"هەموو خەونەکانم لەگەڵ فەرشەکان بەش دەکەم"

یەکێک لەو ئەفغانیانەی لەگەڵ دایک و خوشک و براکەیەتی دەڵێت: حکومەتی تاڵیبان ناچاری کردووین لە هەژاری و نەخوێندەواریدا بژین، چونکە ئەوان لە ژن و پیاوی خوێندەوار دەترسن.

بەهاران لەهیب

 

کابول- دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی تاڵیبان، سیستەمی خنکێنەر و ستەمکارانەی خۆی دامەزراند و یەکەمین ئامانجی هێرشەکانیان ژنان بوون، ئێمە بەدواداچوونمان بۆ دۆخی ئەو ژنانە کردووە کە مافی درێژەدان بە خوێندن و کارکردنیان لە فەرمانگەکاندا نییە، ئەم ژنانە بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان چەندین کاری جیاواز ئەنجامدەدەن.

 

"هەژاری لە دەرگا و دیواری ماڵەکەمانەوە پەرەی سەندووە"

م.ج. ئەو کچە خوێندکارەی پۆلی ١١ی قوتابخانەکەیە کە وەک ملیۆنان کچی دیکەی ئەفغانی زیاتر لە دوو ساڵە لە خوێندن بێبەشبووە، باوکی لە یەکێک لە فەرمانگە حکومییەکان کاردەکات، کە مووچەیەکی کەمی دەستدەکەوێت و ناتوانێت بژێوی ژیانی ٦ منداڵەکەی و هاوسەرەکەی و دایکە پیرەکەی بکات، بە وتەی م.ج. وەک منداڵی گەورە، بۆ ئەوەی بتوانێت لە ڕووی داراییەوە بژێوی خێزانەکەی بکات، کەرەستەی فەرشی لە کۆمپانیایەکی تایبەت وەرگرتووە بۆئەوەی دوای تەواوبوونی چنینی فەرشەکان بڕێک پارە بەدەستبهێنێت.

 

م.ج. دەڵێت: " باوکم نەیدەتوانی هەموو خەرجییەکانی خێزانە ٩ کەسییەکەمان دابینبکات، منیش نەمتوانی بچمە قوتابخانە، چونکە تاڵیبان ڕێگری لێکردم  کە بەردەوام بم لە خوێندن، بۆیە بڕیارمدا وەک ژنانی گەڕەکەکەمان  دەست بە ڕستنی فەرش بکەم بۆ پشتگیری باوکم و ڕزگاربوون لە فشارە ئابوورییەکان."

 

م.ج. لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "لە بەیانی زووەوە تا درەنگانی شەو لە پشت ئەم وەرشەی فەرشەوە دانیشتووم بۆ ئەوەی بە زووترین کات فەرشەکە تەواو بکەم و بە زووترین کات پارەکەی وەربگرم، زۆر ماندوو دەبم، چ لە ڕووی فشاری کارەوە، هەم بەهۆی ئەوەی کە ڕێگەم پێنادرێت بچمە قوتابخانە، چ بەهۆی ئەو هەژارییەی کە لە دەرگا و دیوارەکانی ماڵەکەمانەوە پەرەی سەندووە".

 

وەک م.ج هەموو خێزانەکانی ئەم گەڕەکە فەرش دەچنن و دوانزە هەزاری پارەی ئەفغانیان دەست دەکەوێت دوای ئەوەی فەرشێکی شەش مەتری ڕادەستی کۆمپانیاکە دەکەنەوە، هەروەها هەنێکجار کۆمپانیاکە پارەیەکی کەمتریان پێدەدات یان هەر پێیان نادات، ئەو خێزانانەی کرێکارەکانیان وەکو م.ج. دەبێت چەند مانگێک کاری قورس بکەن تا فەرشەکە تەواو دەبێت، تەنانەت مانگانە ٥٠٠ ئەفغانیش داهاتیان نییە.

 

م.ج دەشڵێت: "پێش هاتنی تاڵیبان لە دۆخێکی ئابووری باشدا نەبووین، بەڵام تەنانەت بەو دۆخەشەوە من و خوشکەکانم دەمانتوانی بچینە قوتابخانە و بخوێنین، خەونم ئەوەیە ببمە مامۆستا لە یەکێک لە قوتابخانەکان، بەڵام ئێستا هەموو خەونەکانم تەنها لەگەڵ فەرشەکان بەشدەکەم بۆ ئەوەی ژیانی سەرقاڵی خۆم و خێزانەکەم بگۆڕم، دڵنیام ئەو ژنە بوێرانەی دەچنە سەر شەقامەکان سەرکەوتوو دەبن و تاڵیبانیش دەڕووخێنرێت".

 

"نەخوێندەواری من و خەڵکی تر بۆ قازانجی ئەوانە"

لە هەمان گەڕەک، سەردانی کچێکی ترم کرد کە خوێندکاری پۆلی ٨ بوو کاتێک تاڵیبان هاتە سەر دەسەڵات، وەک کچانی دیکەی ئەفغانستان لە خوێندن بێبەش بووە و دەیەوێت بژیوی خێزانە هەژارەکەی دابین بکات.

 

ط.ا دەڵێت: "باوکم لە بەیانییەوە تا ئێواران لەسەر ڕێگاکان کاردەکات بۆ گواستنەوەی کەلوپەلی خەڵک لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر، کە بەدەستهێنانی ئەو کارەش زۆر قورسە، ناتوانێت ڕۆژانە لە ٥٠-١٠٠ ئەفغانی زیاتر پەیدا بکات، ئێمە خێزانێکی ٤ کەسین بۆیە منیش ویستم وەک کچانی گەڕەکەکەمان بژێوی ژیانی خێزانەکەم پەیدا بکەم، کە فشارە ئابوورییەکان ژیانی سەختکردووین.

ط.ا لەگەڵ دایکی، خوشک و براکانی، ٢٥ ئەفغانیان بە ١٤ کیلۆ شوکولاتەی داپۆشراو دەستدەکەوێت، ڕۆژانە ٤٢ کیلۆ شوکولاتە دەفرۆشن و داهاتی ٧٥ ئەفغانیان دەستدەکەوێت.

 

ط.ا لە قسەکانیدا وتیشی: " ئێستا کاتی خوێندنی  من و خوشکەکەم و براکەمە، بەڵام حکومەتی تاڵیبان ناچاری کردووین لە هەژاری و نەخوێندەواریدا بژین، ئەوان لە ژن و پیاوی خوێندەوار دەترسن، چونکە ئەگەر من و خەڵکی تر نەخوێندەواربین ئەوە لە بەرژەوەندی ئەواندایە، داوا لە ژن و پیاوە زاناکانی وڵاتەکەم دەکەم کە ڕێگە نەدەن تاڵیبان بە خواستی خۆی بگات."