ڕۆزا مەتینا: پێنووسی ژنانی ڕۆژنامەنووسی کورد لەبەرامبەر تیرۆر و دەستبەسەردا وشک نابێتەوە

لە یەکەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین، ڕۆزا مەتینا پێشەنگی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنوسانی میزۆپۆتامیا یادی سەرجەم ئەو ڕۆژنامەنوسە ژنانەی کردەوە کە شەهید بوون، جەختی لەوە کردەوە، کە پێنووسی هاوکارە تیرۆرکراوەکان بەردەوام دەبێت.

ئارژین دیلەک ئۆنجەل

 

ئامەد- فشارێکی سیستماتیکی لەسەر ڕۆژنامەنوسانی باکووری کوردستان لە سەرەتای دەستپێکردنی ڕۆژنامەگەری کوردی بە دروشمی "دەنگی ڕاستی" بەردەوامە.

 

لە ساڵانی نەوەدەکاندا، سەرەڕای ئەو سەرکوتکردنە توندەی دەوڵەتی تورکیا پراکتیزەی کردبوو، کە بریتی بوو لە هێرشی بۆردوومان، تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوسان و فرۆشیارانی سەر شەقامەکان، داخستنی ڕۆژنامەکان و سەپاندنی سزای زیندان، چاپەمەنیەکی ئازاد توانی خۆی دوپات بکاتەوە و وەک دەنگی ڕاستی ناوی خۆی لە مێژودا تۆمار بکات.

 

بەم شێوەیە هەزاران ژنانی ڕۆژنامەنوسان، چاونەترسانە پەیوەست بوون بە ڕۆژنامەگەری ئازادەوە، سەرپێچیان لە تاریکی ئەو سەردەمە کرد تا دەنگی ڕاستی بن، گوڵستان تارا، ڕۆژنامەنوس لەو ژنانە بوو کە ڕێگای خەباتی ڕاگەیاندنی هەڵبژارد، وەک شەهیدانی تری ڕۆژنامەگەری هەوڵی دەدا دەنگی هاوڵاتی نەبیستراو بێت، بەڵام لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی پیشەی خۆیدا تیرۆر کرا.

 

گوڵستان تارا لە ساڵی ١٩٨٣ لە شاری باتمان (إيليه) لە باکووری کوردستان لەدایک بووە و خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی تەواوکردوە، پاشان لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا دەستی بە چالاکیەکانی ڕۆژنامەگەری ئازاد کردوە.

 

ئەو ژنە کامێراکەی لەسەر دۆکیۆمێنتکردنی پێشێلکاریەکانی دژی کۆمەڵگەی کوردی چڕکردۆتەوە، تاوەکو لە ٢٣ی ئابی ٢٠٢٤ لەگەڵ هاوڕێ ڕۆژنامەنوسەکەی، هێرۆ بەهادین، لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیادا لە ناوچەی سەیدسادقی سەر بە پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان کرانە ئامانج، لە هەمان هێرشدا هەردووکیان کوژراون، ڕۆژنامەنوسێکی دیکەش بریندار بووە.

 

هێرۆ بەهادین تەمەنی ٢٧ ساڵ بوو کاتێک تیرۆر کرا، ئەو خەریکی بەرنامەی جۆراوجۆر بوو بۆ ستێرک تیڤی، لە ڕۆژی تیرۆرکردنیدا لە ڕێگادا بوو بۆ وێنەگرتنی یەکێک لەو بەرنامانە، وەک هەموو ژنە شەهیدەکانی ڕۆژنامەگەری، بە باوەڕێکی قوڵەوە پیشەکەی ئەنجامدا و بە ژیانی خۆی باجی ئەو پیشەیەی دا.

 

لە پرسەی کچەکەیدا، بەهادین عەبدوڵای باوکی، وشەی کاریگەری پێشکەش کرد کە پوختەی ڕادەی ئەو خیانەتەیە کە گەلی کورد ڕوبەڕوی بووەتەوە، وتی: بە پارە و نەوتی ئێمە منداڵەکانمان دەکوژن و شێواندنی ئەم ڕوداوە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، خودی مردنە و شەرمەزاریەکی گەورەیە، هێرشەکان هەموو سنوورەکانیان بەزاندوە و زۆرێکیان هاوشێوەی کچەکەم کوژراون، وە تیشکی خستە سەر ئەو ڕاستیە پڕ لە ئازارەی کە ڕوبەڕوی گەلی کورد بووەتەوە.

 

لە یەکەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین، ڕۆزا مەتینا، پێشەنگی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنوسانی میزۆپۆتامیا (مەکەگە)، یادی کردنەوە، جەختی لەوە کردەوە: کە خەباتی ئەوان درێژکراوەی خەباتی هەموو ژنە ڕۆژنامەنوسەکانە، گوڵستان تارا بە یەکێک لە نمونە دیارەکانی خەباتی ژنان و هێمای ڕۆژنامەگەریی ئازاد پێناسە دەکات.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە گوڵستان تارا نمونەی خەبات و ئیرادە بووە، بەبێ ئەوەی پاشەکشە بکات، وەک ژن و ڕۆژنامەنوسێک ڕوبەڕوی سەختترین بارودۆخ بووەتەوە، وتی: ئەو بەشێک بووە لە ڕۆژنامەگەری ئازاد، کە مێژووەکەی پەیوەستە بە خەبات و بەرخۆدان، ئەو ڕۆژنامەنوسانەی لەم بوارەدا کاردەکەن هەرگیز کڕنۆشیان بۆ ڕژێمەکان دانەناوە، گوڵستان تاراش لەنێو ئەو کەسانەدا بوو کە سەرەڕای هەموو ئاڵەنگاریەکان ڕاستیەکانی ئاشکرا کرد.

 

ڕونیشیکردەوە، لە ئەنجامی تیشک خستنە سەر سیاسەتە سیستماتیکیەکانی هەرێمی کوردستان کراوەتە ئامانج، وتی: ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا دەستیپێکرد، بە پلەی یەکەم ئامانجیان پەردەپۆشکردنی سیاسەتەکانیان بوو لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی ئەوانەی کە پەیوەندییان بە ناوچەکەوە هەبوو، ڕۆژنامەنوسان ئاماژەیان بە سیاسەتەکانی هەردوو دەوڵەتی تورکیا و حکومەتی هەرێم دەکرد، هەر بۆیەش بوونە ئامانجی ڕاستەوخۆ.

 

ڕۆزا مەتینا ئاماژەی بەوەدا: کە هێرۆ بەهادین  لەگەڵ گوڵستان تارا تیرۆر کرا و جیهان بیلگین کە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کوژرا، لەو ڕۆژنامەنوسانە بوون کە تاوانەکانی جەنگیان ئاشکرا کرد، جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم ژنانە ملکەچی دەسەڵات و چەوساندنەوە نەبوون و بەردەوام بوون لە جێبەجێکردنی ئەرکی پیشەی خۆیان، قەڵەمەکانیان نەکەوتوە و کرێکارانی چاپەمەنی ئازاد بەردەوامن لە شوێنکەوتنی شوێنپێی ئەوان، گوڵستان تارا لە یادەوەری ڕۆژنامەگەری ئازاددا ئامادە دەمێنێتەوە، نەک تەنها بەهۆی شێوازی تیرۆرکردنی، بەڵکو بەهۆی خەبات و باوەڕو و بەرخۆدانەوە، ئەو ڕۆژنامەنووسێکە هەمیشە وەک ژنێکی تێکۆشەر یادی دەکرێتەوە کە جێپەنجەیەکی لەبیرنەکراوی بەجێهێشتووە.

 

ڕۆزا مەتینا ڕونیشیکردەوە، کە یەکڕیزی ڕۆژنامەنوسانی کورد نوێنەرایەتی وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆیە بۆ ئەو گروپانەی کە دەیانکەنە ئامانج، ڕۆژنامەنوسانی کورد لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی کوردستان ڕوبەڕوی ئاڵەنگاری هاوشێوە دەبنەوە، لە گرتن و تیرۆرکردنەوە تا دەگاتە هەڕەشەی بەردەوام، وتی: لە باکووری کوردستان ڕۆژنامەنوسانی کورد ناتوانن لە ژینگەیەکی ئازاددا پیشەکەیان پراکتیزە بکەن، لە هەرێمی کوردستان و هەروەها لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دۆخەکە وەک خۆیەتی، لە ئەنجامی سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیا ڕۆژنامەنوسان دەکوژرێن، لە کاتێکدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆژنامەنوسان لە سێدارە دەدرێن، مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامەنوسانی کورد لەلایەن ڕژێم و دەوڵەتەکانەوە لە سەرانسەری چوار پارچەی کوردستاندا وەک خۆی ماوەتەوە ڕیزەکانی ڕۆژنامەنوسانی کورد لەم ناوچانەدا گرنگیەکی ئەوتۆی هەیە و خۆی لە خۆیدا پەیامێکی بەهێز بۆ ئەو لایەنانە پێکدەهێنێت کە هێرش دەکەنە سەریان.

 

سەبارەت بەو فشارانەی کە ژنانی ڕۆژنامەنوسان ڕوبەڕوی دەبنەوە، ڕۆزا مەتینا جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم پراکتیزە سەرکوتگەرانە جیاواز نین لەو سیاسەتە ژنکوژانەی کە دەسەڵاتداران پەیڕەوی لێدەکەن، لە تورکیا سیاسەتێکی سیستماتیک دژ بە ژنان پراکتیزە دەکرێت، بەڵام ئێمە وەک ژنانی ڕۆژنامەنوسانی کورد خەباتێکی بەرفراوان لە دژی ئەو سیاسەتانە ئەنجام دەدەین، وتی: ئێمە تەنها خەباتی ژنان ناکەین، بەڵکو هەڵگری میراسی هاوکارەکانمانین کە بە گیانیان بجی ڕآستیان داوە، وەک گوڵستان، هێرۆ، جیهان، دەنیز، نوژیان، گوربەتلی، کۆمەڵەکەمان بۆ پاراستنی ئەم میراسە و ڕێکخستنەوەی خۆمان دەستیپێکرد، ئامانجی ئێمە تەنها لە پتەوکردنی هاودەنگی نێوان ڕۆژنامەنوسانی کورددا سنووردار نییە، بەڵکو لە یەکخستنی خەباتی ژنانی ڕۆژنامەنوسان لە سەرانسەری جیهاندایە، لە ڕێگەی ئەم خەباتە هاوبەشەوە دەتوانین ڕوبەڕوی هێرشەکان ببینەوە و سووڕی ستەمکاری بشکێنین.

 

ڕۆزا مەتینا لە کۆتایی قسەکانیدا، ڕونیکردەوە کە ژنانی ڕۆژنامەنووسی کورد لە لایەک تیرۆر دەکرێن و لە لایەکی دیکەشەوە توشی دەستبەسەرکردن و لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە دەبن، ئەوان لە چوارچێوەی خولێکی سەرکوتی دادوەریدا گیریان خواردوە سەرەڕای ئەو قوربانیدانانەی کە داویانە، بەڕاستی ئێمە پاشەکشە ناکەین، ئەوانن کە دەیانەوێت لە ڕێگەی کوشتن و دەستگیرکردنەوە پەیامێکمان بۆ بنێرن، ئێمەش بە قەڵەمەکانمان وەڵامیان دەدەینەوە، دۆسیە و لێکۆڵینەوەکان وەک ئامرازێک بۆ تۆقاندنی ژنانی ڕۆژنامەنوسان بەکاردەهێنرێن، هەروەها وەک ئامرازێک بۆ فشار و ئەشکەنجەدان، بەڵام ئێمە هەمیشە بەردەوام دەبین لە وتنی قسەی خۆمان.