زارا ئەحمەد: تەنها ئەو ژنانە دەتوانن بۆچوونی خۆیان دەببڕن کە بیرێکی ئازادیان هەیە
لەگەڵ زیادبوونی نیگەرانی لەسەر سنووردارکردنی کارکردنی ڕاگەیاندن، ئازادی ژنانیش لەناو میدیادا بۆ کار کردن و دەربڕینی بۆچوونەکانیان مەترسی لەسەرە، زارا ئەحمەد، چالاکوانی سیاسی دەڵێت: ئەگەر لە میدیایەکی ئازاد بن دەتوانن بە ئازادانە کار بکەن.
هێڤی سەڵاح
سلێمانی- ئازادی ڕادەربڕین ئەو ئازادییە بۆ هەموومان بۆ دەربڕینی خۆمان. مافی قسەکردن و گوێگرتن و بەشداریکردنە لە ژیانی سیاسی و هونەری و کۆمەڵایەتیدا. هەروەها 'مافی زانین' لەخۆدەگرێت: مافی گەڕان و وەرگرتن و هاوبەشکردنی زانیاری لە ڕێگەی هەر میدیایەکەوە. لە مادەی ١٩ی بەیاننامەی گەردوونی مافی مرۆڤ ١٩٤٨دا هاتووە: هەموو کەسێک مافی ئازادی بیروڕا و ڕادەربڕینی هەیە، ئازادی ڕادەربرین یەکێکە لە بنچینە سەرەکییەکانی کارکردنی میدیا و سیستەمی دیموکراسی، چونکە بەبێ دەنگی ئازاد ڕاگەیاندن ناتوانێت ڕاستی بگوازێتەوە و کۆمەڵگە لە زانیاری دروست بێبەش دەبێت. لە زۆر شوێن، ڕۆژنامەنووسان و دامەزراوە میدیاییەکان ڕووبەڕووی فشار، سنووردارکردن، یاسای توند یان هەڕەشە دەبنەوە، کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئاستی ئازادی ڕادەربرین هەیە.
گەر فشارەکان و سانسۆرکردنی کارکردن بۆ پیاوان یەک قۆناغ بێت ئەوا بە پێچەوانەوە بۆ ژنان دوو هێندەیەو ژنانی کار لە میدیادا بە دوو قۆناغ ڕووبەرووی فشارەکان دەبنەوە وەک ڕۆژنامەوان، دووەم وەک ژن. هەڕەشەی ئۆنلاین، سووکایەتی، هەوڵی بێدەنگکردن و کەمبوونی دەرفەتی سەرکردایەتی، هەموویان وادەکەن دەنگی ژنان لە بەشێک لە بوارە میدیاییەکاندا کەمتر ببیسترێت.
ژنان ڕووبەڕووی مەترسی زیاتر دەبنەوە
لە کاتێکدا ئازادی ڕادەربرین و کارکردنی سەربەخۆی میدیا وەک پێوانەیەکی سەرەکی بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگە دادەنرێت، چاودێرییەکان نیشان دەدەن کە ڕۆژنامەوانان هێشتا ڕووبەڕووی سنوور و فشار دەبنەوە. ئەم فشارانە لە هەندێک کاتدا بە شێوەی یاسایی، دارایی یان سیاسیدا دەردەکەون و کاریگەریان لەسەر ئازادی کار و گواستنەوەی زانیاری دەبێت، لە نێوان ئەم بارودۆخەدا، ژنانی میدیا بە تایبەت ڕووبەڕووی مەترسی زیاتر دەبنەوە. زۆربەیان باس لە هەڕەشەی سۆشیال میدیا، فشار بۆ خودسانسۆرکردن و کێشەی پاراستنی سەلامەتی دەکەن. بەڕێوەبەرانی ڕێکخراوە میدیاییەکان دەڵێن زیادکردنی پاراستنی یاسایی، پشتگیری دەروونی و دڵنیابوون لە دەرفەتی یەکسان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ بەهێزکردنی دەنگی ژنان و پاراستنی ئازادی ڕادەربرین بە گشتی.
شارەزایان پێیان ایە میدیای ئازاد تەنها بە یاسا پارێزراو نابێت، بەڵکو پێویستی بە کولتووری قبوڵکردنی ڕەخنە، پاراستنی ڕۆژنامەوان و هەبوونی سیستەمی دادپەروەر هەیە، تاکو دەنگی هەمووان ـ بە تایبەتی ژنان ـ بێ ترس ببیسترێت.
" تەنها ئەو ژنانە دەتوانن بۆچوونی خۆیان دەببڕن کە بیرێکی ئازادیان هەیە"
زارا ئەحمەد، چالاکوانی سیاسی بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کردو وتی: ئازادی ڕادەربرین لە هەموو بەشەکاندا هەیە، بەڵام بە پێی توانا و ئیرادەی کەسەکان کەوتووە کە بۆچوونی خۆیان چۆن دەردەبرن،کە چۆن بە بوێری و ئیرادە و بە بەباوەرییەوە چۆن بیرە ئازادەکان دەردەبرن، وەک ئازادی ڕادەربرین کەسەکان لە هەموو شوێنێک ئازادن بەڵام لەو شوێنانەی کە موڵکی حیبێکی دیاری کراون یاخود موڵکی کۆمەڵە کەسانێکی دیاری کراون، ئەوانە ناتوانن بە ئازادانە بۆچوون دەرببڕن، بۆ نموونە ئێمە ژنمان هەیە لە ناوپەرلەماندا، لە ناو حزبە سیاسییەکاندا ژنمان هەیە، ئەم ژنانە ناتوانن بە بێ حزبەکەیان و بە بێ بۆچوونی سەروو خۆیان هیچ بیروبۆچوونێکی ئازادانە دەرببرن، ئەمە دەکەوێتە قاڵبێکی سیاسی و تەنها لەو قاڵبەدا دەتوانن بۆچوونی خۆیان دەرببرن، بەڵام وەک ژنێکی ئازاد و سەربەخۆ ناتوانن بۆچوونی خۆیان دەرببرن، تەنها ئەو ژنانە دەتوانن بۆچوونی خۆیان بە ئازادانە دەرببرن کە سەربەخۆن، کە بۆچوونێکی ئازادیان هەیە کە تێکۆشانێکی ئازاد بەرێوە دەبەن و فکرێکی ئازادیان هەیە، ئەو کەسانە دەتوانن هەمیشە بۆچوونت خۆیان بە ئازادانە دەرببرن و کەس ناتوانێ ئەمریان پێ بکات لە سەروو خۆیانەوە.
"ئەگەر لە میدیایەکی ئازاد بن دەتوانن بە ئازادانە کار بکەن"
لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: وەک پێشتر وتم کەسەکان دەکەوێتە سەر خۆیان تا چەن ئیرادەی ئازادیان هەیە و ئەوانەی لە ناو دەزگاکانی ڕاگەیاندا کار دەکەن ئەگەر لە دەزگایەکی سەربەخۆ بن و میدیایەکی ئازاد بن، دەتوانن بە هەمان شێوە ئازادانە کار بکەن، بەڵام ئەگەر ڕاگەیاندنەکە سەر بە لایەنێکی دیاری کراو شوێنێک بن، ئەوا ناتوانن بە ئازادانە بۆچوونی خۆیان و پیشەیانە کارەکانیان بکەن، ئەگەر کەسێکیش سەرکێشی بکات و بۆچوونێکی جیاواز دەرببرێت ئەوا ئاستەنگی بۆ دروست دەکرێت، هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە کە رووبەرووی توندوتیژی بێتەوە بەتایبەتی ژنان وگەنجان یاخود هەرەشەی ئاراستە بکرێت لەسەر ئەو کارانەی دەیکات بە بیانووی ئەوەی کە ئەو کارانە هی راگەیاندن نییە و نابێت ئەنجام بدرێت، بەتایبەت ئەو ڕاگەیاندنانەی سەر بە حیزبێکی دیاری کراوە، بەڵام میدیای ئازاد و سەربەخۆ بە پێچەوانەوە هەموو کارەکانیان سەربەخۆیانە و بێ لایەنانەیە.