ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت: لە نا سەقامگیری کارەوە بۆ سەربەخۆیی و شکاندنی چەشنە کۆنەپەرستانەکان
لێکۆڵینەوەکەی شیرین ئەحمەدنیا لە سەر ئەزموونە ژیاوەکانی ١٥ ژنی خاوەن پێداویستی تایبەت لە بازاڕی نافەرمی کاری دەریدەخات کە سەرەڕای نا سەقامگیری ئابووری و نەبوونی پاڵپشتی کۆمەڵایەتی، دەتوانێ بنەمایەک بۆ سەربەخۆیی تاکەکەس دابین بکات.
ناوەندی هەواڵ
ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەیەک لەبارەی ئەزموونی ژنانی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە بازاری کاردا نیشان دەدەن، کە هەرچەندە کارکردن داهات و ئاستێک لە سەربەخۆیی بۆ ئەم ژنانە دابین دەکات، بەڵام ئەوان ڕووبەڕووی نەبوونی سەقامگیری کار، نەبوونی پارێزراوی کۆمەڵایەتی و ڕێگریی سیستەماتیک دەبنەوە، بەپێی لێکۆڵینەوەکە، هەندێک لەم ژنانە لەسەر بنەمای سەربەخۆیی ئابووری و متمانەبەخۆبوون کە لە ڕێگەی کارەکانیانەوە بەدەستی دەهێنن، دژایەتیی قالبە دامەزراوەکانی سەر ژنبوون و ڕۆڵە ڕەگەزییە نەریتییەکان دەکەن.
ئەم لێکۆڵینەوەیە بە چاودێری و بەشداریی شیرین ئەحمەدنیا، سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمەڵناسیی ئێران ئەنجام درا، لێکۆڵینەوەکە لەبارەی ئەزموونی ژیانی ١٥ ژنی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە هەشت پارێزگای جیاوازی ئێراندا ئەنجام درا، ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە لە پەیمانگای لێکۆڵینەوەکانی کولتوور و هونەر و ڕاگەیاندن، لە دانیشتنێکدا بە ناونیشانی "ئەزموونی ژیانی ژنانی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە کارە نافەرمییەکاندا" پێشکەش کرا، لە چالاکییەکەدا، سیمین کازمی، پزیشک و توێژەری کۆمەڵایەتی و کامران ئارڤان، مامۆستای زانکۆ و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری (CEO)ی کۆمەڵەی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەتی ئێران قسەیان کرد.
"ژنان هەوڵ دەدەن پێداویستییەکانیان دابین بکەن"
شیرین ئەحمەدنیا، سەرنجی خستە سەر ڕەگەزی کۆمەڵایەتی، پەککەوتن و نەبوونی یەکسانیی ئابووری و ڕایگەیاند، کە سنووردارکردنەکانی بازاری کارە ڕەسمییەکان بۆ ژنان، لەگەڵ ڕێگرییە پەیوەندیدارەکان بە پێداویستییە تایبەتەکانەوە، گەیشتن بە دەرفەتەکانی کار بۆ ئەم چینە قورستەر دەکات و وتی: هەرچەندە کارە ناڕەسمییەکان لە ڕووی کات و شێوازەکانی کارەوە نەرمونیانێک پێشکەش دەکەن و وا دەکەن ژنان هەندێک لە پێداویستییە بنەڕەتییەکانی ژیانیان دابین بکەن، بەڵام لە هەمان کاتدا زیاننت جددیی وەک نەڕێکیی داهات، نەبوونی بیمە و نەبوونی مافە کۆمەڵایەتییەکانی وەک خانەنشینی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت و هەموو داهاتووی پیشەیییان نادیار دەکات، ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە نیشانی دەدەن کە پاڵنەرەکانی پشت چوونەناوەوەی ئەم ژنانە بۆ بازاری کارە نافەرمییەکان ئەمانەن: بەدەستهێنانی سەربەخۆیی دارایی لە دەوروبەریان، پاراستنی شۆمەندی و ڕێزگرتنیان، فراوانکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان، زیادکردنی بەشدارییان لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا و دۆزینەوەی ئامانجێکی نوێ لە ژیاندا، لەگەڵ ئەوەشدا، دۆخی ئابووری بەشداربووان زۆر جیاوازە، لە ژنانی هەژارییەوە دەست پێدەکات تا ئەوانەی خاوەنی بزنس و دامەزراوەی خۆیان نین.
"ئەو ژنانەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە لە ماڵەوە کار دەکەن"
شیرین ئەحمەدنیا ڕایگەیاند، کە بەشێکی گرنگی ئەو ژنانەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە لە ماڵەوە کار دەکەن و وتی: بۆ ئەوان، ماڵ وەک مەیدانێکی کارکردنی دەستگەیشتوو کار دەکات و زۆرجار وا دەکات بتوانن شوێنەکە بەپێی پێداویستییە فیزیکییە تایبەتەکانی خۆیان بگونجێنن، بەڵام کارکردن لە ماڵەوە دەتوانێت هێڵەکانی نێوان چالاکیی ئابووری، بەرپرسیارەتییەکانی چاودێری و کارەکانی ماڵ ناتەواو یان تێکەڵ بکات، لە هەندێک بارودۆخدا دەتوانێت ئامادەیی ئەم ژنانە لە مەیدانی گشتییدا زیاتر سنووردار بکات، ئەم ژنانە بۆ بەردەوامیدان بە چالاکییە پیشەیییەکانیان ناچارن خۆیان لەگەڵ مەرجە هەمیشە گۆڕاوەکاندا بگونجێنن، سەرهەڵدانی هەندێک کێشەی تەندروستیی جەستەی هەندێک لە بەشداربووانی ناچار کردووە کە کارەکەیان بگۆڕن یان بەدوای ڕێگەی نوێدا بگەرێن بۆ دەستکەوتنی داهات، لە ناو ئەم مەرجانەدا، بەکارهێنانی ئەزموون، لێهاتوویی و کارامەییی کەسیی خۆیان، دەبێتە ڕێگەیەک بۆ بەردەوامیدان بە چالاکیی ئابووری.
تۆڕە دیجیتاڵییەکان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن
خزمەتگوزاری و تۆڕە دیجیتاڵییەکان ڕۆڵێکی گرنگ لە یارمەتیدانی ئەم ژنانەدا دەگێڕن بۆ گەیشتن بە کڕیاران و دەرفەتەکانی کار، هەندێکیان پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەکانیان پەرە پێ بدەن و بازرگانییەکانیان گەورە بکەن، هەروەک شیرین ئەحمەدنیا دەستنیشانی کرد، لەوانەیە ئەم سەرچاوانە لە کاتی قەیران یان پچڕانی ئینترنتدا بەردەست نەبن، سەرەڕای ئەم سنووردارکردنانە، هەروەها گواستنەوەی خراپ و سەختیی گەیشتن بە شوێنە گشتییەکانیان وەک بەربەست هێنایە زمان، وتی: جێبەجێنەکردنی پشکی (کۆتای) دامەزراندنی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت بە ڕێژەی لە ٣٪ لە کەرتە فەرمییەکاندا، بابەتیێکی تری گرنگە کە لە هەڵسەنگاندنی ژناندا دەرکەوتووە، هەرچەندە جاروبار پشتگیریی چالاکیی ئابووریی ژنان دەکات، بەڵام خێزان دەتوانێت ببێتە ڕێگر لە بەردەم سەربەخۆیییاندا، پشتگیریی خێزان ناتوانێت جێگەی گەیشتن بە مافە کۆمەڵایەتییەکان و پاراستنی یاسایی بگرێتەوە.
دەرکەوتن لە دژی قالبە ڕەگەزییەکان
یەکێک لەو ئەنجامانەی لەم لێکۆڵینەوەیەدا پێشکەش کراون، گۆڕانکارییە لە تێڕوانینی هەندێک لە ژنانی بەشداربوو بەرامبەر بە ڕۆڵە ڕەگەزییە نەریتییەکان، بە تایبەتی سەبارەت بە هاوسەرگیری، شیرین ئیحمەدنیا ئاماژەی بەوەدا، کە بەشێک لەو ژنانەی بەتەنها یان جیابوونەتەوە لە توێژینەوەکەدا بوون، نەیانویستووە هاوسەرگیری بکەن، هەرچەندە پیاوێک هەبوون کە هاسەرگێریان لەگەڵدا بکات، ئەم بڕیارەیانداوە لە ژێر کاریگەری سەربەخۆیی دارایی و ئەو متمانە بەخۆبوونەی کە لە ڕێگەی پیشەکانیانەوە بەدەستیان هێنابوو، ئەم ئەزموونە ئەو تێگەیشتنە بەربڵاوە دەخاتە ژێر پرسیارەوە کە هاوسەرگیری دەبێت بەردی بناغەی ناسنامە و ژن بێت.
لەگەڵ ئەمەشدا، لێکۆڵینەوەکان نیشانی دەدەن کە ئەزموونی ئەم ژنانە یەکڕەنگ نییە، هەندێک لەوانیش بەردەوامن لە پابەندبوون بە ڕۆڵە سەرچاوەییەکان، هەندێکی تریش باوەڕیان وایە کە ڕەتکردنەوەی ئەم ڕۆڵانە بە واتای کەموکوڕییەکی کەسی یان شکست لە ژیاندا نییە، لەم ڕوانگەیەوە ژیانی کارکردن تەنها سەرچاوەی داهات نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا فاکتەرێکە کە کاریگەری لەسەر شێوازی پێناسەکردنییانی ئەم ژنانە، چۆنیەتی شێوەپێدانی پەیوەندییە خێزانییەکانیان و چۆنیەتی هەڵبژاردنە کەسییەکانیان دەبێت.
شیرین ئەحمەدنیا، لە چەمکی :دروستکردنی کۆمەڵایەتیی پێداویستییە تایبەتەکان” دەستی پێکرد و ڕایگەیاند، کە ئەو سنووردارکردنانەی ئەم ژنانە ڕووبەڕوویان دەبنەوە، تەنها لە دۆخی جەستەیییانەوە سەرچاوە ناگرن، بەڵکو لە هەڵسوکەوتی جیاکارانە، قاڵبە کۆمەڵایەتییەکان و ناوچە تێنەگەیشتووەکانیشەوە دەردەکەون، لەبەر ئەوە بەربەستە شارستانییەکان، بژاردەکانی گواستنەوەی نادروست و نەبوونی دەرفەتی یەکسان دەکرێت ئەو بارودۆخانە دروست بکەن کە بەشداریی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووریدا سنووردار دەکەن.
ژنانی خاوەن پێداویستیی تایبەت، ڕەگەز و سیستەمی ئابووری
لەم دانیشتنەدا، سیمین کازمی، ڕوانگەکانی شارەزای بواری کارەکانی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت ”جێنی مۆریس”ی بیرهێناوە، جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە خۆ بپارێزین لەو نزیکبوونەوەیەی کە ژنانی خاوەن پێداویستیی تایبەت تەنها وەکو ئامانج یان وەگرێکی پاسیڤی پشتگیری دەبینێت، وتی: دەبێت ئەم ژنانە وەکو کەسی سەربەخۆ و ئەکتەری چالاک بناسرێن، کە نەک هەر ئەرکە کەسی و خێزانییەکانی خۆیان بەڕێوە دەبەن، بەڵکو بۆ تێپەڕاندنی بەربەستە کۆمەڵایەتییەکانیش ڕوشوێن دەگرنەبەر.
سیمین کازمی ئەوەی خستەڕوو کە هەر لێکۆڵینەوەیەک لەسەر دۆخی کاری ژنانی خاوەن پێداویستیی تایبەت تەواو نابێت، تاوەکو سیستەمە ئابوورییەکانیان و شێوازەکانی ڕێکخستنی هێزی کار لەبەر چاو نەگرێت، فراوانبوونی کەرتی خزمەتگوزاری و زۆرتربوونی شێوازەکانی کاری ناسەقامگیری و بێپشتیوان، هەروەها ژنانی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە هەمان کاتدا دەکرێت ڕووبەڕووی جیاکاری لەسەر بنەمای ڕەگەز، بەربەستەکانی پەیوەندیدار بە کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و بێبەشبوونی ئابووری ببنەوە، ئەمەش چوارڕێیانێکی ئاڵۆزە کە زۆر جار لە لێکۆڵینەوە ئاکادیمییەکان و کاری داکۆکیکاریی کۆمەڵایەتیدا نابینرێت.
لێکۆڵینەوەکە لەسەر ١٥ ژن ئەنجام دراوە
لێکۆڵینەوەکە سەرنج دەخاتە سەر ڕاستییەکی دووانەیی: کاری نافەرمی دەکرێت بۆ ژنانی خاوەن پێداویستیی تایبەت ببێتە ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی، داهات و دووبارە پیناسەکردنی ناسنامەکانیان، بەڵام لە نەبوونی سەقامگیرییەتی کار، پاراستنی کۆمەڵایەتی، ناوچەی دەستپێگەیشتوو و دەرفەتی یەکساندا، ئەم سەربەخۆیییە زۆر لاواز دەمێنێتەوە.
ئەنجامی ئەم لێکۆڵینەوەیە کە بە بەشداریی ١٥ ژن لە هەشت پارێزگای جیاواز ئەنجام دراوە، ناتوانرێت بۆ هەموو ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە ئێران گشتگیر بکرێت،
بەڵام گێڕانەوەی کەسیی بەشداربووان تیشک دەخاتە سەر پێویستی بەپەلە بۆ لابردنی بەربەستە سیستماتیکییەکانی بەردەم دامەزراندن و دانپێدانانی ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت وەک خاوەن ماف و ئەکتەرە کۆمەڵایەتییە سەربەخۆکان.