مۆرکردنی قاوەخانەکانی شاری سنە بە بیانووی نەپۆشینی حیجاب

کافێی گەلەری تاران کە دەکەوێتە شاری سنە، ئەمڕۆ پێنجشەممە مۆر کرا بە بیانووی نەپۆشینی حیجاب.

هیماراد

 

سنە- داخستنی دوکان و قاوەخانەکان بە هۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ، یان بە واتایەکی تر لابردنی باڵاپۆشی، بووەتە هەراسانکردنێکی دیکەی باو لە ڕژێمی ئێران.

 

لە مانگی ڕەمەزاندا گوشارەکان زیاتر بوون لەسەر خەڵک و ڕژێمی ئێران لە کاتێکدا دوای چل ساڵ نەیتوانیووە بیروباوەڕی ئایینی بەسەر خەڵکدا بسەپێنێت، هەر ساڵێک زیاتر لە ساڵانی پێشوو فشاری زیاتر لەسەر خەڵک دادەنێت بۆ بەڕۆژووبوون، شوێنەکانی وەک چێشتخانە و خواردنی ئامادەکراو و شەربەتخانە و قاوەخانە و هەر شوێنێک کە خواردنی تێدابێت بۆیان نییە خزمەتی خەڵک بکەن تا خۆرئاوابوون و بانگی مەغریب، سیستەمی ئاوی خواردنەوە لە شاردا دەبڕێت و بەم کارە کاریگەری لەسەر کاروباری خەڵک دادەنێت و خەڵک بۆی نییە لە دەرەوە هیچ شتێک بخوات، ئێستاش ئەو کەسانەی نەخۆشن و پێویستیان بە ئاو یان خواردن هەیەتە نانەت ئەگەر پابەند نەبن بە ئایینەوە ئازادییان نیە، یاسای گاڵتەجاڕانە و دژە مرۆڤایەتییەکانی ڕژێمی ئێران بەردەوامی هەیە کە تەنانەت لە ئایینیشدا نییە بە پێچەوانەی ئەوەی دەیڵێن، چونکە لە ئایینی ئیسلامیدا ناچاری و زۆرەملێکردن نییە.

 

ئێستا لەگەڵ شۆڕشی ژینا و لابردنی حیجابی زۆرەملێ بۆ ژنان، ئەو توندوتیژیانە چەند هێندە زیادیان کردووە و هەر خولەکێک هێرش دەکەنە سەر شوێنێک و ڕێگری لە کاروباری خەڵک دەکەن و ناهێڵن لە دوکان و قاوەخانەکان کارەکانیان بکەن و بە بیانووی لەبەر نەکردنی حیجابی زۆرەملێ لەلایەن ژنان مۆریان دەکەن و تەنانەت ئەمڕۆ کافێ تاران دەکەوێتە شەقامی حەسەن ئاباد مۆرکرا.

 

لە پاساژی بانتا کە دەکەوێتە شاری سنە کە یەکێکە لە بازاڕە گەورە و قەرەباڵغەکانی ئەم شارە، بەردەوام ئاگادارییان پێدەدەن و هەڕەشە لە فرۆشیارەکان دەکەن، بە وتەی چەند ژنە فرۆشیارێکی ئەوێ بەردەوام دەچن بۆ پشکنینی شوێنەکان و چاودێرییان دەکەن بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە لە پۆشینی حیجابی زۆرملێ، یەکێک لە فرۆشیارەکان دەڵێت: " من و هاوسەرەکەم لەم دوکانەدا کار دەکەین و ئەوانیش چەندین جار هاتوون بۆ پشکنین و ئەگەر پێداگری هاوسەرەکەم نەبووایە منیان دەبرد."

 

وتیشی: "ئێستاش بە فشارێکی دەروونیەوە دێمە دوکانەکە، پێشتر بەبێ حیجاب لە دوکانەکەدا کارم دەکرد، بەڵام ئێستا بەهۆی کارەکەمەوە دەبێت حیجاب لەبەر بکەم هەرچەندە باوەڕم پێی نییە، بەڵام دوکانەکانی دراوسێش هەروایان کردووە هەڕەشەیان لە فرۆشیارەکانی ئەوێش کردووە و ڕۆژێک دەیانویست ژنێکی پیر ببەن، هەرچەندە ژنەکە  بۆ ساتێک لە باڵاپۆشەکەی کەوتبووە خوارەوە و تەمەنی ناوەڕاست بوو، بەڵام بە بێڕێزانە دەیانویست بیبەن و دوکانەکەی مۆر بکەن، ئێمە ئارامیمان نییە و زۆربەی فرۆشیارەکان ژنن و هەموویان بێزارن لەم دۆخە."