زانکۆکانی ئەفغانستان بە بەشداری ژمارەیەکی کەمی ژنان دەکرێنەوە

تاڵیبان چەندین کۆت و بەندی بەسەر ژناندا سەپاندووە، بەڵام لە ئێستادا ئاماژە بەوەدەکات کە هیچ ناڕەزاییەکی نییە بۆ پەروەردەکردن و فێرکردنی ژنان و ڕێگە دەدات بە مەرج ژنان بچنەوە زانکۆ.

ناوەندی هەواڵ

 

لە دوای دەستبەسەرداگرتنی ئەفغانستان لە لایەن تاڵیبانەوە سەرەڕای دانانی چەندین مەرج و کۆت و بەند لەسەر ژنان، ژنان لە خوێندن و زانکۆکانیش دوورخرانەوە، بەڵام لە ئێستاداو دوای ٦ مانگ بڕیارە ژمارەیەکی کەم لە ژنان بچنەوە زانکۆ و بەشداری خوێندن بکەن.

 

کاربەدەستان دەڵێن زانکۆکانی پارێزگاکانی لاغمان و نەنگەهار و قەندەهار و نیمروز و فەره و هێلمەند لە دوێنێ ٢ی شوبات کراونەتەوەو گروپێکی بچوکی ژنان کە بە مەرجەکانی تاڵیبان تەواوی جەستەیان داپۆشراوە، چوونەتەوە زانکۆ.

 

شایەتحاڵێک کە بۆ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە شاری جەلال ئاباد قسەی کردوە، کچە خوێندکارێکی بینیوە کە لە ڕێگەی دەرگایەکی جیاوە دەچنە ناو زانکۆی نەنگەهار، یەکێک لە زانکۆکانی گەورەی حکومەت کە ئەم هەفتەیە دەکرێتەوە.

 

زەرڵاشتە حەقماڵ، کە لە زانکۆی نەنگەهار لە زانستە یاسایی و سیاسییەکان دەخوێنێت، وتی: " ئەوە ساتێکی دڵخۆشی ئێمەیە کە پۆلەکانمان دەستی پێکردووە، بەڵام ئێمە هێشتا نیگەرانین لەوەی کە تاڵیبان لەوانەیە دووبارە بیوەستێنێت".

 

مەلیک سەمەدی تەمەن ٢٣  ساڵ خوێندکاری کۆلێژی ماتماتیک وتویەتی: "پێمان وتراوە کە پۆلەکان بەپێی شەریعەتی ئیسلامی بەڕێوەدەبرێت".

 

هەروەها مونسفوڵا، خوێندکاری ئەندازیاری مەدەنی لە زانکۆی هێلمەند، خۆشحاڵی خۆی بە گەڕانەوەی بۆ خوێندن دەربڕی و وتی:"پەروەردە بناغەی وڵاتێکە".

 

بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنەوەی زانکۆ زۆرێک لە خوێندکارە ژنەکان ئامادەنین چونکە کاتێک تاڵیبان دەسەڵاتیان گرتە دەست دوای ڕووخانی حکومەتی سەرۆک ئەشرەفی غەنی، هەڵاتوون بۆ وڵاتانی دەرەوە.