ڕێزان قادر: ژنان لە ڕێگەی یاسا دەتوانن مافەکانیان لە خاوەنکارەکانیان وەردەگرنەوە
ڕێزان قادر، سەرۆکی سەندیکای ڕستن وچنین دەڵێت: سەرەڕای دەستکەوتنی مافەکانیان، ژنان دەتوانن ببنە خاوەنکارێکی بچووک، تا لە ماڵەکان بینەدەرەوەو کار بکەن.
هێلین ئەحمەد
سلیمانی_ ژنان بەردەوام لە هەوڵی بونیادنانی کارێکدان ببێتە داهاتێک بۆیان، بۆیە لە ڕێگەی دەستڕەنگیینییەکانیانەوە تێکۆشان دەکەن، بەشێکیان لە ماڵەکانیان کاری چنین و دەستڕەنگینی ئەنجام دەدەن، بەشێکی دیکەش لە ژنان لە ناو کارگەو کۆمپانیاکاندان، بەڵام هۆشیاری بوون بە ئەندامیان لە سەندیکای ڕستن و چنیندا لە ئاستێکی خراپدایە، بۆیە ریزان قادر، سەرۆکی سە ندیکای ڕستن وچنین، هۆشداری بۆ ئەندابوون لە سەندیکاکەیاندا دەدات، بە ژنان دەڵێت: لە ڕێگەی بوون بە ئەندام لە سەندیکای ڕستن و چنین دەتوانن زیاتر هۆشیاری مافەکانتان بن و خاوەنکارەکانتان نەتوانن توندوتیژی و دەستدرێژیتان بۆسەر ئەنجام بدەن، هەروەها دەتوانن چەندین دەورە بۆ باشترکردنی توانایان ببینن، تا ببنە خاوەنکاری سەربەخۆی خۆیان".
"ژنان لە ڕێگەی ئەندامبوونیان لە سەندیکای ڕستن و چنین دەتوانن بە یاسا پارێزگاری لە خۆیان بکەن"
ڕێزان قادر، سەرۆکی سەندیکای ڕستن وچنین ئاماژەی بەوەکرد، زیاتر لە سێ ساڵە سەرۆکی سەندیکای ڕستن و چنیینە، کەسانی دەستڕەنگین لە کاری دەستی و خواردن ئامادەکردن و کڵاش چنین و چەندین کاری دیکە لە ناو سەندیکاکەدا ناونووس کراون، واتە ژنانی خاوەنکاری بچووک لە ناو سەندیکاکەدا خۆیان ناونووس کردووە، وتی: لە ڕێگەی سەندیکای ڕستن و چنیینەوە، دەتواندرێت سەرجەم کەسانی دەستڕەنگین لەهەر بوارێکدا کاری چنین و هۆنینەوە و خواردن ئامادەکردن بکەن، هەروەها ببنە ئەندام لە سەندیکاکەدا تا بتوانن لە هەر شووێنێکدا کێشەیەکیان لە کارەکانیان یان لە لایەن خاوەن کارەکانیان بۆ دروستبوو، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ڕوو لە سەندیکاکەمان بکەن، بەڵام هاوڵاتیان هۆشیاری تەواویان نییە لە بارەی خۆ ناونووسکردنیان بۆ ئەندامبوون، لە ڕێگەی ئەندامبوونەوە دەتوانین کێشەی کارەکانیان بۆ چارەسەر بکەین، ئێمە چەندین ژنمان لابووە کە لەمۆڵەکان یان کۆگای پۆشاکدا کاریان کردووە، بەڵام ئەندامبوون لە سەندیکای ڕستن و چنیندا، لە ڕێگەی ڕێکەوتن لەگەڵ خاوەنکارەکە یان لە ڕێگەی یاساوە کێشەکانمان چارەسەر کردووە.
" لە ئێستادا زیاتر لە ٦٠٠ کەس ئەندام لە سەندیکای ڕستن و چنین هەن"
ئاماژەی بەوەشدا، لە ڕێگەی بوون بە ئەندام لە سەندیکای ڕستن و چنیندا، ژنان دەتوانن کەسانێک کە لە شوێنی کردا توندوتیژییان بەرامبەر دەکەن ڕووبەڕووی یاسا بکەنەوە، وتیشی: لە ڕێگەی ئەندامبوونەوە ژنان دەتوانن لە سەرجەم کاروو چالاکییەکان و فێستیڤاڵەکان بە بێ بوونی بڕە پارەیەکی دیاریکراو بەرهەمەکانیان بفرۆشن، پاشان لە نەخۆشخانەی سەفینی ناحکومی لە شاری سلێمانی ئەندامەکانمان لە ڕێگەی هەویەی سەندیکاوە دەتوانن چارەسەر وەربگرن، هەروەها ژنان لە ناو سەندیاکای ڕستن و چنینا بە ڕێژەیەکی زۆر ناویان هەیە و کاردەکەن، چونکە ژنان لە کاری چنیندا وردتر و بە ئەزموونانەتر کارەکانیان ئەنجام دەدەن، لە ئێستادا زیاتر لە ٦٠٠ کەس ئەندام لە سەندیکای ڕستن و چنین، هەر هاوڵاتییەک بیەوێت ببێتە ئەندام سەرەتا لە ڕێگەی هەویە کۆنەکەی یان ناسنامەیەک و وێنەیەکی دەتوانێت ببێتە ئەندامێک و ساڵانە هەویەی ئەندامبوونی نوێ بکاتەوە.
لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: داواکارین لە ژنانی دەستڕەنگین ببنە ئەندام لە سەندیکای ڕستن و چنین، تا بتوانن سودمەند بن لە کارو چالاکییەکانمان، لە فێستیڤاڵەکاندا بتوانن بەرهەمەکانیان ساغبکەنەوە، هەروەها لە سەندیکاکەدا بتوانن بەشداری چەندین خولی فێرکاری دروومان و ڕستن و چنین ببن، یان بتوانین هاوکارییان بکەین تا ژنان بزنسێکی بچووک بۆخۆیان دابمەزرێنن، هەروەها لە شوێنی کارەکانیان بە ناسنامەی ئەندامبوونیانەوە پارێزگاری لە خۆیان بکەن.