هاندانی قوتابخانە نا حکومییەکان بۆ جێبەجێکردنی حیجابی زۆرەملێ بە هاندانی دارایی

سەرۆکی ڕێکخراوی قوتابخانە و سەنتەرە ناحکومییەکانی وەزارەتی پەروەردە ڕایدەگەیەنێت، "نوێژ و گرنگیدان بە حیجاب" کاریگەرە لە ئەگەری زیادکردنی کرێی خوێندنی قوتابخانە نا حکومییەکان.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ یەکشەممە، حەمەد مەحمودزادە، بەرپرسی ڕێکخستنی قوتابخانە و ناوەندە ناحکومییەکانی وەزارەتی پەروەردە، ڕایگەیاند کە "ڕەچاوکردنی نوێژ و حیجاب" کاریگەرییەکی بەرچاوی هەیە لە دیاریکردنی کرێی خوێندنی قوتابخانە ناحکومییەکان.

 

بەرپرسی ڕێکخراوی قوتابخانە و ناوەندە ناحکومییەکانی وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاندووە کە ئەگەر قوتابخانەکان "بە ڕێبازێکی کولتووری و پەروەردەیی، بەشداری پێشبڕکێ و فێستیڤاڵە کولتوورییەکان بکەن، خوێندکاری چالاکیان هەبێت لە گرنگیدان بە نوێژکردن و ڕەچاوکردنی حیجاب و پاکیزەیی و بابەتە هاوشێوەکانی تر، کاریگەرییەکی بەرچاوی دەبێت لەسەر دیاریکردنی کرێی خوێندنیان".

 

بەم شێوەیە ئەو قوتابخانانەی کە خاڵی پێویست لەم ڕووەوە بەدەست دەهێنن لەوانەیە بتوانن کرێی خوێندنیان بە ڕێژەی ٢٠٪ زیاد بکەن.

 

دەسەڵاتدارانی ڕژێمی ئێران هەمیشە هەوڵدەدەن لە ڕێگەی جێبەجێکردنی یاسا کۆنەپەرچەکانیانەوە پەروەردە بکەنە شوێنێک بۆ ئامانجە ئایدیۆلۆژییەکانیان و بە زۆر قوتابیان لە کاروان و ڕێوڕەسمی ئایینیدا بەشدار بکەن، بە بڕوای شارەزایان ئەمە دەبێتە هۆی لادان لە ڕێبازی پەروەردەی زانستی و کارکردنی دادپەروەرانەی قوتابخانەکان.