وشکە ساڵی و بارانبارینی بە خوڕ ڕێژەیەکی پێوانەی تۆمارکردووە

بەپێی توێژینەوەیەک کە بڵاوکراوەتەوە چڕی وشکەساڵی و بارانبارینی بە خوڕ لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی توێژینەوەیەک کە بڵاوکراوەتەوە، چڕی وشکەساڵی و بارانبارینی بە خوڕ لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، لە کاتێکدا ئەمانە تەنها لە چوارچێوەی کارەساتێکی سروشتی نامێننەوە بەڵکو زیان بە ژێرخانی ئابووری دەگەیەنن و دەبێتە هۆی زیادبوونی قەیرانی مرۆیی و ململانێکان.

 

توێژەران دەڵێن داتاکان کە لە ڕێگەی مانگی دەستکردەوە چاودێریان کردووە ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە دووبارەبوونەوە و چڕی بارانبارین و وشکەساڵی، بەهۆی سووتانی سووتەمەنی بەردینی و چالاکییەکانی دیکەی مرۆڤ کە  دەردانی گازە گەرمکەرەکان زیاد دەکات.

ئەنجامی توێژینەوەکان ئەوەیان نیشانداوە کە پەیوەندیەکی بەهێز هەیە لە نێوان زیادبوونی گۆڕانە ژینگەییەکان و بەرزبوونەوەی تێکڕای پلەی گەرمی جیهان، ئەمەش واتە کە بەردەوامی گەرمبوونی جیهان بە مانای وشکەساڵی و زریانی باراناوی زیاتر دێت.

 

توێژەران سەیری ١٠٥٦ ڕووداویان کردووە و هەڵسەنگاندنیان کردووە، کە زۆرترین ڕێژەی بارانبارین لە ئەفریقا ڕوویداوە تا مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢١، هەروەها بارانبارینی توند لە ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەمریکای باکوور لە ساڵانی ٢٠١٨ بۆ ٢٠٢١ بووە و لە ئوسترالیا لە ماوەی ساڵانی ٢٠١١ بۆ ٢٠١٢ ڕوویداوە.

 

توندترین وشکەساڵی لە ساڵی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٦ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەمریکای باشوور ژمارەیەکی پێوانەی تۆمارکردووە، وشکەساڵی بەردەوام لە باشووری ڕۆژئاوای ئەمریکا هەیە کە بووەتە هۆی دابەزینی ئاستی ئاو بە ڕێژەیەکی مەترسیدار لە دوو لە گەورەترین کۆگاکانی ئاو لە ئەمریکا، سەرەڕای بارانبارینی بەخوڕ لە ئەمساڵدا  ئاستی ئاو لە دەریاچەی مید و دەریاچەی پاول بە نزمی ماوەتەوە، ڕووداوەکانی وشکەساڵی بە ڕێژەی ١٠٪ لە ڕووداوەکانی بارانبارینی بەخوڕ زیاتر بوون، زیادبوونی پلەکانی گەرما ڕێژەی بە هەڵمبوون زیاد دەکات لە ماوەی وشکەساڵیدا، لە دواتردا دەبێتە هۆی بارانبارینی بە خوڕ.

 

توێژینەوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، پڕۆژە گەورەکانی وەک فڕۆکەخانەکان و ئاوەڕۆکان کە لەسەر بنەمای بەرگەگرتنی ڕووداوەکان لە ماوەی ١٠٠ ساڵ دیزاینکراون مەترسی زیاتریان لەسەر هەیە، چونکە ڕووداوە سروشتییەکان بەردەوام لە زیادبووندایە.

 

سیستەمی نیشتمانی یەکگرتووی زانیاری وشکەساڵی ئەمریکا، ئاماژەی بەوەداوە کە  ٪٢٠ زیانە ئابوورییەکانی ساڵانە بەهۆی ڕووداوەکانی کەشوهەواوەیە لە ئەمریکا بەهۆی لافاو و وشکەساڵی.

 

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە سۆماڵ درێژترین و توندترین وشکەساڵی بەخۆیەوە دەبینێت، ڕووداوێک کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ملیۆنان ئاژەڵ و برسێتی بەربڵاو، هەروەها ڤەنزوێلا، وڵاتێک کە ساڵانێکە ڕووبەڕووی قەیرانی سیاسی و ئابووری دەبێتەوە، لە ماوەی مانگی نیسانی ٢٠١٦دا پەنای بۆ بڕینی کارەبای سەرتاسەری وڵات بردووە، ئەمەش لە ئەنجامی ئەو بارودۆخە وشکەساڵییەی کە کاریگەری لەسەر ئاستی ئاوی بەنداوەکەی هەبووە.