لە نیودەلهی خوێندکاران بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر دەستدرێژی بەکۆمەڵ لەسەر شەقامن

سەدان خوێندکار لە نیودەلهی ڕژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر دەستدرێژی بەکۆمەڵ بۆ سەر ژنێکی تەمەن ١٧ ساڵ و داوای پارێزراوی بۆ ژنان دەکەن.

ناوەندی هەوال

 

سەدان خوێندکار ڕژانە سەر شەقامەکانی شاری نیودەلهی پایتەختی هیندستان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دەستدرێژی بەکۆمەڵ بۆ سەر ژنێکی تەمەن ١٧ ساڵ و نیگەرانی خۆیان لە نەپارێزراوی ژنان لە پایتەخت دەربڕی.

 

ناڕەزایەتییەکان دوای ئەوە بەڕێوەچوو کە ژنێکی تەمەن ١٧ ساڵ ئاشکرای کرد کە شەوی ٢١ی ئەیلوول لە پارکی ئاستا کونج لە باشووری دەهلی لە لایەن سێ پیاوەوە دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەری کە خۆیان وەک ئەفسەری پۆلیس ناساندووە.

 

ئەوان خۆیان بە ئەفسەری پۆلیس ناساندووە و هێرشیان کردووەتە سەر

بەپێی ڕاپۆرتێکی پۆلیس، ئەو ژنە گەنجە دوای سەردانی پەرستگای کەلکەجی لەگەڵ هاوڕێ تەمەن ١٧ ساڵەکەی چوونەتە ناو پارکەکە، کاتێک سێ کەس لێیان نزیکبوونەتەوە و خۆیان وەک ئەفسەری پۆلیس ناساندووە و هەڕەشەی ڕێکاری یاسایییان لێکردوون، ئەمەش فشارێکی زۆری لەسەر ئەو دوو گەنجە هێناوە، پاشان ئەو ژنە گەنجەیان بردووە بۆ بەشێکی دوور لە پارکەکە و بەپێی سکاڵایەک دەستدرێژی کراوەتە سەری.

 

دوای تۆمارکردنی سکاڵا، پۆلیسی دەهلی لێکۆڵینەوەی دەستپێکردو هەر سێ تۆمەتبارەکەی دەستگیرکرد، لەکاتی ئۆپەراسیۆنی پۆلیسدا یەکێک لە تۆمەتبارەکان قاچی برینداربووە، دواتر ئەوانی دیکە ڕاگیراون، تۆمەتباران بە تۆمەتی دەستدرێژی بەکۆمەڵ، پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی تاوان، تۆقاندن و پێشێلکردنی یاسای پاراستنی منداڵان لە تاوانە سێکسییەکان تۆمەتبارکراون.