زارا یوسوپۆڤا کۆچی دوایی کرد

زارا عەلی یوسوپۆڤا کە لێکۆڵینەوەی گرنگی لەسەر دیالێکتەکانی کوردی کردووە و بەرهەمی زۆری واژۆ کردووە، لە ڕۆژی ٣ی شوباتی ئەمساڵ لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

زارا عەلی یوسوپۆڤا زیاترین ماوەی ژیانی بە لێکۆڵینەوە لە شێوەزارەکانی کوردی بەسەر برد، چەندین بەرهەمی ئەدەبیی بڵاوکرانەوە و لە سایەی ئەودا کەلتووری کوردی لە زۆر بەشی جیهان ناسێنرا.

 

زمانزان، پڕۆفیسۆر و پزیشک، زارا ساڵی ١٩٣٤ لە شاری تەبلیسی جۆرجیا لە خێزانێکی کوردی ئێزدی لە دایکبووە، لە بنەچەدا خەڵکی وانی باکووری کوردستانن، بەڵام لەبەر زوڵم و زۆری دەسەڵاتدارانی عوسمانی ناوچەکەیان جێهێشتووە.

 

تێزی دکتۆرای لەسەر دیالێکتەکانی کوردی ئامادەکردووە

زارا عەلی یوسوپۆڤا ساڵی ١٩٥٣ ئامادەیی لە تەبلیس بە وەرگرتنی مەدالیا تەواوکرد، لە ساڵی ١٩٥٨ لە زانکۆی لێنینگراد دەرچوو و بەشی زمانەوانی تەواو کردووە، لە ساڵی ١٩٥٨ تا ١٩٦١ لە پەیمانگای زانستە ڕۆژهەڵاتیەکانی ئەکادیمیای زانست، لقی لێنینگراد خوێندوویەتی، لە ساڵی ١٩٦٥ تێزەکەی خۆی ئامادە کرد بە ناوی دیالێکتی کوردی باشوور.

 

نزیکەی نیو سەدە لە بواری کوردناسی و زمانزانی کاری کردووە، تەواوی ژیانی خۆی بۆ لێکۆڵینەوە لە دیالێکتەکانی زمانی کوردی بە تایبەتی سۆرانی تەرخانکردبوو، لە دوای خۆی زیاتر لە ٧٠ بەرهەمی جێهێشتووە.