ڕاپۆرتێک: لە ماوەی مانگێکدا زیاتر لە هەزار و ٧٠٠ کەس لە یەمەن ئاوارە بوون

بەهۆی زیادبوونی ناکۆکییەکانی ٩ ساڵە و بارودۆخی مرۆیی خراپ و دەستنەگەیشتن بە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان، قەیرانی ئاوارەبوون لە یەمەن بەردەوامە و لە مانگێکدا زیاتر لە هەزار و ٧٠٠ کەس ئاوارەبوون.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕاپۆرتێکی نوێی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ کە ڕۆژی ٢٢ی کانوونی دووەم بڵاویکردەوە دەریخستووە، لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ دا هەزار و ٧٤٦ کەس لە چەند پارێزگایەکی یەمەن ئاوارە بوون، ئەمەش دوای خراپتربوونی بارودۆخی مرۆیی بەهۆی ناکۆکییە چەکدارییەکانەوەیە.

 

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ژمارەی ئەو خێزانانەی کە بە لایەنی کەمەوە جارێک ئاوارە بوون لە ساڵی ٢٠٢٣دا گەیشتە  ٩ هەزار و ٩٤٤ خێزان، کە هاوتایە لەگەڵ ٥٩ هەزار و ٦٦٤  ئاوارە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ قەبارەی قەیرانی مرۆیی و ژمارەیەکی زۆری ئەو کەسانەی بەهۆی ئاوارەبوون لە یەمەن زیانیان بەرکەوتووە.

 

ئەم ژمارەیە جەخت دەکاتەوە لەسەر پێویستی بەپەلەی دابینکردنی هاوکاری و پشتیوانی مرۆیی بۆ خێزانە زیانلێکەوتووەکان لە یەمەن، چونکە زۆر گرنگە کە ڕێکخراوە مرۆیی و نێودەوڵەتییەکان بەردەوام بن لە دابینکردنی پشتیوانی پێویست بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ئاوارەکان و کۆمەڵگە زیانلێکەوتووەکان و کارکردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بەردەوام بۆ ئەم قەیرانە مرۆییە جدییە.

 

بارودۆخی مرۆیی سەخت کە دانیشتوان ئەزموونی دەکەن لەو ناوچانەی کە بەهۆی شەڕی ٩ ساڵەی یەمەنەوە زیانیان بەرکەوتووە سەرچاوەی نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکانە، جگە لە کێشەکانی ئاوارەبوون، چونکە خێزانە تووشبووەکان ڕووبەڕووی چەندین کێشەی ژیان و تەندروستی دەبنەوە وەک نەبوونی خۆراک و ئاوی خواردنەوە و چاودێری پزیشکی.