ساختەکاری هەڵبژاردن لەلایەن حکومەتەوە لە سەمسور

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ١٤ی ئایار، ساختەکارییەکانی حکومەت لە سەمسور دەردەکەون، ١٣٤ دەنگدەر لە زەوییەکی چۆڵدا تۆمارکران، زەینەب کارادۆغان هاوسەرۆکی پارتی چەپی سەوزی سەمسۆر، ڕایگەیاند کە ناڕەزایەتییەکانیان قبوڵ نەکراوە.

مەدینە مامەدئۆغلۆ

 

سەمسور- ١٤ی ئایاری ساڵی ٢٠٢٣، واتە ڕۆژی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی نزیک دەبێتەوە، ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکان کە بە "هەڵبژاردنی کۆتایی هێنان بە ئاکەپە، کە ٢١ ساڵە لە تورکیا دەسەڵاتی هەیە" دادەنرێت، بەردەوامە.

 

زەوییەکی کشتوکاڵی چۆڵ لە سەمسۆر وەک یەکێک لەو ناوچانە دەستنیشان کراوە کە دەنگدەرانی تێدا تۆمارکراوە، لە شارەدێی گیرنێ، کۆلیک، لەسەر شەقامی یونس ئێمرێ ژمارە یەک، لەسەر زەوییە چۆڵەکانی بەردەم بیناکان، کە هیچ ناوێکی تۆمارکراو نییە، بەڵام دەرکەوت کە ١٣ دەنگدەر لەسەر ئەم زەوییە تۆمارکراون و ناڕەزایەتی دەربڕین هەبوون، بەڵام ئەو ناڕەزایەتیانەش ڕەتکرانەوە.

 

بەپێی ئەو بەڵگەنامەیەی دەستکەوتووە، جێگای سەرنجە کە شوێنی ئەو دەنگدەرانە لە مەڕەش و هاتایە، لە لایەکی ترەوە جێگای سەرنجە کە زۆربەی ئەو دەنگدەرانەی ناویان لەسەر زەوییەکی چۆڵ تۆمار کراوە تەمەنیان لە نێوان ٢٩ بۆ ٢٥ ساڵدایە، و بەشێکیان پیاوانی بەساڵاچوون.

 

قوربانیانی بوومەلەرزەکە، بۆ بەرژەوەندی لە هەڵبژاردن بەکاردەهێندرێن

زەینەب کارادۆغان لە پارتی چەپی سەوز کە ئێستا لە سەمسورە، ڕایگەیاند کە دەنگدەران لەسەر خانوو و کێڵگە چۆڵەکان پیشان دراون و ڕایگەیاند کە ناڕەزایەتییەکانیان بەرامبەر بەم دۆخە قبوڵ نەکراوە، دوای ئەو کارەساتە گەورەیەی بوومەلەرزەکە، شارەکە وێران بووە و زیاتر لە ٣٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە هەرچەندە تا ئێستا ژمارەی ڕاستەقینە ئاشکرا نەکراوە، هەزاران باڵەخانە لە شارەکەدا وێران بوون، هاوکات لەگەڵ مردن کۆچیش ڕوویداوە، و ماوەی ٢ مانگە هیچ لێکۆڵینەوەیەک لەسەر ژمارەی گیانلەدەستدان و ژمارەی ئەو کەسانەی کۆچیان کردووە ئەنجام نەدراوە.

 

زەینەب کارادۆغان وتی: " ئێمە دەبینین و شایەتحاڵی ئەوە دەبین کە ئەم دۆخە بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن بەکاردەهێنرێت، خەڵکێکی زۆر لە دەرەوەی وڵاتەوە هاتبوونە ئێرە، ئێمە هەوڵدەدەین بە کارکردن لە دەرەوەی وڵات ژمارەی مردووەکان، بیانییەکان یان کۆچبەران دیاری بکەین".

 

"خانووە چۆڵەکان وەک ناونیشانی دەنگدەران نیشان دەدرێن"

زەینەب کارادۆغان ڕایگەیاند کە ناڕەزایەتیان دەربڕیووە بەرامبەر بەوەی کە زەوییە کشتوکاڵییە چۆڵانەی کە لە کاهتا وەک ناونیشانی دەنگدەر نیشاندراون، " چووینە شوێنەکە و هیچ کەسێکی لێنەبوو بۆیە ئێمە تانەمان لە پارێزگار گرت، بەڵام بە بیانووی ئەوەی خەڵک و هێزە ئەمنییەکان لەوێ دەژین، تانەکەمان ڕەتکرایەوە، واتە لە ڕاستیدا کەس لەوێ ناژی بەڵام کەسانێک هەن وەک دەنگدەر ناویان تۆمار کراوە، زانیاریمان دەستکەتووە کە هەمان کار ئەنجامدراوە لە ناوچەکانی دیکەش."

 

"مەترسی دەنگدانی بەکۆمەڵیش هەیە"

زەینەب کارادۆغان ڕایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدانی شارەکە دیار نییە، بڕیاری سەرژمێری گشتی کە لەلایەن پارێزگارەوە دراوە تا دوای هەڵبژاردن هەڵپەسێردراوە و ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ئەم دۆخە لە هەڵبژاردنەکاندا بەکاردەهێنرێت، هەروەها مەترسی دەنگدانی بەکۆمەڵ هەیە، پێشتریش ئەم جۆرە شتانە ڕوویانداوە، پرۆسەی دەنگدانی بەکۆمەڵ لە ئارادایە و ئێمە بەردەوامین لە کارکردن لەسەر ئەمە، لێرەدا بانگەوازی ئێمە بۆ ئەو هاوڕێیانەمانە کە لە سندوقەکانی دەنگدان کار دەکەن، پێویستە لە کاتژمێرەکانی سەرەتای دەنگدان ڕێگری لە دەنگدانی بەکۆمەڵ بکەن، دەیان هەزار کەس لێرە گیانیان لەدەستدا، خەڵک هێشتا نازانن کێ لە ژیاندایە و کێ لە ژیاندا نیە، هیوادارین و دەڵێین کە پێویستە خەڵک کاغەزی دەنگدەران بپشکنن، بەتایبەتی ئەوانەی دەنێردرێت بۆ ناونیشان یان شوێنی نیشتەجێبوونیان".

 

"ئەوانەی کۆچیان کردووە دەیانەوێت دەنگ بدەن دەتوانن پەیوەندیمان پێوە بکەن"

زەینەب کارادۆغان داوای لە هاوڵاتیانی شاری سەمسور کرد کە لە شارەکەوە کۆچیان کردووە و دەیانەوێت دەنگ بدەن و وتی: " ئێستا لە شارێکی وێرانەداین، خەڵکێکی زۆر گیانیان لەدەستداوە و خەڵکێکی زۆر ئاوارە بوون، جگە لەوانەی گیانیان لەدەستدا، ئێستا نیوەی خەڵکی شارەکە لەدەرەوەیە، ئێمە ماوەیەکی زۆرە لێکۆڵینەوە لەم کۆچبەرانە دەکەین و هەوڵ دەدەین ڕوونی بکەینەوە کە خەڵک بەرەو کوێ دەڕۆن، ئێمە هەموو هەوڵێک بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو دەدەین، با خەڵکی سەمسور بێن لە خاکی خۆیان دەنگ بدەن، ئێمە دەستی هاوکاری بۆ ئەو کەسانە درێژ دەکەین کە بودجەیان نییە و ناتوانن بێن و هەموو جۆرە هاوکارییەکیان پێدەدەین".

 

"خەڵک لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکات"

زەینەب کارادۆغان وتیشی: " خەڵکی ئێرە باش دەزانن کێ یارمەتیانی داوە، ئەوان زۆر باش دەزانن کێ لە کاتی بوومەلەرزەکە و دوای بوومەلەرزەکە بە تەنیا جێی هێشتوون، خەڵکی سەمسور لە سندووقەکانی دەنگدان لێپرسینەوە دەکەن و ئەو ڕۆژە هەمووان دەچینە سەر سندوقەکانی دەنگدان و هەرگیز لەبیرمان ناچێت چیمان بەرامبەرکراوە."