زارا محەمەدی، مامۆستای کوردی بە پێنج ساڵ زیندانیکردن سزا درا

زارا مامۆستای کوردییە لە شاری سنە و بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نەتەوە سزای پێنج ساڵی بەسەردا جێبەجێدەکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

 دادگای تێهەڵچوونەوەی شاری سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سزادانی زارا محەمەدی بۆ ماوەی پێنج ساڵ پشتڕاست کردەوە، بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەی بڕیارەکەی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت.

برای زارا محەمەدی سەبارەت بە دەرکردنی بڕیاری سزادانی خوشکەکەی ڕوونکردنەوە دەدات، و دەڵێت ماوەی شەش مانگ دەبێت سزاکە نێردراوەتە دادگای تێهەڵچوونەوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی نێوان دوو دادوەری دادگاکە و نەبوونی بەڵگەی پێویست، دادوەرێکیان ئیمزای لەسەر بڕیارەکە نەکردووە، بۆیە ئیتلاعاتی ڕژێمی ئێران پەنای بردووەتە بەر دادوەری باری کەسایەتی و دادوەری باری کەسایەتی ئیمزای بریارەکەی کردووە.

بەهۆی نەبوونی هیچ بەڵگەیەک لەسەر دەستگیر کردنی، دوو بەڵگەیان داوەتە دادگا بۆ سزادانەکەی ئەوانیش، لەبەرکردنی جلی کوردی و سوڕانەوە لەناو بازاڕی شاری سنەدا، هەروەها بەشداری کردنیەتی لە بەخاکسپاردنی شاعیری گەورەی سنە، جەلال مەلەکشا.

ئەمە لە کاتێکدا پێشتر بڕیاری ١٠ ساڵ زیندانی بۆ زارا محەمەدی درا و دوای پێداچوونەوە سزاکەی کەمکرایەوە بۆ ٥ سال، بڕیاریش وایە پارێزەرانی زارا ڕەخنە لە دەرکردنی بڕیارەکە بگرن، بەڵام بەپێی دادگای باڵای ئێران، دادگا تەنیا بەو بڕیارانەدا دەچێتەوە کە بڕیاری لەسێدارەدانن یان پێشێلکردنێکی گەورەیە.

 

ت.پ