زەلۆخ ڕەشید: داگیرکردنی عەفرین فراوانکردنی پڕۆژەی عوسمانی بوو

زەلۆخ ڕەشید، بەڕێوەبەری دەستەی دارایی عەفرین- شەهبا، لە پێنجەمین ساڵیادی داگیرکردنی هەرێمی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، ڕایگەیاند، داگیرکردنی عەفرین پیلانێک بوو بۆ زیندووکردنەوەی عوسمانییەکان.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨ دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر و چەتەکانی، دوای ٥٨ ڕۆژ لە بەرخۆدانی گەل، عەفرینیان داگیرکرد، خەڵکی عەفرین لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بڕیاری بەرخۆدانیان بە ناوی بەرخۆدانی سەردەم دا کە لە سەرتاسەری جیهان دەنگی دایەوە، بەڵام دوای داگیرکردنی عەفرین سەدان هەزار هاوڵاتی عەفرین کۆچیان کرد بۆ شەهبا و هەرگیز ئەو داگیرکارییەیان قبوڵ نەکرد، ماوەی ٥ ساڵە خەڵکی عەفرین لە شەهبا قۆناغی دووەمی بەرخۆدانیان دەستپێکرد و تا ئەمڕۆش بە سووربوون و ئیرادەوە بەردەوامن.

 

بەپێی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین- سوریا، لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەوە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار هاوڵاتی مەدەنی کۆچیان کردووە نزیکەی ٤٠٠ هەزار کەس لە ناوچەکانی دیکەی سوریا لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لە عەفرین جێگیرکراون، هەروەها گۆڕینی دیمۆگرافی بە گۆڕینی ناوی شەقام و گەڕەک و نەخۆشخانە و دانانی ئاڵای تورکیا لە عەفرین ئەنجام دەدرێت، دەولەتی تورک ناوی مەیدانی ئازادی گۆڕی بە مەیدانی ئەتاتورک، مەیدانی نەورۆز کرا بە سەلاحەدین و مەیدانی وەتەن کرا بە ١٨ی ئادار و کاوەی ئاسنگەری گۆڕی بە لقی زەیتون، دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون لەعەفرین بەپاڵپشتی تورکیا - خەلیج وەک یەکەیەکی نیشتەجێبوون لەگوندەکانی ئاڤراز و کوێت و ئەلڕەحمە و یەکەی نیشتەجێبوونی گوندی حەسنە.

 

لە ماوەی ٥ ساڵدا چەندین کردەوەی خراپ لە عەفرین ئەنجامدراون

لەگەڵ گۆڕانکاری دیمۆگرافی، کردەوەی پیشەیی بە درێژایی ٥ ساڵ لە دژی هاوڵاتیان و بەتایبەتی ژنان بەردەوامە زیاتر لە ٨ هەزار و ٦٩٥ کەس ڕفێندراون و تا ئێستا چارەنووسی زۆربەیان نەزانراوە، ٩٦ ژن لە عەفرین کوژراون کە ٨یان خۆیان کوشتووە، ٧٢ ژن دەستدرێژی سێکسیان کراوەتە سەر ٦٦٦ کەس کوژران، ٩٠ کەس لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژراون زیاتر لە ٣٧٢ هەزار و ٥٠٠ دار زەیتون و مەرخێ بڕدراونەتەوە، زیاتر لە ١٣ هەزارو ٥٠٠ داری زەیتون و مەرخێ سووتێندراون.

 

بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری عەفرین، نزیکەی ٨٠ شوێنەواری مێژوویی لە عەفرین هەیە دەوڵەتی تورک و چەتەکانی زۆربەی ئەو شوێنانەیان تاڵانکردووە و هەڵکەندراون بۆ ئەوەی شوێنەوارە مێژووییەکانی بفرۆشرێت، زیاتر لە ٢٩ شوێنەوار ڕوخێندران زیاتر لە ١٧ گۆڕی ئایینی وێرانکراون، ئەم ئامارە پیدەچێت زیاتریش بێت.

 

زەلۆخ ڕەشید، بەڕێوەبەری دەستەی دارایی کانتۆنی عەفرین- شەهبا، لە ٥ەمین ساڵیادی داگیرکردنی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکیای داگیرکەرەوە بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد.

 

داگیرکردنی عەفرین بۆ زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوو

 

زەلۆخ ڕەشید، ٥ەمین ساڵیادی داگیرکردنی هەرێمی عەفرینی لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە هەڵسەنگاندو وتی: "لە ٥ەمین ساڵیادی داگیرکردنی عەفریندا هەموو شەهیدانی بەرخۆدانی سەردەم بەبیردەهێنینەوە، ٥ ساڵ بەسەر داگیرکردنی عەفریندا تێدەپەڕێت، واتە 5 ساڵ ئازار و سەختی و کۆچبەریی و ژیانی پەنابەری، هێرش و داگیرکاریی لە عەفرین لە ئەنجامی ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی بوو، بەهۆی بەرخۆدانی ٥٨ ڕۆژەی عەفرین لە سەرتاسەری جیهاندا دەنگی دایەوە، هاوڵاتیانی عەفرین بە تەکنیکێکی زۆر سووک و ئاسایی لە بەرامبەر هێزەکانی جیهان بەردەوام بوون و خۆبەدەستەوەدانیان قبوڵ نەکرد، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگ بوون و دژی هێرشەکان نەبوون، دەوڵەتی تورک ئەوەی خستەڕوو کە داگیرکردنی عەفرین بڕیارێکی سیاسیە، ئامانجی ئەردۆغان فراوانکردنی جوگرافیای خۆی و زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و جێنۆسایدکردنی کورد بوو".

 

قۆناغی دووەمی بەرخۆدانی سەردەمیان دەستپێکرد

زەلۆخ ڕەشید لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە زۆربەی خەڵک بەهۆی داگیرکردنی عەفرینەوە کۆچیان کردووە و ڕوویان لە کانتۆنی شەهبا کردووە و بەردەوامن لە بەرخۆدانیان لە ناوچەکەدا، وتیشی: "لە ئەنجامی داگیرکردنی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، زۆربەی خەڵکی عەفرین کۆچیان کرد، ماوەی ٥ ساڵە هاوڵاتیانی عەفرین بەردەوامن لە قۆناغی دووەمی بەرخۆدان لە کانتۆنیشەهبا، هەر لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ چالاکییەکانیان نەوەستاوە ڕۆژانە لەسەر شەقامەکانن و ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر بە داگیرکاریی دەردەبڕن، و ویست و سووربوون هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ عەفرین، سەرەڕای ژیانی کۆچبەری دەوڵەتی تورک هێرشەکانی بۆ سەر شەهبا نەوەستاوە و ڕۆژانە هێرش دەکاتە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی و سەدان هاوڵاتیش شەهید دەکرێن، هەروەها هەوڵ دەدەن خەڵکی عەفرین لەو ناوچەیە دەربهێنن بۆ ئەوەی کەیسی عەفرین لەبیر بکرێت، لەسەر ئەم بنەمایە گەل واز لە بەرخۆدانی خۆیان ناهێنن و خاوەن بڕیارن".

 

 

"پێشێلکاری و داگیرکاریی لە عەفرین بەردەوامە"

لە کۆتایی قسەکانیدا زەلۆخ ڕەشید تیشکی خستە سەر پێشێلکارییەکانی چەتەکان لە عەفرین و وتی: "چەتەکانی سەربە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە عەفرین پێشێلکاری گەورە و تووند دەکەنە سەر ئەو هاوڵاتیانەی لە عەفرین ماونەتەوە بەتایبەتی پێشێلکاری و کردەوەی دژ بەژنان دەکرێت، لە سەرەتای داگیرکردنی عەفرینەوە تا ئەمڕۆ ژنان کرانە ئامانج، هەزاران ژن ڕفێنراون، دەستدرێژییان دەکرێتە سەر، ئەشکەنجە دەدرێن هاوکات هاوسەرگیری زۆرەملێ لەگەڵ چەتەکان لە عەفرین بەسەر ژناندا دەسەپێنرێت، لەسەر سروشتی عەفرینیش هێرش ئەنجام دەدرێت، دوای داگیرکاریی هەموو دارستانەکانی عەفرین گۆڕدران بۆ بیابان سەدان هەزار دار بڕدراونەتەوەو سورێندراون، هەروەها شوێنەوارە مێژووییەکان دزران و شوێنەوارەکانی عەفرین ڕووخێندراون، گۆڕانێکی دیمۆگرافی لە گۆڕینی ناوی گوند و گەڕەک و شار ئەنجام دەدرێت، بڵاوکردنەوەی خێزانی چەتەکان لە جیاتی هاوڵاتیانی ناوچەکە، دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون لەعەفرین تا ئێستا بەهاوکاریی ڕێکخراوەکانی قەتەر و کوێت بەردەوامە، ئەوەش پشتگیری فراوانبوونی پڕۆژەی عوسمانی لە عەفرین دەکات، پێش داگیرکردنی عەفرین پرۆژەی نەتەوەیی دیموکراتیک دابینکرابوو و هەموو پێکهاتەکانی سوریای تێدابوو، ئەوەش بە دڵی داگیرکەر نەبوو بۆیە عەفرین کرایە ئامانج، لە ٥ەمین ساڵی داگیرکردنی عەفرین گەرەنتی گەڕانەوەی عەفرین دەکەین و دەبێت عەفرین بگۆڕدرێت بۆ سروشتی خۆی، ئێمە خاوەنی عەفرینین".