۆ ئەوەی ڕەوانەی سعودیەیان بکەن بۆ ئەوەی وەک کرێکاری ناوماڵ کاربکەن.

 

لە سەرەتای مانگی ئادار، بۆ یەکەمجار ئاگادارییەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک و لەسەر تابلۆکانی شارەکانی ئەسیوپیا دەستیان بە دەرکەوتن کرد، کە داوای لە ژنان دەکرد ناوی خۆیان تۆمار بکەن بۆ دامەزراندن لە سعودیە.

 

لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ سعودیە بەشێوەیەکی کاتی کۆچی کرێکارانی لە ئەسیوپیا قەدەغە کرد بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید ١٩، لە مانگی شوباتدا قەدەغەکردنەکە هەڵگیرا و دەسەڵاتدارانی ئەسیوپیا هەڵمەتی دامەزراندنی کارمەندەکانیان دەستپێکرد و ٥٠٠ هەزار کەس دادەمەزرێنن، لەنێویاندا ناوی ١٥٠ هەزار کەس لە ناوچەی ئەمهارا خراوەتە بەردەست.

 

ژنان بەشێکی زۆری ئەو کرێکارانە پێکدەهێنن و کرێکارانی کۆچبەر مانگانە هەزار ڕیاڵ "نزیکەی ٢٦٦ دۆلار" بەدەستدەهێنن، کە زیاترە لە زۆربەی ئەو هەلی کارانەی کە لە ئەسیوپیا پێشکەش دەکرێن کە تێچووی بەرهەمی ناوخۆیی ساڵانەی سەرتاسەری لە ساڵی ٢٠٢١دا ٩٢٥ دۆلار بووە.

 

هەروەها بەرپرسانی فیدراڵی ئەم بەرنامەیە بە هەوڵێکی ڕزگارکردنی ژیان باسی دەکەن و تیشک دەخەنە سەر ئەو مەترسیانەی کە ئەسیوپییەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە لە گەشتە مەترسیدارەکاندا بە درێژایی ڕێڕەوی کۆچبەران لە ڕێگەی یەمەن و جیبۆتی.

 

ئەمسالو باشا، بەرپرسێک لە وەزارەتی کار و لێهاتوویی ئەسیوپیا لە مانگی ڕابردوودا لە میدیایەکی دەوڵەتیدا ڕوونیکردەوە، "وەزارەتەکەمان کاردەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی خەڵکی ئەسیوپیا دەتوانن کۆچ بکەن بۆ کار بەبێ ئەوەی ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە و بە گەرەنتی مووچە و خۆشگوزەرانییان".

 

بەڵام پسپۆڕانی مافی مرۆڤ دەڵێن نیگەرانن لە هەڵمەتی دامەزراندنی بەکۆمەڵ، بە لەبەرچاوگرتنی پێشینەی خراپی سعودیە لە بواری مافەکانی مرۆڤ.

 

لە ساڵی ٢٠٢٠ پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا بڕیارێکی ئیدانەکردنی سعودییەی دەرکرد دوای ئەوەی هەواڵی ئەشکەنجەدان و گیانلەدەستدانی خەڵکی ئەسیوپی لە دەستبەسەری سعودیە بڵاوکرایەوە.

 

هێشتا زۆرێک لە کرێکارە کۆچبەرەکان لە یاساکانی کار لە سعودیە دوور دەکەونەوە و لە ژێر سیستمی بە کۆیلایەتیی کردنی مۆدێرن بەراورد کراوە، سەرەڕای هەموارکردنەوەی ڕێساکان لە ساڵی ٢٠٢١.

 

سعودیە ساڵانێکە بە ئارەزووی خۆیان هەزاران کۆچبەری ئەسیوپی دەستگیرکردووە و دەستبەسەریان کردووە لە ترسناکترین بارودۆخەکاندا کە دەکاتە ئەشکەنجەدان و مامەڵەی ڕیسواکردن، لە خەڵکی داوە تا مردن ودیپۆرتیان کردوونەتەوە.

 

بەرپرسان لە یەکێک لە دانیشتنەکانی دامەزراندندا لە ناوچەی ئۆرۆمیای وڵاتەکەدا گەنجانی دامەزراویان دڵنیاکردەوە کە پارتی دەسەڵاتدار بەرپرسیارێتی پرۆسەکەی گرتۆتە ئەستۆ بۆ ڕێگریکردن لەو زیانانەی کە لەگەڵ کۆچی نایاساییدا دێت.

 

لە پێناو پاراستنی ژیانی کرێکاران و دەستەبەرکردنی مافەکانیان دەبێت دەسەڵاتدارانی ئەسیوپیا هەوڵی دەستەبەرکردنی پاراستنی تەواو بدەن، لەوانەش هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی کافالا کە کۆچبەران دەخاتە مەترسییەوە بۆ خاوەنکارە توندوتیژەکان، هەروەها نابێت بە گەرەنتی ساختەی پاراستن پاڵ بە ژنانەوە بنێن بۆ کۆچکردن.