زانکۆی سلێمانی پشتیوانی بۆ بەرخۆدانی ڕۆژئاوا دووپات دەکاتەوە

لە سۆنگەی هەست کردن بە بەرپرسیارێتی مێژووی و نیشتیمانی، سەر لە بەیانی ئەمرۆ سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی بانگەوازی سەرجەم مامۆستایان و خوێنداکارانی زانکۆی کرد، بۆ پاڵپشتی و پشتیوانی ڕۆژئاوا رێپێوان کرا.

سلێمانی 

 

لە دوای ئەوەی کە ڕۆژئاوای کوردستان لە ٦ی کانوونی دووەمەوە کەوتووەتە بەر هێرشی داگیرکاری لە لایەن چەتەکانی جۆلانی بە هاوکاری دەوڵەتی تورکیا، سەرجەم هاوڵاتیان و توێژەکان لە سەرتاسەری کوردستان بەردەوامن لە خۆپیشاندان و رێپێوان بۆ هاوکاری و پاڵپشتی ڕۆژئاوا.

 

لە بەردەوامی چالاکیەکاندا ئەمڕۆ ٢٢ی کانوونی دووەم  بە دروشمی "زانکۆ تەنها ناوەندێک نیە بۆ زانست،بەڵکو ترپەی دڵی نەتەوەو هەڵگری خەمە گشتیەکانە" گردبوونەوەورێپێوان لە بەردەم بەشی ئەندازیاری تا بەردەم دەرگای قلیاسانی کامپی نوێی زانکۆی سلێمانی بەرێوەچوو.

 

خوێنداکارن و مامۆستایان داوای وەستاندنی شەر و لابردنی گەمارۆدانی سەر کۆبانێ دەکەن و وتیان: دەبێت وڵاتانی زلهێز بە زووترین کات کار بکەن بۆ وەستاندنی شەڕو ڕێگری بکەن لە جینۆسایدی گەلی کورد، خوێندکاران بە وتنەوەی دروشمە جیاوازەکان رێپێوانەکەیان بەردەوام کرد

 

تاڤگە ئیبرابیم، خوێندکاری قۆناغی سێی زمانی کوردی وتی: پێویستە ئێمە لە پشت هەموو بەشەکانی کوردستان بین  هەر کوردێک لە هەر جێیەک ئێشی پێبگات پێویستە ئێمە پشتیوانی بین، ئێمە تەنها رێپێوانێکمان پێ دەکرێت و پرچمان دەکەین بە کەزی، بۆ ئەوەی پشتگیری ئەو ژنانە  و ئەو شۆرشڤانانە بکەین و ئەمەش کەم نیە بۆ پشتیوانیە و پێویستە هەموومان پشتیوانیان بین، ئێمە وەک خۆر واین دەدرەوشێینەوە و هەرگیز ناتوانن قرمان بکەن وەک عەبدوڵا پەشێو دەڵێت  "قرمان دەکەن قورتان بەسەر".